ممتاز حه‌یده‌ری
* له‌دایكبووی رێكه‌وتی (8/3/1938) (1/7/1942 به‌پێی باری كه‌سێتی) شاری هه‌ولێره‌، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی زانستپه‌روه‌ری ئایینی (بنه‌ماڵه‌ی ناوداری حه‌یده‌رییان) و له‌ئامێزی خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ری شۆڕشگێری نه‌ته‌وه‌ په‌روه‌ریی دیموكراتخواز په‌روه‌رده‌ بووه‌.

* له‌به‌ر ره‌وشی ناله‌باری خێزانه‌كه‌یان و به‌ندكردنی برا گه‌وره‌كانی: (عاسم، ساڵح، جه‌مال، موهیب حه‌یده‌ری)، ساڵی 1949 له‌خوێندن داده‌برێت، پاش شه‌ش ساڵ دووباره‌ له‌پۆلی چواری سه‌ره‌تایی ده‌ستده‌كات به‌خوێندن، تا سێی ناوه‌ندی به‌پله‌ی زۆرباش خوێندن ده‌بڕێت. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌به‌ر باری ئاڵۆزی ئه‌وسای عیراق و كوردستان (1961)، ده‌ستگیرده‌كرێت و ره‌وانه‌ی خوارووی عیراق ده‌كرێت، له‌تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كه‌لۆری بێبه‌شده‌كرێت، پاش ساڵێكیش له‌به‌ندی ئازاد ده‌كرێت.

* ساڵی 1960 به‌پێی بڕیارێكی حزبی شیوعی رێكخراوی هه‌ولێر - به‌په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئازادی ده‌ستنیشان ده‌كرێت.

* پاش ده‌رچوونی له‌زیندان ساڵی 1962، له‌كه‌ركوك له‌ڕاگه‌یاندنی نهێنی حزبی شیوعی، لقی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

* دوای كوده‌تای ره‌شی (8) شوباتی 1963، روو له‌شاخ ده‌كات، تا 30/6/1964 كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كات.

* رێكه‌وتی 1/7/1964 به‌پێی بڕیاری حزب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غداو پاش ماوه‌یه‌كی كورت له‌ده‌زگای چاپه‌مه‌نی حزبی شیوعی عیراق به‌نهێنی له‌جه‌رگه‌ی به‌غدا له‌ڕۆژنامه‌ی (طریق الشعب) تا رێكه‌وتی 30/9/1966 ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

* دیسانه‌وه‌ به‌بڕیارێكی حزبی شیوعی به‌نهێنی ده‌چێته‌ مۆسكۆ و په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوده‌كات و له‌چه‌ند ده‌وره‌یه‌كی كورتخایه‌ن: (پارتیزانی، چاپه‌مه‌نی، زانستی ده‌روونی) به‌شداریده‌كات.

* له‌ساڵی 1968 به‌نهێنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عیراق و دیسانه‌وه‌ له‌ده‌زگای راگه‌یاندنی حزبی شیوعی له‌شاری به‌غدا، له‌ رۆژنامه‌ی (طریق الشعب) بۆماوه‌ی ساڵێك به‌رده‌وامده‌بێت.

* له‌كۆتایی ساڵی 1968 له‌ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابیان و كرێكاران سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی عیراق بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

* له‌سه‌ره‌تای 1969 له‌لایه‌ن به‌عسیه‌ فاشیسته‌كان ده‌ستگیرده‌كرێت له‌ (قصر النهایه‌) له‌سه‌ر ده‌ستی داروده‌سته‌كه‌ی (نازم گزاری جه‌لاد) توشی ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت، پاشان به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی حزبی شیوعی له‌به‌عس ئازاد ده‌كرێت.

* پاش ده‌رچوونی له‌به‌ندیخانه‌ی (قصر النهایه‌) به‌ماوه‌یه‌ك واز له‌كاری حزبایه‌تی (حزبی شیوعی عیراق) ده‌هێنێت و زیاتر وه‌كو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ڕاگه‌یاندن كاری ده‌كرد.

* پاش رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 به‌یه‌كجاره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێت.

* پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر له‌سه‌ره‌تای رێككه‌وتننامه‌كه‌ی 11ی ئاداردا له‌هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاری ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامێكی هه‌ره‌چالاكی یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردو كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیری كوردو لقی هه‌ولێر ده‌بێت.

* ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری نووسه‌ری نوێ و گۆڤاری رۆشنبیرو سكرتێری نووسینی گۆڤاری نووسه‌ری كورد- خولی دووه‌م- مه‌ڵبه‌ندی گشتی ده‌بێت.

* له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری 1976 له‌ڕۆژنامه‌ی هاوكاری به‌بڕیاری عوسمان فائیق له‌ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌رده‌كرێت. پاشان له‌ڕۆژنامه‌ی (العراق) و پاشكۆكه‌ی داده‌مه‌زرێت، دیسانه‌وه‌ له‌مانگی ته‌موزی 1979 به‌بڕیاری (مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره‌ - نووسینگه‌ی شیمال) له‌ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌رده‌كرێت.

