ئامادەكردنی – سۆزان عومەر و لانه كاشان
هونەرمەندو دەرهێنەری ناسراوی كورد(حسێن میسری) بەیەكێك لەئەكتەرو دەرهێنەرە سەركەوتووەكانی كورد هەژمار دەكرێت لەبواری شانۆو درامای تەلەفزیۆنیداو هەر لەم بوارەشدا خاوەنی چەندین بەرهەمە، دیارترینیان ئەو دراما تەلەفزیۆنیانە بوون كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشكەش بینەرانی كوردی كردووە..
حسێن رەحیم محەمەد ئەمین ناسراو بە حسێن میسری، ساڵی 1957 لە گەڕەكی شوان لە شاری كەركوك لەدایكبووە.
لەبەر باری سیاسی و ئابوری خێزانەكەیان نەیتوانیوە بخوێنێت، بۆیە خۆی فێری
نووسین و خوێندنەوە كردووەو لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بووەتە خوێنەرێكی زۆر
باشی دەقە شانۆییە عەرەبی و بیانییەكان، زمانی عەرەبی، توركی، هیندی بەباشی
زانیوە.
لە دوای دروستبوونی (خاك TV) حسێن میسری بووە دامەزرێنەری بەشی درامای خاك و لێپرسراوی بەشەكەو چەندین هونەرمەندی گەورەو گەنجی لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، كەركوك، كەلار، هەڵەبجە لەخۆگرت و یەكەمین هونەرمەندی كوردە كە خاوەنی (21) كورتە دراماو نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی (8) درامای درێژ بێت.
دوای كۆچی دوایی ناوەختی ئەم ئەستێرە گەشەی بواری دراماو شانۆی كوردی ئەم كەسایەتیانە بەم شێوەیە دەربارەی هونەرمەندی كۆچكردوو حسێن میسری دوواوون:
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەبارەت بە حسێن میسری دەڵێت:" كارەكانی حسێن هەمیشە بە كەمترین پارەو جوانترین شێوە تەواو ئەبوون حسێن زۆر تایبەت بوو حسێنبوو لە رێزگرتنیا، بۆ كات حسێن لە دڵسوزیان بۆ ئیشی خۆی حسێن بوو، جلوبەرگی حسێنانە بوو خۆشەویستی بۆ چیمەن و یارۆ حسێنانەبوو ،لە خۆشەویستیانە بۆ ئامێری دەف حسێن بوو، حسێنانە شانۆی هێنایە سەر شەقام یەكەم كەس بوو شانۆی ئەنفالی لەسەر شەقامەكانی سلێمانی نمایش كرد ،لەزۆربەی یادە خەمبارەكانا بەشاكارە حسێنیانەكەی سەرسامی ئەكردین ورەی بەرزئەكردینەوە، حسێنەكان لەم سەردەمەی ئێمەدا زۆرن و زۆربەشیان مرۆڤی باشن بەڵام بەخوا حسێنەكەی خاك زۆر تابیەت بوو حسێن مسیری هەرخۆی بوو ولە مۆدیلەی ئەو دووبارەبوەنەوەی لەم سەردەمەدا سەختە هەرچەندە لای خوای گەورە هیچ شتێك سەخت نییە بەڵام بەخواحسێنەكەی ئێمە حسێن بوو".
چیمەن ئیسماعیل هاوسەری حسێن میسری دەڵێت:" بێگومان ماوەی چەند ساڵێكە، تووشی خەمێكی زۆر گەورە بووم كە خەمێكی ئیلاهییە وقەدەرێكە كە لەدەستی مندا نییە ئەویش جیابوونەوەی جەستەی حسێن میسریە لەجەستەی من لەژیاندا، بۆیە دەڵێم جەستە چونكە تاكو ئێستا حسێن بە روح لەگەڵم ماوە بۆیە ئەم تابلۆ گوڵانەم كێشاوە. بێگومان لەوكاتەوەی تووشی ئەم خەمە بووم و لەو دەریای خەمەدا كەتیایدا نوقووم بووم كۆمەڵێك شەپۆل هات بەرەو ڕووم كۆمەڵێك شەپۆل هەبوو كە خۆشەویستیان ئەدا پێم و دەستیان دەخستە ژێر باڵم و دەیان وەستانم بۆ ئەوەی چیمەن نەكەوێت، یەكێك لەوانە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو كە لەڕووی نەفسییەوە زۆر هاوكاری كردووم وتاكو ئەم ساتەش بەردەوامە لەهاوكاری كردنم تاكو من بێمەوە سەرپێی خۆم بوەستم".
