بەدیع باباجان، زیاتر لە هونەرمەند
خوێندنەوەی: ئارام سدیق
هونەرمەند (بەدیع باباجان) لە ریزی ئەو هونەرمەندایە، كە زۆر بەكەمی بەرهەمەكانی پارێزراون و بەشێكی زۆر كارە هونەرییەكانی بە پەرش و بڵاوی مابوونەوە تا (ساڵی 2010) نووسەر و رۆژنامەنووس (بەختیار سەعید) بە هەوڵی چەند خەمخۆرێكی هونەری كوردی، بەشێك لە كارەكانی ئەم هونەرمەندیان لەشێوەی كوراسێكدا كۆكردەوە، كە ئەمە كارێكی گرنگ و جیدی بوو بۆ ئەم هونەرمەندە كرا. 

بەڵام لەگەڵا ئەمەشدا لە ئێستادا پێویستە كاری لەم شێوەیە بۆ زۆربەی هونەرمەندەكانی تر بكرێت، بەتایبەت ئەو هونەرمەندانەی بەرهەمەكانیان لە لێواری فەوتاندان. من بەر لە چاپكردنی كوراسەكەی (باباجان) بە بەشێكی زۆری كارەكانی ئەم هونەرمەند ئاشنا نەبووم، بەڵام لە چاپكردنی ئەم كوراسەیەوە تێدەگەین، كە (باباجان) بەتەنها هونەرمەندێكی ئاسایی نییە، كە لە یەك بواردا كاری كردبێت، بەڵكو ئەو لە چەندین بواری جیاجیادا پەرەی بە داهێنانەكانی خۆی داوە و ویستوویەتی رووی گەشی هونەری كوردی و هونەرمەندانی كورد لەسەر ئاستی عیراق بناسێنێت.

هاوكات  لە رێی كێشانی وێنەی شاعیرانی كلاسیكەوە دەیان شاعیری گومناوی لەرێی ئەو وێنانەوە زیندوو كردەوە، تا گەیشتە ئەوەی ئێمە وەكو وێنەی راستەقینەی ئەو شاعیرانە سەیری بكەین و هەست بەوە نەكەین، كە ئەمە ئەفرێنراوی خەیاڵی باباجانن. 

هونەرمەند (بەدیع باباجان) لە ساڵی (1923) لەگەڕەكی (اخ حسین)ی شاری كەركوك هاتۆتە دنیاوە و دەربارەی ژیانی خۆی هونەرمەند دەڵێت: ( ساڵی 1923 لە شاری كەركوك لە دایكبووم هەر لە منداڵییەوە حەزم لە وێنە و مۆسیقا دەكرد، خوێندنی سەرەتاییم لە ماڵی ئامۆزاكانم لە شاری سلێمانی تەواو كرد و دواتر قۆناغی ناوەندیم لە شاری كەركوك تەواو كرد) لەبەشێكی تری گێڕانەوەی ژیانی خۆیدا ئەم هونەرمەندە ئەوە دەخاتەڕوو، كە بەهۆی ئەوەی ئارەزووی زۆری بۆ هونەر هەبووە لە ساڵێ‌ (1945) دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغداد و حەزی لەبەشی مۆسیقای رۆژئاوایی بووە، بەڵام لەو بەشەدا قبوڵیان نەكردووە، بەهۆی ئەوەی هیچ شارەزایی لە نۆتەدا نەبووە، دواتر بە ناچاری بڕیار دەدات بچێتە بەشی وێنەكێشان. ئەم هونەرمەندە لە ساڵی (1950)دا پەیمانگا تەواو دەكات و لە ریزی یەكەمەكانی پەیمانگاكەیدا دەبێت.  
ئەم كوراسەیە ئەگەرچی لە رووی قەبارەوە قەبارەی گەورە نییە، بەڵام كارێكی پڕبایەخە بە ئاشناكردنی هونەرمەندان و هونەردۆستان بەم هونەرمەندە، كە بەشێكی زۆر لە كارەكانی پەرش و بڵاوبوون. (بەختیار سەعید)ی ئامادەكاری ئەم كوراسیەیە توانیویەتی لەو (134) لاپەڕەیەدا بەشێكی هەرە زۆری ژیانی ئەم هونەمەندە بنوسێتەوە و هاوكات روانینی چەندین نووسەر و لێكۆڵەریش لەبارەی كارەكانی ئەم هونەرمەندە كۆبكاتەوە لەم كوراسەیەدا بیانخاتەڕوو كە سەرجەمیان جێی بایەخن بۆ دەوڵەمەند كردنی كوراسەكە.

بێگومان ئاوڕدانەوە لە كارەكانی بەدیع باباجان ناكرێت تەنها لە یەك لایەنەوە بێت، بەڵكو پێویستە سەرجەم كارەكانی بۆ چەند بەشێك پۆلێن بكرێت، كە ئەوانیش  بەشێكی ئەو پۆترێتانەن، كە بۆ شاعیرانی كلاسیكی كێشاوە، بەشێكی تری هونەری خۆشنووسییە، هاوكات نووسینی شیعر و ئاشنابوونی لەگەڵا دنیای شیعر و نزیكبوونی لە دنیای ئەدەبیات، ئەمە بێجگە لەوەی كە كاری هونەری بۆ گۆڤارەكانی (گەلاوێژ و نزار) و چەندین بەرگی كتێب كردووە. بەدەر لەم كارانەش كاری ریكلام و پۆستەری بازرگانی كردووە و كڵێشەی بۆ چەندین دراوی عیراقی كێشاوە. لێرەوە تێدەگەین كە هونەرمەند لە چەندین بواری جیاجیادا كاری كرووە و تەنها یەك ئاراستەی هونەری نەگرتووە، بەڵكو بەهرەی ئەم هونەرمەند لە زۆر بواردا دەركەوتووە.

وەك ئاماژەمان بۆكرد بوارەكانیش زۆرجار لە یەكترییەوە دوورنەبوون و تێكڕایان كاركردن بوون لەنێوان هێڵ و رەنگدا، بۆیە خۆشەویستی باباجان بۆ دوانەی (هێڵ و رەنگ) زیاتر لە هونەرەكەیدا قاڵی كردۆتەوە. 

ئەوەی پێویستە لە كۆتاییدا ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە ئاوڕدانەوە لە هونەرمەندانی كورد لە هەر بوارێكی هونەریدا كاریان كردبێت كاركی گرنگ و پڕ بایەخە بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئاوڕ لە هەموو ئەو هونەرمەندانە بدەینەوە، كە تەمەنی خۆیان بە هونەری كوردی بەخشیوە، بەڵام وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەكانیان نەكراوە.

باباجانیش لە ریزی ئەو هونەرمەندانەیە، كە پێویستە ئاوڕی جیدی لێبدرێتەوە و حەقە كۆكردنەوەی كارەكانیدا بواری لێكۆڵینەوە بۆ لێكۆڵەرەوان خۆش بكات بۆ ئەوەی لێكۆڵنیەوەی ورد لەسەر هەموو لایەنە هونەرییەكانی ژیانی ئەم هونەرمەندە بكەن، چونكە ئەم هونەرمەندە دەكرێت نازناوی زیاتری لێبنرێت. دەستخۆشی بۆ رۆژنامەنووس (بەختیار سەعید) ئامادەكاری ئەم كوراسیەیە.   


PM:03:25:02/08/2015

ئه‌م بابه‌ته 2225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064