ئەحمەد ڕەزا
لە ڕۆمانی " کاتێ نیتشە گریا"ی " ئەرڤین دی یالۆم"ەوە، کە مامۆستای دەروونشیکارییە لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکیی، بە هەمان ناونیشان دەرهێنەری ئەمەریکی " پینچاس پێری/ pinchas perry" ساڵی ٢٠٠٧ فیلمێکی هەڵهێنجاو تا ئێستەش لە بواری دەروونزانیدا کاریگەرێتیی خۆی هەیە.
فیلمەکە هەرچەند خەیاڵییە، بەڵام زۆرێک لە دەروونناسان لە ڕێگەی فیلمەکەوە بە چەندین زاراوەی نوێی دەرونشیکاریی ئاشنا دەبن، کە لە زمانی نیتشەوە وتراوە.
فیلمەکە باسی ڕووبەڕوو بوونەوەی چارەسەریی و ئایدیایی نیتشە دەکات لەگەڵ بزیشکێکی نەمساییدا، کە بەناوبانگە بە شیکردنەوە گەورەکانی لە بابەتی هێستریادا، ئەویش دکتۆر " جۆزیف برێوێر "ە. ئەو پزیشکەی ڕازی بوو بە چارەسەرکردنی نیتشە، کە بە دەست ڕەشبینیی و خەمۆکیی و ئارەزووی خۆکوشتنەوە گیرۆدە ببوو، دوای ئەوەی کە " لۆ سالۆمی" ڕەتی کردەوە پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵدا ببەستێ.
فیلمەکە پێکەوە گرێدانێکی ناوازەی لە نێوانی فەلسەفەی نیتشە لە " ئیرادەی هێز"و دەرونشیکاریی لەڕێگەی برێوێر فرۆیدەوە دروستکردووە.
فیلمەکە لە هاتنی " لۆ سالۆمیی"ەوە دەست پێدەکات کە کچێکی ڕوسییەو دێتە ناو کۆڕبەندی ڤییەنناوە کە فرۆید سەرپەرشتی کردووە.. دواتر بە هۆی پەیوەندییەوە نیتشە داوای هاوسەرگیریی لێدەکات و ئەویش ڕەتی دەکاتەوە، نیتشە بەم هۆیەوە توشی کۆمەڵێک گرفتی دەروونیی دەبێتەوە.. بەڵام سالۆمیی داوا لە دکتۆر برێوێر دەکات، هاوکاری بکات بۆ چارەسەر کردن و بە گشتیی جگە لە پەیوەندییە سۆزدارییەکە، فیلمەکە ڕوکەشێکی فەلسەفیی و دەروونشیکاریی وەرگرتووە.