نووسینی: تهحسین تهها چۆمانی
لالش و عەشتار لە کارەکانی ئاودێر عوسماندا، دەتوانرێ لە روانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام خاڵی هەرە سەرەکی لەم کارەدا بەر لە هەر شتێک مرۆڤ بۆ ئەوە رادەکێشێت، کە هونەر بەتایبەت هونەری نیگار کێشان دەتوانێ رەوتە جیاواز و دوور مەوداکان لە دڵی خۆیدا هەڵبگرێت. ئەمڕۆ کە ئینسانی کورد لە ساتەوەختێکی مێژوویی خۆیدایە، هەمانکات لەبەردەم ئاوێنەیەکی روونی رابردووی خۆشی دایە.
بەڵام ئەوەی کە نابینرێت بە تایبەت لە بەرهەمی کارە هونەریەکانی هونەرمەنداندا، ئەوەیە کە کەم بیر لەوە کراوەتەوە کە چۆن بتوانین سیبمول و هێما دەگمەنەکانی قۆناغ و سەرەمە جیاوازەکان لە تەک یەکدا کۆبکەینەوە، یان بە یەکەوەیان ببەستینەوە.
ئەو پرسیارەی کە دەکرێ لەمەڕ ئەو بابەتەوە بکرێت ئەوەیە، ئایا ئیشی هونەرمەندانی نیگار کێش بەتایبەتی تەنیا کارکردنە بەخەیاڵ کە هەمان ئەو ئایدیای خۆیان دەیانەوێ هەر ئەوە بگەیەنین؟ یان دەبێت لە ساتەوەختێکی وەک ئەمڕۆدا دەبێت لە نێو واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی خۆماندا بژین؟ ئەم کارەی ئاودێرعوسمان بەتەواوەتی لە کارەکانیدا ئەوەمان پێ دەڵێت هونەرمەندێک ئەگەر نەتوانێ لەناو واقیعی ژیانی کۆمەڵاتی خۆیدا بژیت، ئەوا هونەرمەندێکە بە تەواوی مانا لە هونەرمەندێکە خاڵییە لە باسکردنی واقیع.
وەختێک باس لەوە دەکەین کە هونەرمەندان دەبێت لە هەمان ساتەوەختی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیاندا بژین، ئەوا دەتوانین بڵێین لە کوێوە لەوە تێدەگەین کە بوونی هونەرمەندان لە نێو فەزاو دنیای ئێمەدا پێگەی خۆیان دادەگرن، هەروەک چۆن و لە کام روانگەوە هەست بە بوونی ئەمان دەکەین و لەگەڵ کارەکانیان بەریەک دەکەوین؟ ئەمە پرسیارێکە وەڵامدانەوەکەی دەمانخاتە بەردەم ئەو قورساییەی هونەرمەندان، یان بڵێن هونەرمەندانی واقیعگەرا. بەتایبەت ئەوانەی کە هێشتا دەیانەوێت لە هەناوی پڕ مەینەتی مێژووی ئینسانی کوردا بەرگری لە چەندین راستینەی مێژوویی بکەن. کە دواجار روانگەی ئێمە بۆ بەرگریکردن وقسەکردن لە مێژووی پڕ کارەسات بەهێزتر دەکەن.
دوورناڕۆین ئەگەر بڵێین دنیای شێواوی ئێمە، راستینەکانی لە بەردەماندا کردۆتە شتێکی بێ بەها، هەروەک روانینمان بۆ هەموو ئەو سمبولانەی ئەمرۆ خزمەت بە دیوی دووەم و راستەقینەی مێژووی کۆن و نوێمانەوە هەیە کردۆتە روانینێکی پشت گوێ خرواو ناپێویست. ئەمە دیسانەوە پەیوەندی بە دنیای سیاسی و کۆمەڵاتی ئێمەوە هەیە کە ئەمڕۆ بە جارێک شێواوە کە دەلاقەیەکی بۆ هونەرمەندان نەهێشتۆتەوە باس لە کەسەکانمان بکەن، مەبەستم لە نەهێشتن بەدەمەوە نەچوونەوە بۆ گرنگی کارەکانیان.
دەبێت ئەوە بڵێم وەختێک کارەکانی ئاودێر عوسمان لە تاران نمایشدەکرێن و خەڵکانێک کارەکانی دەبین و ئەو بەیەکەوە بەستنە مێژووییە دەرک دەکەن، کە کورد بەتایبەت لە ساتەوەختی ئێستایدا هێشتا هەر لەبەردەم قۆناغێکی دیکەی کارەساتدا دایە. وەک ئەوەی ئەمە حکومێک بێ و مێژوو دواین قسەی خۆی کردبێت.
ئاودێر عوسمان وەختێک دەیەوێ ئەم کارە بکات وەزیفەیەکی دیکەشی لە ئەستۆی خۆی گرتووە، ئەرکێک کە مێژوونووسان و رۆشنبیرانمان ناتوانن بەم کاریگەری دانانە، مێژووی کۆن و نوێ لە یەک ساتدا پیشان بدەن. لێرەوەیە کە گرنگە هونەرمەند، هەڵگری هەمان راستینەی کۆمەڵگەکەی خۆی بێت.
لالش و عهشتار لە کارە نوێیەکەی ئاودێر عوسماندا، دوو دنیابینی جیاواز و دوو سەردەمی جیاوازی ئێمەن، بەڵام یەک رەنگدانەوەیان لە سەردەمێکی تەواو جیاوازدا هەیەو دێنەوە بەردەم تێڕامانی ئێمە کە چیتر باسکردنیان لە تێکستەکاندا ناتوانێ لەناو دنیای یادەوەری و خەمناک و پڕ کارەساتی ئێمەدا ببێتەوە. مرۆڤ هەمیشە لەسەردەم و قۆناغی جیاوازدا دەبێ بەر شتی نوێ و جیاواز بکەوێت، بێ بوونی ئەم جیاوازیانە ئەستەمە هەست بەوە بکەین لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین.
کارەکانی ئاودێر عوسمان و بیرکردنەوەی ئەو، دوو دنیای لە یەک جیاواز و دابڕاو نین، بەم جۆرە وەختێک کارەکانی دەبینین خودی ئاودێر خۆی لەناو کارەکانیدا دەبینین، ئەمە هەمان ئەو بەرگریکردنەی هایدگەرمان بیر دەخاتەوە، کە پەیوەست بە فەلسەفەکەیەوە دەربارەی هونەرو هونەرمەند ئەوەمان پێ دەڵێت، کە کاری هونەری و هونەرمەند لەیەکتر جیاواز نین، هەروەک چۆن لەیەکتریش جیا ناکرێنەوە.
ئهم بابهته 1810
جار خوێنراوهتهوه