ڕەخنەگری بواری شانۆو درامای كوردی حەمەسوار عەزیز دەربارەی كارە هونەرییەكانی میسری دەڵێت:"زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم كارە درامییەكانی حوسێن میسری سەرەتای راستەقینەی كاری درامی بن لە كوردستان بەتایبەتیش لەبواری زنجیرەی تەلەفزیۆنی، ئەگەرچی پێش میسریش ژمارەیەك زنجیرەی درامی بەرهەمهاتوون بەڵام هەر هەموویان لەبواری تەكنیكی و بنەماكانی كاری دراما كەلێنی گەورەیان تێدابوو، بەتایبەتیش لەبوارەكانی سیناریۆو تەكنیكی گێڕانەوەو مامەڵەی ئەكتەر لەگەل كامێراو چارەسەری درامی كۆتایی زنجیرەكان، بێگومان ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت كە كارەكانی حوسێن میسری لەو كەموكوڕیانە بێبەش بووبن، چونكە ئێمە ووتمان بەسەرەتای راستەقینە دادەنرێن و ھەمووشمان دەزانین ھەموو سەرەتاكان بە كۆمەڵێك كەموكوڕی دەسپێدەكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە دراماكانی حوسێن میسری بەحەق ئەو سەرەتا گرنگەبوون كە متمانەیان لای ھونەرمەندی كورد دروستكرد بە سینارێست وئەكتەرو دەرھێنەرەوە، كە دەكرێت ھونەرمەندی كوردیش خۆی لەقەرەی ئەو ھونەرە بایەخدارە بدات و تیاشیدا سەركەوێت".
لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەنووسی شاری كەركوك پێیوایە:"
حسێن میسری هەموو رەنگەكانی لەخۆیدا كۆكردبووەوە، ئەو لەگەڕەكی شوانەوە دابووی لەشەقەی باڵ بۆ دۆزینەوەی خۆی، هەڵبەت تا لەڕێگای خۆیەوە كوردو مرۆڤیش بدۆزێتەوە، لەم دواییەدا دەیویست لەڕێگای دراماكانەوە ئازاری مرۆڤی كەركوكیمان نیشان بدات، ئازاری ئەو ئەوانەی لەزێدو شارەكەی خۆیاندا بێ ناسنامەو نامۆ توڕ دراوە، چ جای لەشوێنەكانی تری دنیا، ئێستا كە باسی بوون و ناسنامە دەكەم جان دەمۆم بیر دەكەوێتەوە ئەو پیاوەی هیچ شوێنێك شوێنی ئەو نەبوو لەم دنیا فراوانەدا، حسێن میسری وێڵی ئەوەبوو ناسنامەی راستەقینەی كەركوكییەكان بدۆزێتەوە، ئەو ئەگەر بەئاماژەش با دەیویست بڵێت ناسنامەو بوون پەیوەندییەكی زۆر قوڵی بەشوێنەوە هەیە ئەی كورد لەخۆڕا نەیوتووە بەرد لەجێی خۆی سەنگینە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ حسێن میسری و هاوڕێكانی داگیركردنی ناسنامەی كەركوك لێیان دەرگاكردنەوەیەكی تر بوو بەڕوویاندا تا لەشوێن و جێگایەكی تر دەستبكەن بەئەفراندن و داهێنان، دراماكانی میسری وەك رۆمانەكانی موكری بەئێمەیان وت مرۆڤ لەبری ئەوەی هەر سەیری خەڵكی بكات و بەدیار خەڵكەوە دابنیشێت دەكرێ سەیری خۆی بكات و وابكات خەڵك سەرسامی ئەو بن، ئەوەی بۆ من جێی داخە ئەوەیە كەسێك نەما ئەو جێیە پڕبكاتەوە دوای مەرگی میسری ئەو پیاوەی هەمیشە دەیویست ئازارەكانی ناوەوەی نەكاتە هۆیەك بۆ ئەوەی كە خەڵكی تر ئازار زەدەبن و بەوریاییەوە دەستی لەسەر برینەكانی كۆمەڵی كوردەواری دادەنا، لەگەرمەی ئەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستای كەركوكدا بیرم لەوە دەكردەوە ئاخۆ ئەگەر ئێمە كۆمەڵێك كەركوكی وەك حسێن میسریمان هەبا چ پێویستمان بەوە بوو ئەم شارە لەشاری خراوەی دەستی بەعس پڕبكەین لەتانك و تۆپ".
