جەلالی میرزا كەریم
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا

جەلالی میرزا كەریم شاعیرێكی دیارو نوێخوازی كوردستانە‌و شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوەی شیعری كوردی لەرووی زمان‌و ناوەرۆك‌و شێوەوە دیارەو یەكێكە لە شاعیرە پێشەنگ‌و هەڵسوڕاوەكانی بزووتنەوەی نوێخوازی روانگەی ساڵی 1970.

ئەم شاعیرە پایەبەرزە لەساڵی 1935 لەخێزانێكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانی لەدایك بووە.قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە.

جەلالی میرزا كەریم لەتافی لاویدا تێكەڵاوی بزووتنەوەی سیاسی بوو، سەرەتا بەخەباتی قوتابیان لەساڵی 1955دەستی پێكرد‌و كادرێكی چالاكی یەكێتیی گشتیی قوتابیانی عیراق بوو ‌و لەدوای شۆڕشی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1958 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا گۆڤاری(هیوای كوردستان)ی ئۆرگانی قوتابیانیان دەركرد.

بەهۆی هەڵوێستە سیاسی‌و بیرو بۆچوونە پێشكەوتنخوازەكانیەوە رووبەرووی راونان‌و زیندانی‌و ئەشكەنجە بۆتەوە.ئەم شاعیرە ناسراوە هاوشانی خەباتی سیاسی لەبواری ئەدەبیشدا خزمەتی كردووە‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبیە.

جەلالی میرزا كەریم لەسەرەتای ژیانی ئەدەبیدا زۆر بەگۆرانی شاعیر سەرسام بووە‌و لەژێر كاریگەری ئەودا شیعرەكانی نوسیوە.
دواتر بووە بەخاوەنی رێچكە‌و دەنگ‌و ستایلی شیعری تایبەت بەخۆی‌و لەگەڵ (حسێن عارف‌و شێركۆ بێكەس‌و كاكە مەم بۆتانی‌و جەمال شارباژێڕی‌) لەساڵی 1970 وەرچەرخانێكی گەورەیان لەبواری شیعردا كردو بزووتنەوەی نوێخوازی (روانگە)یان راگەیاند كەتەوژمێكی گەورەی بەنوێكردنەوەی ئه‌ده‌ب و شیعری كوردی بەخشی.

ئەم شاعیرە گەورەیە لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول چووە دەرەوەی وڵات‌و لەوڵاتی ئەمریكا گیرسایەوە‌و تا ساڵی لە1991وڵاتی غەریبی مایەوە‌و دواتر گەڕایەوە كوردستانی ئازادكراو.

خاوەنی چەند بەرهەمێكی بەپێزی ئەدەبیە لەوانە(كۆمەڵە هۆنراوەی (الولادە) بەزمانی عەرەبی، نامیلكەی چرپەی ژانێكی نقوم بوو، دیوانی رێگا دوورەكانی چاومان).

پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات بەڕێوەبەری رادیۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.بەداخەوە ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە لە شەوی 13/14ی كانوونی دووەمی 1993 لەشاری هەولێر بەنەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد‌و لەشاری سلێمانی زێدی خۆی بەخاك سپێردرا.
درود بۆ گیانی پاكی جەلالی میرزا كەریم شاعیرو كوردپەروەر.
PM:07:29:30/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064