هاوشێوە زەمەنییەكان
  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گەرچی گۆڕانكاری بەسەر بۆچوونەكەیدا هات،بەڵام زانای گەردوونناسی سویدی ئەندرس سلسیوس دەڵێت"لەبنەڕەتدا پلەی سفر پڕاوپڕ لەپلەی بەستنی ئاوەوە دەست پێدەكات".ڕەنگە هەر ئەم بۆچوونەش بێت كەبووە دانانی بەردی بناغەی تیۆرەكەی ڕۆڵان پارت بەنێوی"پلەی سفر" كەتیایدا دەڵێت"پلەی سفر پەیوەستە بەژمارەیەك لەدەستەواژەی قسەكردن ودەبڕینی كەلەنێوانیاندا كۆمەڵێك گرێبەستی وهاوپەیوانێتی بەدی دەكرێت".

بنەمای ئەم هاوپەیمانێتیە دەگەڕێتەوە بۆ پلەی هاوشێوەیەتی مانای دەستەواژە ودەربڕینەكان.ئەم كارە خۆی بۆخۆی دەچێتە نێو پڕۆسەی هاوشێوە زەمەنییەكانی كاركردن وگێڕانەوەییەكان وەك ئەوەی سەرجەم زەمەنی گێڕانەوەكان خۆیان لەیەك گێڕانەوەدا ببینێتەوە وهەمووشیان بەجیاوازی زەمەن خاوەن یەك كارنامە بن.واتە پلەی سفر دەبێتە كردارێكی هاوبەش بۆ زەمەنی ڕابردوو وئێستا وئایندە.بەمەش هەستی وناهەستییەكان یەك مانایان دەبێت وەك ئەوەی بلێین واقیع خەیاڵە وخەیاڵیش واقیع.ئەم بۆچوونەی ئێمە لێرەدا یەك ناگرێتەوە لەگەڵ بۆچوونی زانای سایكۆڵۆژی جاك لاكان(1901- 1981) لەكاتێدا دەڵێت "بونیادەكان بەشێوە گشتییەكەی بونیادێكی ناهەستییە وزۆریش دەشوبهێت بەدۆخی خەونەكان".خودی خۆم كەمنداڵ بووم گەورەكان بەمامۆستاكانیشەوە پێیان دەگوتم "زەوی خڕە".

منیش بەهۆی نەبوونی ڕۆشنبیرییەكی گونجاو وشایستە نەم دەزانی بۆچی خڕە وهەر زووش باوەڕم دەكرد.ئەم وەرگتنەم كوێرانە بوو وەك هەموو وەرگتنە سەرەتاییەكانی ترم.دوای ئەوەی گەورە بووم،لەلایەكەوە لەڕێگەی خوێندنەوەی سەرچاوە ڕەخنەییەكان بەتایبەتی تیۆرەكانی ڕۆڵان پارت وجیرا جینێت شتێك لەناوەڕۆكی سفرگەرایی تێگەیشتم.لەلایەكی تریشەوە لەڕێگەی پراكتیكەوە تێگەیشتم كەبۆچی زەوی خڕە .ئەمەیان بەبێ ئەوەی بچمە نێو هەوڵە پراكتیكەكانی فردیناند ماجەلان ەوە.

زەمەنی پراكتیكەكەی منیش خۆی لەدوو زەمەنی هاوشێوە لەكێشە وقەبارە وڕووبەردا دەدۆزێتەوە.زەمەنی دوای ڕاپەڕین بەساڵێك لەگەڵ زەمەنی ئەمڕۆ.لەهەردوو زەمەنەكەدا تێكڕای خەڵكی ڕووبەڕوی كێشەی ئابووری وكارگێری وسایكۆڵۆژییەكان ببووەوە ودەبێتەوە.ئەمەش لەلایەكەوە نیشانەی وونبونی پلانە تۆكمەكانە.لەلایەكی تریشەوە بەگەڕخستنی دام ودەزگاكانە لەڕێگەی نەشارەزایانەوە.لەزەمەنی ڕابردوویاندا- دوای ڕاپەڕین- ئاستی بژێوی خەڵكی بەشێوەیەكی گشتی ومامۆستایانی زانكۆ بەتایبەتی لەوپەڕی  سەختی وقورسیدا بوو.كار گەیشتە ئەوەی، وەك ئەمڕۆ، خەڵكی ڕوو لەهەندەران بكەن.لەم ساتەوەختەدا ڕۆژێك سەردانی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمم كرد.كەچوومە ژوورەوە هەندێك ئەفسەری باڵاش دانیشتبوون.



دوای ئەوەی خۆمم پێشكەش كرد وئەویش ڕێزێكی زۆری لێنام،فەرمووی بفەرموو.منیش ووتم ماوەیەكی زۆرە مامۆستای زانكۆ وخاوەن بڕوانامەی دكتۆرام وهەڵگری نازناوی پڕۆفیسۆری یاریدەدەریشم ودەمەوێت وەك پۆلیسێك داببمەزرێم.ئەو كات، وەك ئەم خشتە نوێیەی مووچە، پارەی پۆلیس زیاتر بوو لەمامۆستایەكی زانكۆ.زۆر بەلایەوە سەیر بوو. ووتی مەبەستت چیە؟ ووتم بەو پارەیەیی كە وەری دەگرم ناتوانم بژێویی خۆم ومنداڵانم مسۆگەر بكەم ومووچەی پۆلیسیش زۆرترە لەمووچەی من وناشمەوێت بڕۆم بۆ هەندەران !جەنابیان زوو لەنامەكەم گەیشتن ولەكۆبونەوەیەكی ئەوسای ئەنجومەنی وەزریراندا ئەمەی منی گێڕابۆوە.پاش ماوەیەك بار قورسی وگرانییەكان لەسەرمان زۆر سووك بوو.

لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا ڕەنگە جارێكی تر بڕۆمەوە بۆ لای هەمان وەزارەت وداوای ئەوە بكەم كەڕاژەكەم بگوێزمەوە بۆ سەر وەزارەتەكەیان.بەڵام كێشەی ئەم جارەیان لەوەدایە كە:



1- نرخی مامۆستای زانكۆ وەك پێویست نەماوە وڕەنگە بۆ ئەم جارەیان ڕێگەم پێنەدرێت كەجەنابی وەزیر ببینم.ئەویش بەهۆی ئەوەی خوێندن لەم زەمەنە نوێیەدا بۆتە پڕۆسەیەكی گاڵتەجاڕی وژمارەی زانكۆكان خەریكە پێدەنێتە ژمارەی دواناوەندییەكان وبابەتیبوون لەسستمی خوێندنی باڵا پێی ناوەتە دۆخی یاخی بوون وزانكۆكان ئەوانە پاداشت دەكات كەزۆربەیان شایستەی ئەو ڕێزلێنانە نین ودانانی پۆستەكان لەڕێگەی مەحسوبیەت ومەنسوبیەت وزەمەن وماوەی خوێندن وەك نیوە مووچە وكەمتری لێهاتووە وئەوەشی دەوام نەكات هیچی بەرامبەر ناكرێت وئەو مامۆستایەی كەبەدوای زانست وبابەتیبووندا دەگەڕێت ئەوا لەفۆڕمی هەڵسەنگاندنەكاندا كەمترین خاڵ بەدەست دەهێنێت...هتد.

2-بەها مەعریفی وفیكری ونەتەوایەتی ونیشتمانییەكان بەرەو كاڵبوونەوە وتۆران دەچن ولەجیاتی ئەمانە كار لەسەر تیۆرە كوردییە كڵاسیكەكە دەكرێت كەدەڵێت"ئۆخەی ئۆخەی هەچ كەس بۆ خۆی".لەم نیوەندەدا نیشتمان وەك نیشتمانەكەی شێركۆ بێكەسی لێدێت كەلەدەقە واڵاكەیدا بەنێوی "ئێستا كچێك نیشتمانمە" باسی لێوە دەكات.

3-بەها سۆسیۆڵۆژییەكان بەرەو تێكشان وپەرت پەرت بوون دەڕۆن.نەمانی ویژدانی دادپەروەری لەسستمی حوكم وكاركردن بۆتە دیاردەیەكی هەرە زەقی ژیان،وەك ئەوەی گەر درۆ نەكەیت ئەوا كەس باوەڕت پێناكات،یان گەر زوڵم نەكەیت ئەوا كەس پێت ناڵێت دادپەروەر.

4-دەمامكەكان بەشێوەیە گشتییەكەی ودەمامكە سیاسییەكان بەشێوەیە تایبەتییەكەی لەڕووی خاوەنەكانیان داماڵران وهاتنە خوارەوە وئەوەی دوێنێ چاوەڕوان نەدەكرا ئەوا ئەمڕۆكە بینرا.پڕۆلیتارەكان بوون بەسەرمایەدار وخاوەن كۆمپانیا قەبە وگەورەكان.ڕۆبن هوودەكانی دوێنێ، لەئەمڕۆدا، لەبەرژەوەندی خۆیان كار دەكەن كەدەبوو پارووی دەمی خۆیان بدەن بەجەماوەرەكانیان. 

5-باوەشكردنەوە بۆ چەمكی بێ منەتی.ئەم بێ منەتییە بۆتە دەسەڵات ویاسا.ئەمەش جۆرێكە لەخۆبایبوون ولەخۆبەزلزانین وخۆهەڵواسین بەجیهانی میتریاڵزمدا.ئەوەی دوێنێ ڕێزی لێ ئەگرتیت ئەوا ئەمڕۆكە بەهۆی خۆپەرستییەوە دوورە پەرێز دەوەستێت.میشێل فۆكۆ لەم ڕووەوە دەڵێت" ئای لەونادادپەروەرییەی كەئیدی كەسانێك ئیشیان پێت نامێنێت ئیتر ڕەفتاریشیان لەگەڵتا دەگۆڕێت".

6-بەبرسیكردنی تێكڕای خەڵكی تابەكەمترین بڕی مووچە وداهات قایل ببن. لێرەدا ئەمجارەیان دەگەڕێینەوە بۆ زەمەنی كۆیلەكان كەخاوەن دەسەڵاتە باڵا دەست ڕۆشتووەكان بەمەبەستی گاڵًتەجاڕی وچێژلێوەرگرتن ئەم تێكڕایەیان لەنێو گۆڕەپانێكی داخراوی گەمارۆدراودا دادەنا بۆ ئەوەی بكەونە وێزەی خۆیان بەمەبەستی ڕزگاربوون لەمردن.ئەوانەی ئەمڕۆش كەهەندێكیان فرسەتی هەڵهاتنیان بۆ دەڕەخسێت هاوشێوەی گۆڕەپانە گەمارۆدراوەكە وخراپتریش ئەوا دەرئەنجام ئەمانیش دەبنە خۆراكی دەریاكان.بەمەش ئەوانەی كەلەگۆڕەپانەكاندا دەمێننەوە وئەوانەشی كەفرسەتی هەڵهاتنیان بۆ دەڕەخسێت دەچنە نێو یەك خانەی پلەی سفرییەوە.ئەم چەرخەلەیەش،لەكۆمەڵگاكەماندا،هەمیشە و بەبەردەوامی لەسووڕانەوەدایە.


  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

PM:02:25:06/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 1771 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064