حكومه‌تی سلڤادۆر ئامۆژگاری ژنانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه تاوه‌كو ٢ ساڵی تر رێگه لهدووگیان بوون بگرن بۆئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان له‌و نه‌خۆشی و كه‌موكوڕییه بپارێزن كه به‌هۆی ڤایرۆسی زیكاوه بڵاوبووه‌ته‌وه.
جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی سلڤادۆریش رایگه‌یاندووه: ئه‌و ژنانه‌ی ئێستا دووگیانن پێویسته له‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه بۆ خۆپاراستن له‌و مێشووله‌یه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه‌یه.
حكومه‌ت ئه‌م بڕیاره‌ی دوای ئه‌وه ده‌ركرد كه له‌ساڵی رابردوودا‌و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ٥٣٩٧ كه‌س توشی نه‌خۆشی بوون به‌هۆی ڤایرۆسی زیكاوه.
شایه‌نی باسه، توێژه‌رانی به‌رازیلی له‌تاقیگه‌كاندا سه‌رقاڵی كاركردنن بۆ ئاماده‌كردنی ڤاكسینێك دژ به‌م ڤایرۆسه.
ڤایرۆسی زیكا له‌ناو كه‌سانی ئاسایی‌دا ده‌بێته هۆی نه‌خۆشیه‌ك كه هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت و نیشانه‌كانی بریتین له تا و ئازاری جومگه‌كان. به‌ڵام له‌ناو ژنانی دووگیاندا ئه‌م ڤایرۆسه ده‌گوازرێته بۆ كۆرپهكهو ده‌بێته هۆی گرژبوونی مێشكی و گه‌شه‌ی فیزیایی و بیركردنه‌وه‌ی سنووردار ده‌كات، یاخود كۆرپه‌كه ده‌كوژێت.
وڵاتی به‌رازیلیش به‌هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌و له‌چوار مانگی رابردوودا ٣٥٠٠ كه‌س تووشی نه‌خۆشیه‌كه بوون.
پسپۆرانی ته‌ندروستی سه‌رسامن به‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه چۆن گه‌یشتووه‌ته ئه‌مریكا له‌كاتێكدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ئه‌فریقا له‌ساڵی ١٩٤٧ بڵاوبوه‌وه‌و تا ساڵی رابردوو له‌ئه‌مریكا شتێكی هه‌ستپێنه‌كراو بوو.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێگه‌ی له‌ژنانی دووگیانی وڵاته‌كه‌ی گرت كه سه‌فه‌ر بۆ ١٤ وڵاتی ئه‌مریكای لاتینی و كاریبی بكه‌ن كه ئه‌م ڤایرۆسه‌یان تێدا بڵاوه.
خاك – و/ سه‌هه‌ند ئالان
س/ ئاژانسه‌كان