ژیاننامەی حسَین میسری:
ساڵی 1977 كە بۆ خوێندنی كۆرسی شانۆیی دەچێتە میسرو لە گەڕانەوەی نازناوی میسری وەردەگرێت.
ساڵی 1973 بۆ یەكەمجار لە شاری موسڵ لە شانۆیی (من الذي قتل الوحش) وەكو ئەكتەر بەشداری كردووە، لە نووسینی عەلی سالم و عەدنان جویدجاتی.
ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە تیپی شانۆیی ئەزمونگەری كەركوكەوە، هەر لەو تیپە دەستی بە ئەزموونی شانۆیی كردووەو بەشداری چەند شانۆیەكی تری كردووەو بیروڕای پێشكەوتووانەی هەبووە لە تیپەكەدا.
ساڵی 1979 نواندن - لە شانۆیی (باڵندەو رێوی) – دەرهێنانی (جەعفەر موسا) – نووسینی (ناتق خلوسی).
ساڵی 1979 نواندن – لە شانۆیی (الدراویش یبحثون عن الحقیقة) – دەرهێنانی (عبدالرزاق محەمەد عەزیز) – ئەم شانۆییە بە گەورەترین نمایش ئەژماركرا لەسەر ئاستی عیراق و چەندەها نووسینی لەسەر نوسرا.
ساڵی 1979 وانەی هونەری بۆدی تەكنیكی وتۆتەوە لە تیپەكەی.
ساڵی 1980 یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی (دوا گۆرانی) – دەرهێنانی (عبدوالرزاق محەمەد عەزیز).
ساڵی 1981 – یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی (بەسەرهاتی دۆستی ئاژەڵ) – دەرهێنانی (عبدوالرزاق محەمەد عەزیز).
ساڵی 1981 – نواندن لە شانۆگەری (گەمەی سوڵتان و وەزیر) – دەرهێنانی (عبدوالرزاق محەمەد عەزیز).
ساڵی 1982 - نواندن لە شانۆیی (دارستانی یوتوبیا) – دەرهێنانی (ئیسماعیل هەورامی) سەرپەرشتیاری گشتی (دەرهێنان)ـەكە بووە.
ساڵی 1983 – نواندن لە شانۆیی (حب ابیكاك و موتە) – ئامادەكردنی (جەلال پۆڵا) و ساڵی 1984 لە فێستیڤاڵی ساڵانەی (المنتدی المسرح) لە بەغدا نمایشكراو خەڵاتی باشترین ئەكتەری گەنجی پێبەخشرا.
لەم شانۆگەرییەدا بەسەركەوتوویی سەرنجی هونەرمەندە گەورەكانی بەغدای راكێشا.
ساڵی 1991 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆی قەڵا بووە لە كەركوك، هەرچەندە دووربووە لە شارەكەی، هەمیشە دەستی یارمەتی بۆ هەموو هونەرمەندانی دوای خۆی بەهەموو كەمینەكانەوە درێژكردووەو بەتایبەتی تیپی قەڵا كە تائێستاش بەردەوامن لە كاركردن – لەڕێگەی هەردوو كەناڵی خاك TV و كەناڵی ئاسمانی كوردسات-ـەوە.
ساڵی 1985 هاتوەتە شاری سلێمانی و ئەندامێكی چالاكی تیپی نواندنی سلێمانی بووە.
ساڵی 1985 دەرهێنانی شانۆگەری (گوڵی بەهار هات) – نوسینی (جەلیل القیسی) لە فێستیڤاڵی لاوانی سلێمانی – خەڵاتی یەكەمی دەرهێنان و بەرهەمی پێبەخشرا.
ساڵی 1987 دەرهێنانی شانۆیی (هەڵهاتنی مانگ) – نوسینی (لیدی گریگۆری).
ساڵی 1988 نواندن لە شانۆیی (سێتای ئاسنین) – دەرهێنانی (جیهاد دڵپاك).
ساڵی 1989 نواندن و ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (ئەو پیاوەی خۆی بە بارمتە دانا) نووسینی (مەهدی ئەلسماوی).
