عەباس ئەلبەدری
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا

عەباس ئەلبەدری ناوێكی دیارو پرشنگدارە لەجیهانی رۆژنامەگەری‌و تێكۆشانی كوردایەتیدا، ئەو خزمەتێكی گەورەی بەبوارەكانی میدیا‌و روناكبیری‌و خەباتی كوردستانی كردووە.عەباس باقر كازم كە بەعەباس ئەلبەدری ناسراوە ساڵی 1943 لەگەڕەكی كوردانی شاری بەغدا لەدایك بووە.

هەر لەسەرەتای ژیانی لاوێتیەوە لەدەرگای رۆژنامەنوسییەوە تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە‌و لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا رۆژنامەی خەباتی كردە سەنگەری خەبات‌و كاری رۆژنامەنوسی‌و لەوێوە كاروانی تێكۆشانی ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و كوردایەتی كەوتە رێ‌‌و دواتر لە بەشی رۆشنبیری رۆژنامەی دەنگی كورد‌و رۆژنامەی النورو چەند رۆژنامە‌و گۆڤارێكی دیكەی ئەوسەردەمە خزمەتی كردووە.

لەبەر هەڵویستی سیاسی‌و كوردپەروەرانەی توشی گرتن‌و راونان‌و ئەشكەنجەی رژێمە جیا جیاكانی عیراق بۆتەوە‌و لەساڵی 1964 دەستگیراوە‌و ماوەی 3ساڵی پڕ لەناخۆشی لەزیندانی دزێوی نوگرە سەلماندا بەسەر بردووە‌و لەسەرەتای هەشتاكانیش بەتاوانی كوردبوون لەگەڵ فەیلییەكاندا رەوانەی ئێران كراوە.

ساڵی 1988 لەسەر راسپاردەی جەنابی مام جەلال پەیوەندی بەراگەیاندنی(ی.ن.ك)ەوە كردووە‌و وەك رۆژنامەنوسێكی دیارو بەئەزمون لە رۆژنامەی( الشرارە‌و بەشی عەرەبی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان) خزمەتی كردووە‌و رۆڵی دیاری لەگەشەپێدانی ئەو دەزگا میدیایانەدا هەبووە.

لەدوای راپەرینیش مامۆستا عەباس ئەلبەدری لەتێكۆشانی رۆژنامەنوشی‌و میدیایی بەردەوام ئەبێ‌‌و لەدوای گۆڕینی ناوی رۆژنامەی(الشرارە) بە(الاتحاد) ئەبێتە سەرنوسەری ئەو رۆژنامەیە‌و بە ئەزمون‌و سەلیقە‌و لێزانینی خۆی رۆڵی دیاری ئەبێ‌ لە پێشخستن‌و گەشەپێدانی ئەو رۆژنامەیەدا.

ئەلبەدری لەناو میدیای یەكێتیدا ئەركی زیاتری لەئەستۆ گرتووە‌و ماوەیەك بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بووە‌و لەتەلەفزیۆنی گەلی كوردستان‌و كەناڵی كوردساتیش خزمەتی كردووە‌و شوێن پەنجەی بەپێشخستنی ئەو دەزگا میدیایانەوە دیار بووە.
لەدوای روخانی رژێمی بەغدا چۆتەوە زێدی خۆی لەبەغدا‌و لەوێ‌ تەوژمێكی گەورەی بەدەركردن‌و گەشەپێدانی رۆژنامەی (الاتحاد) داوە.

لەساڵانی 2006- 2011 لەسەر راسپاردەی جەنابی مام جەلال دەچێتە تۆڕی میدیایی عیراق‌و وەك نوێنەرێكی كورد لەوێ‌ خزمەت ئەكات.

عەباس ئەلبەدری خاوەنی خەرمانێك لە نوسینی ئەدەبی‌و سیاسی‌و رۆژنامەنوسیی چاپكراوە، لەدیارترین كتێبە چاپكراوەكانی ( رۆژانەی راپەرین‌و عەشقستان)ە.

دوا نوسینی مامۆستا ئەلبەدری نوسینێكی سەرنجڕاكێشە بەناوی (عەشق زۆرانبازێكە زۆرانی لەگەڵدا ناگیرێ‌).
بەداخەوە ئەم پیاوە هەڵكەتووەی كورد ساڵێك لەمەوبەر‌و بەدیاریكراوی رۆژی 14ی كانوونی دووەمی 2015 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد‌وچووە دنیای نەمرانەوە.درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا عەباس ئەلبەدری رۆژنامەنوس‌و شاعیرو نیشتمانپەروەر.
PM:02:03:14/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064