کاردانەوەی ئەدیبانی ڕوس لەسەر خەڵاتی نۆبڵی سڤێتڵانا ٢٠١٥
وەرگێڕانی: ئەحمەد ڕەزا

هەفتانەی ئەدەبیی " لیتیرانۆرنایا گازیتا"ی ڕوسیی لە ژمارەی ڕۆژی ١٤- ٢٠/ ١٠/ ٢٠١٥ دا، ڕای پێنج نوسەری ڕوسیی لەسەر بەخشینی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵ بۆ ژنە بیلاڕوسیی " سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ " بڵاوکردەوە کە بە ڕوسیی دەنوسێت.

ئەو ڕایانەی لێرەدا بڵاودەبنەوە، بە هەرجۆرێک بێت، گوزارشت لە هەڵوێستی گشتیی ڕۆژنامەکەو ڕای زۆر کەس دەکات لە ناوەندی ئەدەبیی ڕوسیا لەسەر خەڵاتی نۆبڵ:


سێرگی یەسین:
بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ ڕەوای حەق بوو، تەنها لەو لایەنەوە کە بە ڕوسیی دەنوسێت.. بە دڵنیاییەوە هەر شتێک پەیوەندی بە خەڵاتی نۆبڵەوە هەبێت، بەدەر نییە لە ڕەوتە سیاسییەکە، یان وردتر بڵێم، تەنها ڕەوتێکی سیاسیی هەیەو هیچیتر. تەنانەت من بیرم نایەت چ کاتێک بەرهەمی هونەریی لەو خەڵاتەدا لەبەرچاو گیراوە. باسترناک لەبەر داهێنانە شیعرییەکانی پێیان نەبەخشی، بەڵکو لەبەر ڕۆمانە ناوەندییەکەی.. شۆلۆخۆف دوای هەوڵێکی بێوچانی وڵاتی سۆڤیەت لەو کاتەدا پێی بەخشرا.. پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە سەرجەم خەڵاتە ئەدەبییەکانی ڕوسیاش کە لێرە دەدرێن، هەمان ئەو لایەنگیرییەی تیایە کە لە خەڵاتی نۆبڵدا هەیە.

ڤالێری کازاکۆف:
سەرەتا پیرۆزبایی لە سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ دەکەم، من وایدادەنێم ئەمە بۆ یەکەمین جارە ئەم خەڵاتە بگاتە نوسەرە سڵاڤییەکان، دەتوانین بە شێوەیەکی جیاواز بیروباوەڕەکان دەربارەی ئەم خەڵاتە هەڵبسەنگێنین.. بەڵام ناکرێ دان بە دادپەروەریی هەڵبژاردنی لیژنەکەی خەڵاتی نۆبڵدا نەنێین.

ئەلکسێڤیچ بە بەردەوامیی نوسەری وتارە ڕۆژنامەوانییە ناخۆشەکانە، هەرچییەکیشی نووسیبێت لە کاتی خۆیدا نەبووە، بەڵام کتێب و نوسینەکانی بەردەوام ڕاستیی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستی بۆ ڕاستی دەگۆڕێت. لای بۆنداریڤ و لە " سەهۆڵی گەرم " دا.. لای بیکۆفیش لە " مانەوە تا دەمەو بەیان" ... لای سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ و ئیڤانۆف و هەتا دوایی...

دوو دید هەیە بۆ هەمان ڕووداو و هەمان جەنگ... بەڵام بە بڕوای من بەهۆی کتێبەکانی ئەلکسێڤیچەوە زۆرشت لە ژیاندا گۆڕان، ئەو ڕاستییەکی زۆری خستەڕوو، کە لە شەقامەکانەوە گواستییەوەو بە خوێنەری گەیاند.

محەمەد ئەحمەدۆف ( سەرۆکی ئەدیبانی داغستان):
زۆر ئەدیبی مەزنی ڕوس هەن، لە پێناوی نرخی بازاڕدا ناپاکییان لە خۆیان و وڵاتەکەیان نەکرد، نە بە وشەو نە بە کردەوە، ئەوانە خەڵاتی نۆبڵیان وەرنەگرت. لە پێشوودا زۆرشت لە بەرژەوەندیی سیاسەتدا کرا، ئێستەش هەمان شت ڕوو دەدات. ئەلکسێڤیچ شوێنێکی گونجاوی لە کاتێکی گونجاودا گرت. ئەو ژنە دژی ڕوسیایە... لەبەر ئەم هۆیە خەڵاتەکەیان پێ بەخشی.. زۆرکەس لە سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ باشتریان نوسی بە زمانی ڕوسی.. بەڵام نە ڤاسیلی بیکۆفی بیلاڕوسیی و نە ڤالەنتین ڕاسپۆتینی ڕوسیی و نە جەنگیز ئیتماتۆفی کارگیزیی، هیچیان بەدەستیان نەهێنا، بەداخەوە.

ڤلادیمیر لیگۆتین:
سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ لە ناوەندی ئەدەبیدا کار دەکات، شوێنێکی مام ناوەندیشی گرتووە لە بواری کارەکەیدا، نوسەری وتارو لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانیشە.. وەک لە خەیاڵم بێ بەرهەمێکی هونەریی پوختی نییە. خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشی پێش هەموو شتێک لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر بە ڕوسیا هەیە.. لەمێژووی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵدا نمونەی هاوشێوەی سیاسیی تر زۆرن. ئەگەر بە مانای وشە قسە لەسەر ئەدەب بکەین، ئایا دەکرێت سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ و پۆنین و برۆدسکی لە یەک ئاستدا بن؟ ئەو دووە خەڵاتیان پێدرا؟ ئەی ئایا نمونەیەکی شیاوترمان نییە بۆ خەڵاتەکە وەک ڤالەنتین ڕاسپۆتین کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا کۆچی دوایی کرد؟ 

سێرگی شارگۆنۆف:
سڤێتلانا ئەلکسێڤیچ نوسەرێکی ڕاگەیاندنکارو ڕۆژنامەوانێکی بلیمەتە. چێژی زۆر لەو کتێبەی وەرزی ئەمساڵی وەردەگرم " شەڕ ڕوویەکی ژنانەی نییە" کە ئەو نوسیبووی یان ئەوانیتری.. چیرۆکی تراژیدیای مرۆڤایەتی بە ناوی قوربانییەوە دەگێڕرێتەوە- ئەوە ئەدەبێکی درەوشاوەیە بە بێ هیچ سەرکێشیەک بۆ شکست. لە هەمانکاتدا هەستێک هەیە بە خەوشی سیاسیی- لەم ماوەیەی دواییدا ئەم ژنە نوسەرە بە هەڵوێستی توندوتیژی بەرامبەر بە کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵات و سەرۆکایەتی بیلاڕوسیادا جیادەکرایەوە، کە تۆمەتباری دەکردن بە داگیرکردنی قرم و لەم جۆرە نوسینە.. ئێمە ئەدیبی زیندوو و پێشەنگی مامۆستایانمان هەن لە بواری داهێنانی ئەدەبیدا وەک- ئەسکەندەر، ئۆو، بیتۆف. بە دڵنیاییەوە ئەمان باشترینن بۆ نۆبڵ بپاڵێورانایە. ڤالەنتین ڕاسپۆتین کە پێش ماویەک کۆچی دووایی کرد، شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بوو، ئەم نوسەرە هەر بە بیریشیدا نەدەهات ناوی نزیک بکەوێتەوە لە لیستی ئەو خەڵاتە، بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەڵوێستی دژایەتی کردنی خۆی بەرامبەر بە ڕوسیا نەدەشاردەوە.
PM:01:58:14/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 2457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064