د. یادگار کەمال ئەحمەد-زانکۆی کۆیە
ئەگەر چی مێژووی سەرەتای درووستبوونی زایۆنیزم لە ١٣٠ ساڵ تێپەر ناکات، بەڵام لەکاتی خۆیدا بەکەمتر لە ٢٠ ساڵ توانی بەڵێنێکی گرنگ بەدەست بهێنێت لەلایەن ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا (بەڵێننامەی بەلفۆر ١٩١٧) کە ئەنجامەکەی درووست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو لەساڵی ١٩٤٨.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە وەرچەرخانێکی مێژوویدا هەمان دۆخ و خەسڵەت کەبۆ زایۆنیستەکان هەبوو ئەوکاتە ئێستا بۆ کورد رەخساوە. ئەگەر ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ١٩١٦ بەبەراوورد لەگەڵ ساڵانی ٢٠٠٠بۆ سەرەتای ٢٠١٦ هەروەک نموونەیەک بۆ پەیوەندی نیوان کورد و جولەکەو بەریتانیا وەربگرین، ئەوا مێژوو پێمان دەڵێت کە ئەو کاتەی کە بەڵفۆر بەڵێننامەکەی گەیاندە دەستی سەرکردەی زایۆنیستەکان گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم بوو کە رۆژهەلاتی ناوەراست پشکی شێری زیانەکانی ئەو جەنگەی بەرکەوتبوو. ووڵاتانی بەشداربووی ئەو جەنگە بریتی بوون لە عوسمانیەکان، رووسیای قەیسەر(سەرەرای شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە رووسیا)، ئیران و وڵاتە زلهێزەکانی خۆرئاوا. دەبینین ئیستا دووبارە جەنگ لەناوچەکە هەڵگیرساوە تەوەو هەر ئەو ووڵاتانە بەشدارن تەنانەت لەوەش باشتر ئێستا دەسەلاتی عەرەبی شۆفینی زۆر لاوازو پەرتووبڵاو بووە کەبێگومان لە قازانجی گەلی کوردە.
مێژوو پێمان دەڵێت کە پێشتر لەو بەروارە جوولەکەکان لە ئەورووپادا میوان بوون و بڵاوەیان پێکراو هەژار و بێدەرامەت و بێ دەوڵەت بوون. چاوەڕێی یارمەتیان لەدەستی هەموو کەسێک دەکرد. ئەوەش بەهۆی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری رووسیا و هەندێک لەکۆمەڵگای ئەورووپی بوو. دەبینین ئیمەی کورد خراپتر لە جوولەکەمان پێکراوە لەخاکەکەی خۆماندا.
مێژوو پێمان دەڵێت ئەوکاتە هەزاران گەنج و لێقەوماوی جوولەکە لەدەڤەری کاڵاس (Calais) ی فەرەنسی چاوەرێیان دەکرد هەرچۆنێک بیت بگەنە بەریتانیا مافی پەنابەرێتی بەدەست بهێنن. ئێستا دەبینین بەسەدان و هەزاران گەنجی کورد لەهەمان جێگا بەدەم ئازاری برسێتی و سەرماوسۆڵەی زستان رۆژ دەکەنەوە هەمان خەونی ١٠٠ سال لەمەوبەری جولەکەکانیان هەیە: مافی پەنابەرێتی و ژیان وەک مرۆڤ.
مێژوو پێمان دەڵێت ئەوکاتە خەڵکی ئینگلتەرا کۆچی جوولەکەکانیان لاپەسەند نەبوو، ئەوەبوو کۆمەڵەی برایانی بەریتانی لەساڵی ١٩٠٢ هاتنە سەرشەقامەکان و پاشان فشاریان خستە سەر (بەلفۆر)ی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا -کە سەر بە پارتی پارێزگاران بوو- یاسای کۆچی بەریتانیا قورستر بکات بۆئەوەی ڕێگریان بکات و پێنەخەنە خاکی بەریتانیا.
بینیمان لە دەیەی رابووردوودا بەهەمان شێوە چەندین رێکخراو لایەنی سیاسی بەریتانی هەمان فشاریان خستۆتە سەر (کامیرۆن) ی سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا- کە هەر سەر بە پارتی پارێزگارانە بەمەستی ئەستەم کردنی یاسای کۆچی بەریتانیا لە سالی ٢٠١٦دا تەنانەت ئەگەر باجی چوونە دەرەوەی لەیەکێتی ئەوروپا بدات.
مێژوو دووبارە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەوکاتەی بەلفۆر بوو بە وەزیری دەرەوە لە حکومەتەکەی (دەیڤد لۆیدس) لە ساڵی ١٩١٦، توانی بە کەمتر لەساڵێک بەڵێننامەی بەلفۆری ١٩١٧ بهینیتە کایەوە کە دەبێت جولەکەکان دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان بۆ دابمەزرێت لەسەر خاکی فلسگین، ئێستا دەبینبن جێرمی کۆبدینی سەرۆکی پارتی کرێکاران (هەرچەندە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنە) بەکەمتر لەساڵێک بوونی بە سەرۆکی پارتی ناوبراو بە ئاشکراو راشکاوانە لەناو پەرلەمانی بەریتانیا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات. لەوەش باشتر بەبێ بوونی لۆبیەکی بەهێزی کوردی لەئاستی نێو دەوڵەتیدا، هەندێک لە سەرکردەی ووڵاتە زلهێزەکان پرسی دەوڵەتی کوردی تاو توێ دەکەن.
