كەریم زانستی
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
كەریم بەگی سەعید بەگ كە بەكەریم زانستی ناسراوە، ساڵی 1900 لە شاری سلێمانی ئامێزی خێزانێكی خوێنەوارو زانستپەروەردا هاتۆتە دنیاوە.قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو كردووە.زانستی كەسێكی روناكبیر بووەو وەك مامۆستاو شاعیرو وەرگێڕ خزمەتی كردووە.
لەسەرەتای ژیانی لاویدا خولیای ئەوەی هەبووە كە زانستو زانیاریو خوێنەواری بڵاو بكاتەوە.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لەگەڵ ژمارەیەك روناكبیری ئەو سەردەمە وەك( پیرەمێرد، رەشید زەكی كابان، رەفیق حلمی، رەشید نەجیب، ئەحمەد عەزیز ئاغاو عەبدوڵا عەزیز هەولێری)، بە مۆڵەتی رەسمی میری (كۆمەڵەی زانستی)یان لە 24ی شوباتی 1926 پێكهێناوە.
ئامانجی كۆمەڵەكە نەهێشتنی نەخوێندەواریو بڵاوكردنەوەی زانستو زانیاریو رۆشنبیری بووە لە رێی چاپكردنی كتێبو گۆڤارو رۆژنامەو كۆڕو كۆبونەوەوە بووە.
بەمەبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری، كۆمەڵەكە قوتابخانەی زانستی كردەوەو مامۆستا كەریم بووە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەو ئیدی بەكەریم زانستی ناسراو قوتابخانەكە رۆڵی دیاری هەبووە لە بڵاوكردنەوەی خوێندەواریو چەندین كەس لەو رێیەوە فێری خوێندنەوەو نوسین بوونو تەنانەت كەسایەتی دیاریشی پێگەیاند لەوانە بەنگینەی شاعیر.
مامۆستا سەرباری خزمەتەكانی وەك مامۆستاو پەروەردەكار، وەك شاعیرو وەرگێڕیش رۆڵی خۆی هەبووەو لەساڵی 1928 لەچاپحانەی فورات لەبەغدا كتێبی گۆرانی كە كۆمەڵە شیعرێكی خۆی بوون بەچاپ گەیاند.وەرگێڕێكی بەسەلیقەش بووەو لە زمانی عەرەبیەوە بابەتی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
ئەم پیاوە بلیمەتەی كورد دوای ساڵانێكی زۆر لەخزمەتو بەخشش لە رۆژی 4ی كانونی دووەمی 1996و لەتەمەنی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی.
ئهم بابهته 875
جار خوێنراوهتهوه