یەكەمین هونەرمەندی كورد بوو كە هونەری پانتومایمی هێنایە هونەری شانۆی كوردی، بە سازدانی كۆڕو سیمینار تایبەت بەم هونەرە لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، كەركوك، بەغدادو پێشكەشكردنی كاری هونەری.
ساڵی 1990 نواندن و ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (نجنسكی ساتی زەماوەند) كارێكی پانتومایم لە فێستیڤاڵی ساڵانەی (المنتدی المسرح) لە بەغدا، خەڵاتی رێزلێنانی (نواندن و دەرهێنانی) پێبەخشرا.
ساڵی 1991 نواندن و سیناریۆو دەرهێنانی (سەمایەكی بێ ناونیشان) كارێكی پانتۆمایم.
یەكەمین هونەرمەندی كوردە كە كاری شانۆیی هێنایە سەر شەقام و شوێنە گشتییەكان بەشێوەی كەرنەڤاڵ و هەمیشە كارەساتی (هەڵەبجەو ئەنفال) پانتاییەكی گەورەی هەبوو لەكارەكانیدا.
ساڵی 1992 سیناریۆو دەرهێنانی (كەرنەڤاڵی هەڵەبجە) لە شەقامی مەولەوی تا بەردەركی سەرا.
ساڵی 1992 سیناریۆو دەرهێنانی (كەرنەڤاڵی ئاشتی) لە ئەمنە سورەكە.
ساڵی 1992 سیناریۆو دەرهێنانی (تابلۆی رامان بۆ 1ی ئایار)، كەرنەڤاڵی زیندانە سیاسییەكان (كەرنەڤاڵی منداڵانی ئەنفال).
ساڵی 1992 نواندن لە فیلمی (مەرگی ئەرخەوانی) دەرهێنانی (كامەران رەئوف).
ساڵی 1993 نواندن لە فیلمی (فرمێسكی رەش) دەرهێنانی (كامەران رەئوف).
ساڵی 1993 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (دەروێشەكان بەدوای راستیدا وێڵن)، نووسینی (مستەفا حەڵاج) لە یەكەم فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانیدا خەڵاتی یەكەم دەرهێنان و باشترین بەرهەمی پێبەخشرا.
ساڵی 1994 (ئەلف و بێی تەواوكەری جەستەكان) - ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (گەمەی چاوەڕوانی).
ساڵی 1994 سیناریۆو دەرهێنانی شانۆیی (مەرگی كورسییەك) لە فێستیڤاڵی دووەمی شانۆیی سلێمانی – خەڵاتی باشترین دەرهێنان و بەرهەمی وەرگرتووە.
ساڵی 1995 تولیف و دەرهێنانی شانۆیی (كەرنەڤاڵی دەمامكەكان).
ساڵی 1995 بەشداری لە پێشانگای (ئاوارەبوون) لە وێرانەی (حەسیب ساڵح) لەگەڵ هونەرمەندان (مدحت كاكەیی، چیمەن ئیسماعیل، ئاری بابان، سهاد ستار).
ساڵی 1995 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (چیرۆكی خۆشەویستی) نوسینی (فەلاح شاكر) لە فێستیڤاڵی سێیەمی شانۆیی سلێمانی خەڵاتی یەكەمی وەرگرتووە.
ساڵی 1996 تەولیف و سەرپەرشتیاری گەمەكە – شانۆیی (دوای سەدەیەك شەڕ ساتێك بۆ گەمە).
ساڵی 1996 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (پاسەوان) – نوسینی (هارول پینتەر).
ساڵی 1997 نواندن و ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (دیفز – دیفز) دەقی (هارولد پینتەر) لە چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانی – خەڵاتی پێش مەندی كاری تەكنیكی جەستەی لەبواری نواندن پێبەخشرا.
ساڵی 1997 زێوانی گۆڕستان – ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (گۆڕستانێكی نوێ) لە نوسینی (شێرزاد حەسەن).
* ساڵی 1997 سیناریۆو دەرهێنانی كەرنەڤاڵی (ناپاڵم و سەمای گوڵەبەڕۆژەكان) لە شەقامی مەولەوی بۆ بارەگای UN تایبەتبوو بە ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر هاتنە ژوورەوەی سوپای توركیا بۆ خاكی كوردستان.
* ساڵی 1998 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (لە تەنتوومانێكدا).
