ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
ئەگەرچی شوكروڵڵای بابان لەرێی خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی كورد بەدەنگە بەسۆزو ئەفسوناوییەكەی لەبەرنامەی هەوارگەی دڵانی رادیۆی كوردی كرماشان وەك بێژەرێك لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا ناسرا.بەڵام ئەو بەتەنها بێژە نەبوو، بەڵكو شاعیرو وەرگێڕو نوسەرێكی شارەزاو بەئەزموونیش بوو.
لەرێی بەرهەمەكانییەوە خزمەتێكی گەورەی بە رەوتی رۆشنبیری كوردستان بەگشتیوخۆرهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی كرد.
شوكروڵڵا لەساڵی 1923 لەشاری سنە لەدایك بووەو هەرلەوشارە قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووەو دواتر چۆتە تارانو لەوێ خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە.
ساڵی 1958 چۆتە رادیۆی تارانو لەوێ وەك بێژەری بەشی كوردی دامەزراوەو دواتر بووە بەبەڕێوەبەری ئەو بەشە.
پاشان چۆتە رادیۆی كوردی كرماشانو تاساڵی 1969 وەك بەرێوەبەرو بێژەر كاری كردووە.لەساڵانی 1959 تا 1963 هاوكاری دەركردنی رۆژنامەی كوردستانی لە تاران كردووە.
شوكروڵڵای بابان وەك نوسەرو زمانناس خزمەتی ئەدەبو رێزمانو مێژووی كوردی كردووەو سێ كتێبی بەنرخی لەو بوارانەدا بەچاپ گەیاندووە كەئەمانەن(سەلاحەدینی ئەیوبی پاڵەوانی كورد، گوڵزاری كوردستان، فەرهەنگی زمانەوانی فارسی- كوردی).
ئەم كەسایەتییە روناكبیرەی كورد پاش نزیكەی نیو سەدە لە خزمەتكردنی كایەكانی ئەدەبیو رۆشنبیری لە16-11-2012 لەتەمەنی 89 ساڵیدا لەشاری تاران كۆچی دوایی كردو لەبەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بەخاك سپێردرا.درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی.
ئهم بابهته 1945
جار خوێنراوهتهوه