ئامادەكردنی: سۆزان عومەر
هونەرمەندی بە ئەزموون "كەریم كابان" یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە
نزیكەی نیو سەدەیە خزمەت بە هونەری گۆرانی كوردی دەكات، ناوی (عەبدولكەریم
جەلال مەحموود عەزیز كابان) ـە. ساڵی 1927 لە سلێمانی لەدایك بووە. سەرەتا،
لە قوتابخانەی ئایینی و دواتر لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) خوێندویەتی.
ماوەیەكیش خزمەتی پۆلیسی كردووە. سەرەتای كاری هونەریی، بۆ ئەو كاتانە
دەگەڕێتەوە كە لە تیپی سروودی قوتابخانەكاندا بووە.
لە سەرەتای چلەكانیشدا، لەو ئێزگەیەدا گۆرانی وتووە كە ئینگلیزەكان لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانییدا دایانمەزراندووە.
هەر لەم ماوەیەدا بووە یەكەمین گۆرانی خۆی بەناوی (لە ڕێی دڵداری) بۆ ڕادیۆی بەغداد تۆمار كردووە.
كەریم كابان خاوەن دەنگێكی بە سۆز و شێوازێكی تایبەت بەخۆیەتی. لەگەڵ
هونەرمەندی شەهید (قادر كابان)ی برایدا، لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هونەرمەندانەن
كە گۆرانی فۆلكلۆریی كوردییان لە بیرەوەریی و ناو ماڵەكانەوە بۆ سەر تەختی
شانۆ گواستووەتەوە. جگە لە گۆرانیوتن، لە بواری ئاوازدانانیشدا كاری
كردووە و ئاوازی بۆ زۆربەی گۆرانییەكانی خۆی و چەندین هونەرمەندی تریش
داناوە.لە ماوەی ژیانی هونەرییدا، لە چەندین ئاهەنگ و فیستیڤاڵدا بەشداری
كردووە و چەند جارێكیش خەڵات كراوە.
برای گۆرانیبێژی كۆچكردوو (قادر كابان)ە و بە بنەماڵە دەنگخۆش و
هونەرپەروەر بوون. كابان یەكێكە لە گۆرانیبێژانی دیار و ناسراوی كورد كە
خاوەنی ریتم و دەنگێكی تایبەتمەندە لە گۆرانی و میلۆدیی كوردیدا، ساڵی 1945
لە بەغدا بووەتە بەڕێوەبەری بەشی كوردی لە رادیۆی بەغدا، هەر لەو ساڵەدا
ئاهەنگێكی گەورەی گۆرانیی ساز كردووە و پێشوازییەكی زۆری لێ كراوە، هەر لەو
ساڵەشدا یەكەمین بەرهەمی گۆرانیی خۆی بڵاو كردووەتەوە كە برێتی بوو لە 8
گۆرانی و دیارترینیان گۆرانیی (یاران وەسێتم، شەو) بووە.
دەربارەی ئەو كارانە كابان ئەوەی خستە ڕوو:" ساڵی 1945 و ساڵێكی
دواتریش بە بەردەوامی لەئێزگەی بەغدا بووم، هەموو رۆژانێكی هەینی نیو
كاتژمێر گۆرانیم تۆمار دەكرد، ئەوكات بەشێوەی راستەوخۆ گۆرانییەكانمان
دەگوت لەئاهەنگ، چونكە دەنگ تۆماركردن نەبوو، لەو دەمەشدا قەوان هەبوو، نەك
ئەم ئامێرە تازانە.
كەریم كابان لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆشیەوە ئەوەی ئاشكرا كرد: جاران
هەموو ئێوارانێكی ڕەمەزان لە مزگەوتی بن تەبەقی شاری سلێمانی بانگی داوە،
هەروەهادەربارەی خواردن، كەریم كابان باسی لەوەكات كە حەزی برنج و بامیەیە،
بەڵام بە گۆشتەوە، چونكە ئەو دەڵێت"هەر خواردنێك گۆشتی تێدا نەبێت، ئەوا
تامیشی نییە".
كەریم كابان لەسەر دەمێكدا دەستی بە
گۆرانی وتن كرد، گۆرانی وتن عەیبە بوو، بە هونەرمەندیان دەوت "لۆتی"، ئەو
تێگەیشتنەی خەڵك بۆ هونەرمەندان ناخۆش بوو، هەموو كەسێكیش قبوڵی ئەوەی
نەبوو پێی بگوترێ "لۆتی".
گۆرانیەكانی كەریم كابان، هەمووی بۆ عەشق گوتراوە، ئیتر عەشقی
نیشتمان بێت یاخود عەشقی ئافرەت، یاخود زۆرجار بۆ برادەر و خۆشەویستی ئەو
دەوترێت.
شوان كەریم كابان دەربارەی تەندروستی باوكی وتی:"باوكم بە هۆی ئەوەی
تەمەنی زۆرە، ئێستا هەموو كەسێك ناناسێتەوە و چاوەكانیشی زۆر كزبوون".
كەریم كابان پێشتر گوتبووی حەز دەكات بەر لەوەی بمرێت ببێتە خاوەنی
خانووی خۆی. شوان دەڵێ "راستە باوكم ئەو قسەیەی كردووە، بەڵام ئەو خانووەی
تێیدا دەژی موڵكی شارەوانییە و كرێیەكەشی كەمە، ئەگەر نا حكومەت پارچە
زەوییەكیشی پێدا، بەڵام باوكم ئامادە نەبوو ئەو خانووە جێبهێڵێ، چونكە
هەموو یادگارییەكانی لەو ماڵەدایە".
سەبارەت بە دوا بەرهەمیشی، شوان وتی "4 ساڵە بەرهەمێكی باوكم ئامادەیە، بەڵام نەخۆشی ناهێڵێت تەواوی بكات".
كەریم كابان، پێش نەخۆش كەوتنی دەربارەی ئاواتەكانی سەردەمی گەنجی
وتبووی:" بەخوا هەزار ئاواتم هەبوون نەهاتنە دی، "لێرە گریا"، هەرە ئاواتی
گەرەم رزگاربوونی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە.
لە بەرەبەیانی 14/1/2015 هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان كەریم كابان لە نەخۆشخانەیەكی شاری سلێمانی كۆچی دوای كرد و بە یەكجاری ماڵئاوایی لە هونەر دۆستان و گوێگرانی دەنگی كرد.
ئهم بابهته 2025
جار خوێنراوهتهوه