كاتێ هونه‌ر رۆحی هونه‌رمه‌ند ده‌دوێنێ
محه‌مه‌د كه‌ریم
كه‌ریم كابان، هونه‌رمه‌ندێكی بێوێنه
دیاره من لێره‌دا وه‌كو گوێگرێك و خوێنده‌وارێك قسه له‌سه‌ر به‌خششی هونه‌ریی كه‌ریم كابان ده‌كه‌م، نه‌ك وه‌كو شاره‌زایه‌كی بواری هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا، چونكه له‌و بواره‌دا شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆم نییه‌و ده‌شێ شاره‌زایانی ئه‌و بواره به‌شێوه‌یه‌كی تر قسه له‌سه‌ر به‌خششی هونه‌ریی كه‌ریم كابان بكه‌ن.
كه‌ریم كابان، ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆر گۆرانی نییه، به‌ڵام خاوه‌نی ستایلی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، ده‌توانم بڵێم ستایلێكی بێوێنه‌ی هه‌یه، هیچ هونه‌رمه‌ندێكی تر شك نابه‌م بتوانێت به‌ستایلی ئه‌م هونه‌رمه‌نده گۆرانی بڵێت، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ش كه لاسایی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یان كردۆته‌وه‌و چه‌ند گۆرانییه‌كی ئه‌میان وتۆته‌وه، جگه‌له شێواندنی به‌رهه‌مه‌كان هیچیان پێشكه‌ش نه‌كردووه، بۆیه باشتره واز له‌و لاساییكردنه‌وه‌یه بێنن. هه‌ر خۆی له‌خۆیدا كه هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی ستایلی تایبه‌ت به‌خۆی بوو، واته لاسایی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی نه‌كردۆته‌وه‌و شێوازێكی تایبه‌تی بۆخۆی دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌كورتی و به‌كوردی گوزارشت له‌وه ده‌كات كه ئه‌و هونه‌رمه‌نده داهێنه‌ره، بێگومان هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ره. چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه زیره‌كانه هاتۆته بواری هونه‌ری گۆرانییه‌وه‌و به‌شێوازێكی راقی ده‌ستیپێكردووه‌و ئامانجی ته‌نیا هونه‌رێكی راقی بووه، بۆیه گۆرانی بۆ هیچ بۆنه‌یه‌ك نه‌وتووه‌و نه‌یویستووه بۆ دڵ رازیكردنی ئه‌م و ئه‌و، به‌رهه‌می كرچ و كاڵ پێشكه‌ش بكات. له‌لایه‌كی تره‌وه زیره‌كانه به‌دوای تێكستی شیعری جوان‌دا گه‌ڕاوه‌و به‌ستایله تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی كردوونی به‌گۆرانی.
سێ تێكستی شیعریی قورس
بۆ نموونه هه‌رسێ تێكستی (یاران وه‌سیه‌تم، شه‌و، خه‌و) ئه‌م سێ تێكسته سێ تێكستی قورسن، به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌نده داهێنه‌ره ئه‌وه‌نده داهێنه‌رانه‌و زیره‌كانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون، ده‌توانم بڵێم رۆحی به‌به‌ردا كردوون، بۆیه هونه‌رمه‌ندێكی تر ناتوانێ به‌و شێوازه‌ی كه‌ریم كابان ئه‌م سێ گۆرانییه بچڕێت. چونكه ئه‌و سێ تێكسته ته‌نیا بۆ ده‌نگی كه‌ریم كابان گونجاون. نموونه‌یه‌كی تر، كه‌ریم كابان له‌كاسێتێكدا (كه كه‌متر بڵاو بۆته‌وه) به‌شێوه‌ی مه‌قام شیعری (ناڵه‌ی جودایی) هێمن و شیعری (په‌ری) جه‌مال شارباژێری وتۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و ئه‌م دوو شیعره‌یان به‌گۆرانی وتۆته‌وه نه‌یانتوانیوه به‌شێوازه جوانه‌كه‌ی مامۆستا بیڵێنه‌وه. ئه‌مه‌ش دیسان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان هونه‌رمه‌ندێكی بێوێنه‌یه‌و خاوه‌نی ستایلێكی تایبه به‌خۆی و بێوینه‌یه.
ڤیدیۆی كۆرسی گۆرانی ته‌مه‌ن
بێگومان وتنه‌وه‌ی گۆرانی (ته‌مه‌ن) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كاباندا، له‌كاتێكدا ته‌مه‌ن زه‌فه‌ری به‌م هونه‌رمه‌نده داهێنه‌ره بردووه‌و تاڕاده‌یه‌ك یاده‌وه‌ریی و هۆش و گۆشی لێزه‌وت كردووه، هه‌تا بڵێی كارێكی جوان و ناوازه‌یه‌و راژه‌نینی رۆحی ماندووی هونه‌رمه‌نده له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه. ده‌كرا شاره‌زایانی بواری مۆسیقا‌و گۆرانی و ده‌روونزانییش له‌سه‌ر ئه‌م ڤیدیۆیه قسه‌ی خۆیان بكردایه‌و به‌و شێوه‌یه‌ی شایسته‌یه‌تی شرۆڤه‌یان بكردایه‌و له‌ئاستیدا بێده‌نگ نه‌بوونایه. به‌ڵام دڵنیام ئه‌م كاره‌ش وه‌كو زۆربه‌ی كاره جوانه‌كانی دیكه، قڕوقه‌پی لێده‌كرێ و عه‌ره‌ب وته‌نی (یمر مرور الكرام). بۆیه پێم باشبوو من قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م. به‌داخه‌وه له‌كاتێكدا ده‌یان شتی بێبایه‌خ و لاوه‌كی رۆژانه چه‌له‌حانێیان له‌باره‌وه ده‌كرێ و سه‌ری خه‌ڵكیان پێ ده‌هێنرێته ژان، كاره جوانه‌كان بێده‌نگییان لێده‌كرێ و كه‌س نییه قسه‌یه‌كیان له‌باره‌وه بكات.
