ئارام:روناكبیرو سیاسەتمەدار
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا

شەهید ئارام سەركردەیەكی دیارو روناكبیریی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، رۆڵی دیاری لەبواری سیاسی‌و روناكبیردا هەبووە. لەغیابی سەركردایەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، وەك رابەری كۆمەڵە‌و سەرۆكی كۆمیتەی هەرێمەكان رەفتاری كرد‌و هیمەتێكی گەورەی شۆڕگێڕانەی نواند بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ‌‌و بەئەندازیاری جێبه‌جێكردنی  ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییە دادەنرێ‌.

شاسوار جەلال سەعید غەنی كە لەخەباتی شارو شاخدا بەئارام ناسراوە، ساڵی 1947 لەگەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانی‌و بەغدا تەواو كردووە‌و ساڵی 1970 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ كۆلیجی بازرگانی لەزانكۆی به‌غدا به‌ده‌ست  هێنا.

ئارام لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پەیوەندی كردووە‌و رۆڵی دیاری لەگەشەپێدان‌و بڵاوكردنەوەی بیرو باوەڕەكانیدا هەبووە‌و بایەخێكی زۆریشی بە رێكخراوەكانی خوێندكاران‌و لاوان داوە‌و یەكێك لەكادیرە دیارو هەڵسوڕاوەكانیان بووە.

ئارام تێكۆشەرێكی ئازا‌و بەهەڵویست بووە‌و ساڵی 1974 بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە‌و لەدوای شكستی ئەو شۆڕشە، لەتێكۆشان لە كۆمەڵەدا بەردەوام بووە‌و رۆڵێكی دیاری لە ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوە‌و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا هەبووە‌و  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چووه‌ شاخ و لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەخشی.

بێ‌ لەبواری سیاسی، ئارام بایەخێكی زۆریشی بەبواری فكری‌و رۆشنبیری داوە، لەساڵی 1972ەوە وتارەكانی لەرۆژنامەی هاوكاری بڵاو دەكردەوە‌و لەوتارەكانیدا بایەخی بەبیروباوەڕی چەپ‌و ئەزمونی خەباتی گەلان داوە‌و بەشێكی ئەو وتارانەی كە ساڵانی 1972‌و 1973 لە‌و رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە، ساڵی 1982 لەشاخ‌و لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی( ئارام‌و بزووتنەوەی ئینتەرناسیونالیستی)كە مەلا بەختیار پێشەكی بۆ نوسیوە چاپ‌و بڵاوكراتەوە.

بەشێكی تری نوسینەكانی بەناوی (هەڵبژاردەیەك لەنوسینەكانی شەهید ئارام) كەنەجمەدین عەزیز(سالار) پێشەكی بۆ نوسیوە، لەساڵی 1980 لەچاپخانەی برایم عەزۆ لەگوندی زەڵێ‌ چاپ‌و بڵاو كراوەتەوە.

محەمەد عەبدولكەریم سۆڵەیی لەساڵی 2007 بەشێكی نوسینەكانی شەهید ئارامی لە دووتوێی كتێبیكی دوو بەرگیدا چاپ‌و بڵاو كردۆتەوە.
هەروەها ئەكادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی كادیرانیش لەچوارچێوەی چاپكردنەوەی ئەدەبیاتی شۆڕش نوێدا بەشێك لە بەرهەمەكانی ئارامی چاپ‌و بڵاوكرۆدتەوە.

ساڵی 2012 فەرید ئەسەسەرد نامیلكەیەكی بەناوی (ئارام‌و رۆڵی لەبزووتنەوەی سیاسیدا) بڵاو كرۆدتەوە‌و نامیلكەكە لێكۆڵینەوەیەكی وردە تیشك ئەخاتە سەر بیرو تێڕوانینە سیاسییەكانی ئارام.

بەداخەوە 38 ساڵ لەمەوبەر‌و لە 31ی كانونی دووەمی 1978 ئەم سەركردەو روناكبیرە گەورەیە بەدەستانی خائینانی كورد شەهید كرا‌و لەگوندی تەنگیسەر بەخاك سپێردرا.درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی كاك ئارامی سەركردە‌و روناكبیر.


ئەوا ئێستاش لەكوردستانی ئاراما
لەكوردستانی قەتماغە‌و كێڵگەی زاما
هەردەوەنە‌و بن تاشە بەردی چیایە
قوتابخانەی دروستبوونی ئارامێكی تری تیایە
 هەڤاڵ كوێستانی


سەرچاوە:
ئینسكۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی كادیران2015.
PM:03:26:31/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064