* ساڵی 1998 سیناریۆو دەرهێنانی (نمایشی شەختە فرمێسكەكانی ئەنفال) لە شەقامی مەولەوی بۆ بەردەم بارەگای UN.
* ساڵی 1999 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (سزاو تاوان). نوسینی (فەلاح شاكر).
كارە هونەرییەكانی لە بەشی درامای خاك ساڵی 1997 – 2009
* ساڵی 1997-1998 ئامادەكردن و دەرهێنانی كورتەدرامای (تەمەر هنیدی، بۆ خۆم ناگریم، سێ دزەكە، خەنەكەی مام حەسەن، مانگ گیران، پلەو چاو ماسی، سەعە درۆزنەیان...، بەناو نەقاش، فەرەجی، پینەچی، پاشاو سێ پرسیار، ملكەڕێوی، دیدەنی، زنجیرە درامای (كەریم تاك دینار، شەش ئەڵقە).
* بەرنامەیەكی هونەری تایبەت بە مانگی رەمەزان.
* ساڵی 1999 سیناریۆو دەرهێنانی درامای (خۆرنەوازان) بەشی یەكەم (15) ئەڵقە، بیرۆكەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.
* ساڵی 2000 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای (خۆرنەوازان) بەشی دووەم (17) ئەڵقە.
* ساڵی 2001 ئامادەكردن و دەرهێنانی كورتە درامای منداڵانی: 1- ئەردەڵان و كۆمپیوتەر. 2- سۆرانی بۆیاخچی. 3- ئەحمەدی نەوت فرۆش.
* ساڵی 2001 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای (خەمی چۆلەكەكان) (29) ئەڵقە.
* ساڵی 2001 ئامادەكردنی سەكۆی شیعری – ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (گۆڕستانێكی بێ گۆڕ) ئاهەنگە شیعری (قوبادی جەلیل زادە).
* ساڵی 2002 سیناریۆو دەرهێنانی – ئۆپەرێتی سرودی سەربەستی لەیادی دووەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد.
* ساڵی 2002 هەناسەكانی ئەنفال – شانۆی گەڕۆك لەناو خوێندنگاو فەرمانگەو كارگەو پاسەكاندا.
* ساڵی 2002 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای تەلەفزیۆنی (رەشەی پۆلیس) (31) ئەڵقە.
* ساڵی 2003:-
1- بەرنامەی تەلەفزیۆنی، بەشی درامای خاك و نامەیەكی كراوە.
2- بەشی درامای خاك و ساڵڕۆژی كیمیابارانی هەڵەبجە.
3- بەرنامەی خەڵك و خاك – خاك و خەڵك.
4- بەرنامەی خاك و بەساڵاچووان.
* ساڵی 2003 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای (حەسەنە فەنی) (19) ئەڵقە.
* ساڵی 2004 سیناریۆو دەرهێنانی تابلۆی (سوێند) لە چلەی شەهیدانی كارەساتی 1ی شوباتی 2004 – هەولێر.
* ساڵی 2004 سیناریۆو نوسین و دەرهێنانی درامای (جومعە) (27) ئەڵقە.
* ساڵی 2005 رێپۆرتاژێك بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكانی – كفری.
* ساڵی 2005 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای (گوڵە بێ رۆژەكان) (15) ئەڵقە.
* ساڵی 2007 نوسین و سیناریۆو دەرهێنانی درامای (نیشتمان) (15) ئەڵقە.
* یەكەمین هونەرمەندە كە شانۆگەری لە مزگەوتدا پێشكەشبكات.
* ساڵی 2008 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی.
* (بێم لەوێیت) شیعری قوبادی جەلیل زادە، نمایشكردنی لە مزگەوتی قازی محەمەد.
ساڵی 2009 ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆیی (هارون) لە نوسینی رۆمانی (هارون ئەلرەشید)ی محەمەد موكری، نوسین و سیناریۆی (رەزاو رەمەزان).
*بەداخ و كەسارەكی زۆرەوە لە ئێوارەی 31/5/2009 دا بەهۆی نەخۆشی دڵەوە دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و هونەری كوردی و بواری درامای كوردی یەكێك لە بەتواناترین كەسایەتیەكانی خۆی لەدەستداو ماڵئاوای لە هونەرو بینەری دراماكانی كرد بۆ هەتا هەتایە.