كۆمیدیای قەرزی هاوچەرخ
 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

ئەمڕۆكە قەیرانە سیاسی وئابووری وفیكری وداراییەكان تەواو بەرۆكی تێكڕای خەڵكیان گرتووە.گومانیش لەوەدا نەماوە كەئەم قەیرانانە تەواو كاریگەری نیگەتیڤی لەسەر سۆسیۆڵۆژیا وسایكۆڵۆژیای كۆمەڵ دروست كردووە.                                              
 لێرەدا، گەرچی سەرهەڵدان وهۆكارەكانی ئەم قەیرانانەلای تێكڕای خەڵكی ئاشكرایە،بەڵام لەم نووسینەی ئێمەدا جێگای نابێتەوە وكەم وزۆریش باسی لێوە كراوە.بەمەش ئەوەی مەبەستی ئێمە بێت جەختكردنە لەسەر قەرزی زۆرێكی هەرە زۆری هاووڵاتیان لەسەر حكومەت بەفەرمانبەران وخاوەن كۆمپانیاكان. لەم ماوەی دواییەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو كەحكومەت لەجیاتی قەرزە كەڵەكەبووەكان چەكی پارە بدات بەخاوەن قەرزەكان.

لەبەرامبەردا هاووڵاتیان كەوتنە نێو بازنەی ناڕەزاییبوون بەوپێیەی زەرەرمەند دەبن وچەكی پارەكان قەرزەكان بەتەواوی پڕناكەنەوە.
 حكومەتیش ڕوونكردنەوەی خۆی داو تا ڕادەیەك هەواڵەكەی گرێدا.ئەم گێڕانەوەیەی خوارەوە، كەپشتی بەڕووداوێكی ڕاستەقینە بەستووە،لەلایەكەوە  تەواو وەڵامی ڕاستییەكانی ئەو چەكە پارانە دەداتەوە،لەلایەكی تریشەوە ئەنجامی قەرزەكانیشمان بۆ دەخاتە ڕوو.

پێكهاتەی گێڕانەوەكە بریتیە لەزەمەن وجێگە وكارێكتەر ودایەڵۆگ.زەمەنەكە دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕین بەساڵێك.جێگە بریتیە لەچایخانەی شەعب. كارێكتەرەكانیش بریتین لەسێ هونەرمەند، شێوەكار وشانۆكار ومیوزیكژەن.

زەمەنی گێڕانەوە نوقم ببوو بەهەژاری ودڵەڕاوكێ.مووچە،هاوشێوەی ئێستا،بەزەحمەت دەست دەكەوت. تێكڕای خەڵكی كەوتنە فرۆشتنی كەل وپەلی ناو ماڵ.هەندێكیش بەرەو هەندەران. لەم نێوەندەدا هونەرمەندێكی شانۆكار،لەچایخانەی شەعب،كەمەڵبەندێكی ڕۆشنبیری وفیكری وهونەرییە بۆ شار، داوای قەرزی لەهونەرمەندێكی شێوەكار كرد. دیاربوو نەگبەتی وهەژارییەكە هێشتا ڕووی لەهونەرمەندی شێوەكار نەكردبوو. بڕی قەرزەكەش كەم نەبوو. 

ماوەی قەرز لەسەرەتادا دیاریكرابوو. بەڵام قورسایی دۆخەكە وقەرزكوێری هونەرمەندی شانۆكار ماوەكەی تێپەڕاند. كار گەیشتە ئەوەی قەرزار خۆی بەقەرزار نەدەزانی. 

هەموو جار قەرزلێكراو بەشێوازی هێمایی وئاماژەیی وناڕاستەوخۆ بەقەرزاری دەگووت" ئەزانی قەرزاری كارێكی قورس وگرانە وزۆریش شوورەییە كەیەكێك قەرزی كرد بەڵام قەرزار خۆی نەكات بەخاوەنی".لە وەڵامدا قەرزار دەیگووت" باوكم بەشەرەفم ڕاست دەكەیت، لەوە ناشیرینتر نیە كەیەكێك قەرز بكات ونەیداتەوە".

بەهەر حاڵ زەمەنەنێكی باش تێپەڕی وهیچ هەڵوێستەیەك لەقەرزارەوە بەدی نەكرا. ڕۆژێك هونەرمەندێكی میوزیكژەن دێت بۆ چایخانەی شەعب وهەر لەوێ چاوی بەهاوڕێی قەرزلێكراوی هونەرمەندی شێوەكار دەكەوێت. 

دوای دانیشتن وچاخواردن وگفتوگۆ، هونەرمەندی شێوەكار بەشێوازێكی تووڕەئامێز دەكەوێتە گلەیی وگازەندەی قەرزلێكراو.لەئەنجامدا هونەرمەندی میوزیكژەن بەهونەرمەندی شێوەكار دەڵێت" خوا ئاگای لێیە گەر من تۆ بوومایە ئەوەم دەكرد وئەوەم دەكرد".
قەرزلێكراویش بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە ودەڵێت" برای بەڕێز ئەم ئازایەتی ونەبەردییە هەڵگرە بۆ خۆت وگەر ڕاست دەكەیت قەرزەكەم بەنیوە قیمەت لێبكڕەوە،دواتر خۆت ئازادیت چی دەكەیت".

میوزیكژەنیش دۆش دادەمێنێت ویەكسەر قایل دەبێت بەكڕینەوەی قەرزەكە بەنیوە قیمەت.ماوەی ساڵێك بەسەر ئەم ڕێكەوتنەدا تێپەڕ دەبێت.
ڕۆژێك هونەرمەندی شێوەكار،قەرزلێكراوی پێشوو،پرسیاری ئەنجامی قەرزەكەی لەهونەرمەندی میوزیكژەن دەكات،لەوەڵامدا هونەرمەندی میوزیكژەن بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە" ماڵت بەقووڕ نەگیرێت،بەشەرەفم لەكڕینەوەی قەرزەكەوە هەتا ئێستا ئەم قەرزە 30 (سی) دەستی كردووە وهەرە دواییان بەیەك دینار فرۆشتوێتیەوە".


لێرەدا گەر بەپێی ئەم گێڕانەوەیە كار بكەین ئەوا گونجاوترین شێوە وڕێگە وشێواز بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لەقەرزەكان ونەفەوتانیان بەشێوەیەكی تەواوكاری فرۆشتنەوەی قەرزەكانە بەهەچ نرخێك بێت.واتە گەر نیوە قیمەتیشی نەكرد ئەوا ئێمە هەر قازانجمانە.بەپێچەوانەوە دینارەكەش بەدەست نایەت.بەمەش پەلەكردن لەفرۆشتنەوەی قەرزەكان ڕێژە وقورسایی كێشە سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژییەكان بۆ ماوەیەك كەم دەكاتەوە.

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم


PM:02:24:16/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1298 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064