کەواتە مێژوو پێمان دەڵێت کورد لەبەردەم هەمان دەرگای قەدەردایە کە جولەکەکان ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر توانیان بیکەنەوە. پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا کورد دەتوانێت ئەودەرگایە بکاتەوە بۆ پرۆسەی بە دەوڵەت بوون؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبیت بروای تەواومان بەو بیرۆکەیە هەبیت کە دەوڵەت دروست نابیت ئەگەر کۆمەلێک هەل و مەرجی پیشوەختە کاری بۆنەکرابێت، وە گرنگترینیان ووشیارکردنەوەی ئەو تاکانەیە کەدەبنە خاوەنی ئەو دەوڵەتە.
وەکاتێک کە سەرکردە زایونیستەکان بەیەک دەنگ توانیان لە ماوەیەکی کورتدا پەیامی هووشیارکردنەوە بگەیەنن بە زۆربەی کۆمەڵگا جولەکە نشینەکانی ئەرووپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کەدەبێت کار بکەن بۆگەراندنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەخاکی رەسەنی خۆیان لە (قدس). بەداخەوە تائێستاش ناوەندی سەرکردایەتی کوردی کاری بۆ دەولەتی کوردستان نەکردوە بەبیانووی جیاجیا.
زایۆنیستەکان لەسەرەتادا تاکی جولەکەیان وا رادەهێنا سەرەرای ئەو هەموو چەوسانەوەو کۆمەڵکوژیەی بەرامبەریان کراوە لە رووسیاو ئەورووپا، ئەوان هێشتا میوانن لەو ووڵاتانەو دەبێت بگەرێنەوە بۆ خاکی رەسەن بۆیە نابێت هیچ نەتەوەیەکی تر بەدووژمن دیدە بکەن تادامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، ئەوکات دەردەکەوێت کێ دۆستەو کێ دووژمنە! بەڵام ئێمەی کورد بۆ سەدەیەکە لەناو خاکەکەی خۆماندا واراهێنراوین کەلەو خاڵەدا چەق ببەستین کە تاکی عەرەب و فارس و تورک دوژمنی سەرسەختمانن!
زایۆنیستەکان توانیان پەرەبدەن بە زمانی عبری بەمەبەستی یەکخستنی جولەکەی هەموو جیهان. بۆیە ئەوجولەکانەی کە بە زمانەکانی (یدیش و عەرەبی و تورکی و لادینۆیی) قسەیان دەکرد توانیان لە یەک حاڵی بن. بەڵام ئیمە لەکوردستان هێشتا زۆرمان ماوە بتواننین ئەو سێ کرمانجە لەیەک نزیک بکەینەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان تەنانەت لە باشووری کوردستانیش. بۆیە لەیەک حاڵی نابین.
زایۆنیستەکان سوودیان زۆر لە ئایین و کەلتووری رەسەنی جوولەکە وەرگرت بۆ ئامانجەکەیان، بەڵام کورد نەک هەر نەی توانیوە سوود لە ئایین وەربگرێت بەلکو تەنانەت جار جار و لێرەو لەوێ خەلکانێکی کاریسما دەردەکەون دژی ئایین بوون. ئایینی زۆرینەی گەلی کورد ئاینی ئیسلامە، بەلام بەپێی پێویست سوودی لێنەبینیوە بۆ ئامانجی و بەرژەوەندی خۆی بۆیە بەناوی ئیسلامەوە چەوسێنراینەوە و قردەکرێین.
زایۆنیستەکان جوولەکەکانیان واپەروەردە کرد کە لە شوێنێک بن لەم جیهانەدا دەبێت جولەکایەتی بکەن بە بروای تەواوەوە لە چوارچێوەی ئیسرائیلی بووندا کە هێشتا ناو بوو بەڵام لەواقیعدا بوونی نەبوو، کارکردن لەسەر ئەو بروایە ئەوەندە کاریگەر بوو تائێستاش لەهەر ووڵاتیک جوولەکەیەک دەبینیت هەست دەکەیت دەوڵەتێکی لەپشتە-کەئیسرائیلە-. بەواتایەکی تر ئەمە لەوەوە ڕێچکەی وەرگرتووە کە باو باپیرانیان بەر لە ١٠٠ ساڵ بەوباوەرەوە ئیشیان کردوە کە جولەکەبوون(Jewishness) و ئیسرائیلیسم (Israelism) و (Eretz Yisrael) خاكی ئیسرائیل هەیە. لەبەرامبەردا کورد تەنها لە بازنەی کورداییەتی بووندا دەسووڕێتەوە ونەگەیشتۆتە ئاستی کوردستانی بوون.
واتە (Kurdism) بوونی هەیە بەڵام کوردستانیزم Kurdistanizm لەخەیالێ تاکی کوردا بەکرچ و کاڵی بوونی هەیە، تەنها ئەوە نەبێت لە قوتابخانەکان وێنەی جوغرافیای کوردستانی گەورە دەبینین یان لە شیعرەکەی ئیبراهیم احمد کە کرۆکی بابەتەکەو بیرۆکەی کوردستانیزم دەوروژینێت و دەڵێت: نە عەرەبم نەئێرابیم نە تورکێکی شاخستانیم، نەک من هەرخۆم مێژووش ئەڵێت کە کوردم و کوردستانیم.
کەواتە ئەگەر بگەرێینەوە پرسیارەکەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە کورد لەم ئاستەدا توانای کردنەوەی ئەودەرگایەی نیە کە قەدەر بۆی داناوە، وە ئەگەر قەدەر هەر بەزۆر دەرگامان بۆ بکاتەوە، بەبێ پتەوکردنی بیرۆکەی کوردستانیزم، ئەوا دەوڵەتێکی پر لەکارەسات درووست دەکەین.
د. یادگار کەمال ئەحمەد
ئهم بابهته 1461
جار خوێنراوهتهوه