ئه‌ی ته‌مه‌نی پڕ ئه‌سرینم، ئه‌ڕۆی ئاوڕ ناده‌یته‌وه
له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێكتا، له‌عومری من ئه‌سڕیته‌وه
به‌رله‌هه‌ر شتێك ده‌ستخۆشی له‌شاعیری هه‌ست ناسك و شاره‌زای شیعری گۆرانی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ده‌كه‌م، كه به‌وێنه‌یه‌كی زۆر جوان شیعری ته‌مه‌ن-ی ده‌ستپێكردووه، بڕواناكه‌م ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌هه‌ڕه‌تی لاویدان و هێشتا ته‌مه‌ن رۆژه‌كانی ژیانیانی كاڵ نه‌كردۆته‌وه، ده‌رك به‌جوانی ئه‌م شیعره‌و وێنه جوانه‌كانی بكه‌ن، بۆیه ئه‌م شیعره هێنده‌ی هه‌ستی به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌هێنێته جۆش و خرۆش، كار له‌هه‌ستی لاوان ناكات. ساڵانێك پێش ئێستا كه مامۆستا كه‌ریم كابان هێشتا توانای گۆرانی وتنی مابوو، ته‌مه‌ن گورزی لێ نه‌وه‌شاندبوو، جوان ده‌ركی به‌موعاناتی ئه‌م شیعره كرد‌و زانی له‌گه‌ڵ سۆزی ناخی ئه‌ودا دێته‌وه، بۆیه كردی به‌گۆرانی و وه‌كو به‌رهه‌مێكی ناوازه پێشكه‌شی كرد، به‌م شێوه‌یه ئه‌م شیعره‌ی، له‌ناو دیوانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د-ه‌وه گوێزایه‌وه بۆ یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكی هونه‌ردۆست و ئاشنا به‌هونه‌ری ره‌سه‌ن و راقی.
هونه‌ر جادووی خۆی كرد
ئێستاش كاتێ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندو هونه‌ردوست له‌به‌رده‌می مامۆستا كه‌ریم كاباندا هه‌مان گۆرانی ته‌مه‌نیان وته‌وه، به‌داخێكی زۆره‌وه، مامۆستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌ن زه‌فه‌ری پێ بردووه‌و توانای جه‌سته‌یی كه‌مكردۆته‌وه‌و زاكیره‌شی كاڵ كردۆته‌وه، سه‌ره‌تا نه‌یده‌زانی مه‌سه‌له چییه‌و ئه‌وان چ گۆرانییه‌ك ده‌ڵێنه‌وه، به‌ڵام هێدی هێدی هونه‌ر جادووی خۆی كرد‌و مامۆستای به‌یاده‌وه‌ریی خۆی ئاشنا كرده‌وه، گه‌ڕاندییه‌وه بۆ ئه‌و له‌حزه‌یه‌ی ئه‌م گۆرانییه‌ی تیا وتوه، نه‌ك ته‌نیا گۆرانییه‌كه‌ی هێنایه‌وه یادی به‌ڵكو ئاماژه‌كه‌ی ده‌ستیشی هێنایه‌وه یادی و له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌دا به‌هه‌مان شێوازی وتنی گۆرانی ته‌مه‌ن ده‌ستیشی له‌گه‌ڵیدا كه‌وته جووڵه. به‌ڕای به‌نده ئه‌و له‌حزه‌یه‌ی كه توانی رۆحی هونه‌رمه‌ند رابژه‌نێ و بیخاته جووڵه‌و به‌ڕابردووی شادیی ئاشنا بكاته‌وه، سه‌رمایه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، كه‌س ناتوانێ به‌های بۆ دیاری بكات. چونكه هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه به‌ڕۆحی خۆی ئاشنا ده‌بێته‌وه‌و بۆچه‌ند ساتێكیش بێت باری گرانی خه‌می ته‌مه‌نی له‌شان داده‌ماڵێت. بۆیه ده‌ستخۆشی له‌خاوه‌نی ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌كه‌م كه توانی له‌ڕێگای هونه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه دڵ و ده‌روونی مامۆستا كه‌ریم كابان شاد بكات. ده‌شێ شاره‌زایه‌كی بواری ده‌روونزانیی به‌چه‌ندان هه‌وڵی له‌و شێوه‌یه نه‌توانێ دڵی نه‌خۆشێك شاد بكات و بیخاته‌وه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه گۆرانی بڵێت، به‌ڵام وه‌كو بینیمان هونه‌ر جادووی خۆی كرد‌و رۆحی مامۆستای شاد كرد. هونه‌ری ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌و داهێنه‌رانه ئه‌و هونه‌ره‌یه كه كه‌س ناتوانێ به‌های بۆ دیاری بكات و هه‌تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌م بابه‌ته 2696
جار خوێنراوه‌ته‌وه