* له‌مانگی نیسانی 1980 كتێبخانه‌یه‌كی ئه‌هلی بۆ فرۆشتنی كتێب و فۆتۆكۆپی به‌ناوی كتێبخانه‌ی حه‌یده‌ری  ده‌كاته‌وه‌.. كه‌ شایانی باسه‌، رۆشنبیران ده‌زانن ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ ده‌ورێكی گه‌وره‌ی كلتووری – سیاسی به‌رچاوی گێڕا.. بۆیه‌ كه‌ ساڵی 1985 له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منی ئاسایش- ده‌سه‌ڵاتی به‌عس داده‌خرێت و زیانێكی ماددی زۆر گه‌وره‌ به‌خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.

* له‌كۆنگره‌ی (5)ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، وه‌كو ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات بۆ مه‌ڵبه‌ندی گشتی هه‌ڵده‌بژێرێت، شایه‌نی باسه‌، كۆنگره‌ی (5) یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له‌دژی سیاسه‌تی حزبی به‌عس، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

* پاش راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 له‌تێكڕای ده‌زگاكانی نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، چالاكی مه‌ده‌نی چالاكییه‌كی به‌رچاوی نواندووه‌. ماوه‌یه‌ك له‌ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بووه‌.

* له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی براكوژی (ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشتی بووه‌).

* دوو ده‌وره‌، وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی خاوه‌ن ئه‌زموون و سه‌ربه‌خۆ، سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بووه‌، ده‌ورێكی كاریگه‌ری له‌به‌ره‌وپێشبردنی سه‌ندیكا گێڕاوه‌.

* سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری رۆژنامه‌ڤانی بووه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی رۆژنامه‌نووسی كوردیدا، گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ند به‌كلتووری رۆژنامه‌نووسی له‌كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌عیراقیش ده‌رچووه‌، ئه‌م گۆڤاره‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌ریده‌كرد.

* بۆ ماوه‌یه‌كی كورت راوێژكار بووه‌ له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی كوردستان، هاوكات به‌پله‌ی راوێژكار خانه‌نشین كراوه‌.

* له‌یه‌كه‌م پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی ساڵی 1960ـه‌وه‌ وه‌كو په‌یامنێر له‌ڕۆژنامه‌ی ئازادی سه‌ر به‌حزبی شیوعی عیراق تا ساڵی 2015 به‌هه‌ر جۆرێك بووه‌، به‌نهێنی ، یان به‌ئاشكرا مه‌یدانی نووسین و چالاكی كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بوێرانه‌ به‌رده‌وامبووه‌و تائێستا به‌سه‌دان بابه‌تی نووسین وتارو رێپۆرتاژو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌په‌نجا دیداری فراوانی هه‌مه‌ڕه‌نگی ته‌له‌فزیۆنی و رۆژنامه‌نووسی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامداوه‌.

* رێكه‌وتی 14/3/1999 بڕی (5) كم (TNT) له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی بۆ تیرۆركردنی ته‌قینرایه‌وه‌.. كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر توندی لێكه‌وته‌وه‌.! شایانی باسه‌، ئه‌وكاره‌ تیرۆریه‌ یه‌كه‌م كاری تیرۆری بوو به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسێك ئه‌نجامدرا.

* تائێستا (8) كتێبی نووسین و ئاماده‌كردن بڵاوكردووه‌ته‌وه‌: (جه‌نابی مه‌لای گه‌وره‌ – لێكۆڵینه‌وه‌ - مسته‌فا شه‌وقی و په‌یژه‌ (رۆژنامه‌نووسی، لێكۆڵینه‌وه‌) یادی چل ساڵه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول 1961- 2001 (دیكۆمێنتی) داری ماوه‌ران (مشتومڕێكی سیاسی) كۆنگره‌ی نه‌وه‌ت ساڵه‌ی بارزانی نه‌مر، كۆنگره‌ی سه‌د ساڵه‌ی بارزانی نه‌مر (دوو به‌رگ) یادی (25) ساڵه‌ی جینۆسایدی كوردان، قامووسی ناوه‌ نه‌مره‌كان- به‌رگی یه‌كه‌م.

* له‌ساڵی 2008ـه‌وه‌ سه‌رنووسه‌ری دوو گوڤاری ناوداری سه‌رتاسه‌ری سه‌ربه‌خۆی كوردستانییه‌: (گۆڤاری K21، له‌یلا قاسم) كه‌ هه‌ردووكیان كلتووری و زانستی و مێژوویی وه‌رزی ئازادان.

* خاوه‌ن كتێبخانه‌و ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌یه‌، له‌ماوه‌ی ئه‌و (25) ساڵه‌ی رابردوودا نزیكه‌ی (150) خوێندكاری ماسته‌رنامه‌و دكتۆرا، سوودی گه‌وره‌یان لێوه‌رگرتووه‌.

* له‌وڕۆژه‌وه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی 1969 كاری (حزب)ی جێهێشتووه‌، وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی ناسراوی سه‌ربه‌خۆو چالاكوانێكی مه‌یدانی كلتووری - سیاسی-  به‌رده‌وامبووه‌، هاوكات دۆستی هه‌موو لایه‌ك بووه‌، سه‌ربه‌ستانه‌ ره‌خنه‌یان لێگرتوون. به‌واتایه‌كی دیكه‌، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ په‌روه‌رێكی دیموكراتخواز هه‌رده‌م (بێلایه‌ن)ی خۆی پاراستووه‌.

خاك




AM:10:23:30/06/2015

ئه‌م بابه‌ته 1833 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064