ناسر ڕەزازی
ناسر ڕەزازی هاوینی ١٩٥٥ لە سنە لە بنەماڵەیەكی دەستكورت و قەرەباڵغدا لەدایكبووە. لە ٦ ساڵیدا دەچێتە خوێندنگای هیدایەتی سنە. ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ مەرزیە فەریقی زەماوەند دەكات. لە دوای وەرگرتنی دیپلۆمی وێژە دەكرێ بە مامۆستای سەرەتایی بەڵام پێش ئەوەی كارەكەی دەست پێبكات، ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران ڕوو ئەدات پاشان دەخرێتە زیندان. لە دوای ڕزگار بوونی لەگەڵ بنەماڵەكەیدا دەچنە شاخ و دەبن بە پێشمەرگەی كۆمەڵە. ساڵی ١٩٨٥ لە دوای وازهێنان لە پێشمەرگایەتی لەگەڵ مەرزیە و دوو منداڵەكەی دڵنیا و ماردین پەنا دەبەن بۆ وڵاتی سوید. لەوێ دەبن بە خاوەنی كوڕێكی تر بە ناوی كاردۆ. ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێنەوە بۆ باشووری كوردستان و لە شارۆچكەی دووكان نیشتەجێ دەبن. هاوینی ساڵی ٢٠٠٥ مەرزیە لە بەر سەركەوتوونەبوونی نەشتەرگەریەكەی لە سویددا مالئاوایی لە ژیان دەكات. 
دوای ماوەیەك ژنێكی خەڵكی مەریوان بە ناوی ئێران دێنێت. ئێستا لە شارۆچكە ی دووكان دەژین.


ژیانی هونەری
ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ١٤ ساڵی‌دا بۆ یەكەمجار چووە سەر شانۆ و گۆرانیی «دەسماڵێ و دەسماڵێ» بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی شاری سنە تۆمار كرد.

یەكەم بەرهەمی كاسێتی بڵاو كراوەی بریتی بوو لە چەند گۆرانییەكی لاسایی گۆرانیبێژە كوردەكان، بۆ وێنە گۆرانیی «ئای چەندەم خۆش ئەوێی»ی عەلی مەردان مەقامی بەیات تورك. بەڵام ناسر ڕەزازی لە مەقامی ماهووردا خوێندوویەتی. یەكەم كەسێك كە لە ژیانی ھونەری دا یارمەتی داوە تۆفیق رەزایی گۆرانیبێژی شاری سنەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە لە شاری سنە تیپی مۆسیقا نەبوو، ناچار ئەبێ پەنا بباتە شاری سەقز لە فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە لەگەڵ ڕەشید فەیزینەژاد و حەبیبوڵڵا نیكبین و چەند كەسێكی دیكە درێژە بە ھونەری گۆرانی وتن بدا و لەگەڵ پەروین مۆشیروەزیری چەند كاروانی شیعر و گۆرانییان لە تەلەفیزیۆنی شاری سنە تۆمار كرد. ناسر ڕەزازی جگە لە كاری گۆرانی وتن شارەزایی زۆری ھەیە لە ئەدەبیاتی كوردی و چەندین بەرھەمی ئەدەبی ھەیە كە بریتن لە ھۆنراوە چوارینە، و ئەمەش یەكێكە لە بەرھەمە شیعریەكانی:

خەمم سەربەرز و شاییم بێ دەماخە
دڵم بۆیە بەشی ھەر ئۆف و ئاخە
بڵێسەی ئاگری جەرگم وەھایە
ئەڵێی كەسی مردووە، ھێندە بەداخە.



لە لایەكی تریشەوە ناوبراو توانی چەند ئاوازێك بۆ گۆرانییەكانی خۆی دابنێ، وەك: پەپوولە، دێوانەخۆم، ماچی خودایی، سەرەمەرگی ھیوا، نیشتمان.

ناسری ڕەزازی لە ژیانی گۆرانی وتنی‌دا لەگەڵ تۆفیق ڕەزایی، موحەممەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، موحەممەد جە زا،جەماڵ موفتی، نەجمەدین غوڵامی و مەرزیە فەریقی گۆرانیی تۆمار كردووە.


ساڵی ١٩٧٨ خۆپیشاندانی خەڵك لە ئێران و ھەروەھا لە كوردستان دژی ڕژێمی موحەممەدڕەزا شا دەستی پێكرد، ڕەزازی بە سروودی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو خەڵكە لە شوێنە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بەشداری كرد، دووای ماوەیەك بوو بە پێشمەرگەی كۆمەڵە و لەگەڵ فەریبۆرز فەخاری، نەجمەدین غوڵامی، كاك كاڵێ، ڕەزا بچكۆل و مەرزیە تیپی بانگەوازیان دانا و لەو ھەلومەرجەدا توانی بەھونەری خۆی درێژە بدات.

یەكەم سروودی «ئەمڕۆ چ ڕۆژە ڕۆژی نۆرۆزە» كەھۆنراوەكەی عابدین موفتی‌زادە یە، سروودی دووھەم «دێم و دێم» شیعری ھێمن و پاشان چەندین سروودی دیكە لەوانە: ئەی شەھیدان، كارگەرین جەنگاوەرین، سەدەی بیستەمە، ھیوا، پێشەنگی زەحمەتكێشان، دەس لەچەكم ھەڵناگرم و ھتدی.

ساڵی ١٩٨٥ ئاوارەی ھەندەران دەبێت، و ساڵی ١٩٩٠ ھاتەوە بۆ باشووری كوردستان و لەنێو خەڵك دا گۆرانی تۆمار كرد. ناسر ئەگەرچی لە سەرەتای گۆرانی وتنی‌دا بە لاسایی كردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژانی كورد دەستی پێكرد، بەڵام دوای ماوەیەك بوو بە خاوەن مەكتەب لە گۆرانیی كوردیدا. لە مەقام‌دا شێوازی مامۆستا تاھێر تۆفیق، ھەروەھا قەتارەكانی موحەممەد ماملێ، و لەبەستەش دا زیاتر لەدەنگی حەسەن زیرەك كەڵكی وەرگرتووە.

بەرھەم و ئەلبۆمەكانی:
دێوانە خۆم (١٩٧٩)
گۆمەشین (١٩٨٢)
لە گوڵان (١٩٨٤)
ھەڵەبجە (١٩٨٨)
ڕەزیانە (١٩٩٣)
نیاز (١٩٩٤)
بە پیرۆز (١٩٩٥)
خەمی نان (١٩٩٦)
كرماشان (٢٠٠٠)
ئێوارەیە (٢٠١٠)
بیرەوەری (٢٠١٢)




ئامادەکردنی: سۆزان عومەر
PM:03:31:04/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064