دۆستەكەی مام و گەلی كورد
فۆتۆ:سەركەوت محەمەد
جه‌نگیز چاندار: سه‌رۆك مام جه‌لال؛ خاوه‌نی ئیلهامم بووه‌ بۆ نووسینی كتێبه‌كه‌م

له‌سلێمانی رێوڕه‌سمی رێزلێنانی نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی گه‌وره‌ (جه‌نگیز چاندار) له‌پای كتێبـی (شه‌مه‌ندۆفێری میزۆپۆتامیا) به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ له‌لایه‌ن كوردستانی نوێ-وه‌ بۆی رێكخرابوو.

له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، كه‌ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو شۆڕش ئیسماعیل ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌نووسه‌رو رۆشنبیر ئاماده‌بوون، جه‌نگیز چاندار؛ له‌وته‌یه‌كدا، كه‌ زریان رۆژهه‌ڵاتی وه‌رگێڕانی بۆ ده‌كرد، چه‌ندین به‌سه‌رهاتی نێوان خۆی‌و سه‌رۆك مام جه‌لال-ی له‌زیاتر له‌20ساڵی هاوڕێیه‌تیاندا، گێڕایه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ مێژه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال هاوڕێی نزیكن‌و په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌و به‌رده‌وامیشه‌و وتیشی: به‌ده‌رله‌وه‌ی وه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر كارو چالاكی‌و ئه‌زموونه‌كانی شۆڕش‌و سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال كارمكردووه‌‌و نووسینم هه‌بووه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌، له‌نزیكیشه‌وه‌ وه‌ك هاوڕێ په‌یوه‌ندییه‌كی باش‌و به‌رده‌واممان هه‌بووه‌.

سه‌رۆك مام جه‌لال
به‌ڕاستگۆییه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: سه‌رۆك مام جه‌لال یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ جیهانی‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ گه‌ورانه‌، كه‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌و جیهانیدا، رێزی زۆری لێده‌گیرێت‌و به‌ڕاستگۆییه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌سه‌رهاتێكی سه‌ره‌تای یه‌كترناسینیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال-دا گێڕایه‌وه‌، كه‌ چه‌نده‌ پیاوێكی ساده‌و راستگۆو خۆشه‌ویست‌و زیره‌ك‌و قسه‌خۆش بووه‌، بۆیه‌ منیش وه‌ك چاندار؛ له‌ سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌وه‌ فێربووم كه‌ ده‌بێت كه‌سێكی ساده‌و ساكار بیت‌و هه‌میشه‌ له‌خۆنه‌گۆڕاوو خاكی بیت، ده‌بێت سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌و سیاسییه‌كانیش له‌ساده‌یی مامه‌وه‌ فێربن‌و وتیشی: مام جه‌لال؛ سه‌ره‌تا چۆن بینیم‌و ناسیم، ئه‌وكاته‌شی، كه‌ بووه‌ سه‌رۆك كۆمار، هه‌ر وه‌ك خۆی بوو.



هه‌وڵ‌و تێكۆشانه‌كانی بۆ هه‌مووان بوو
له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌شییه‌وه‌، باسی له‌وه‌كرد كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ خاوه‌نی ئیلهامی بووه‌ بۆ نووسینی كتێبه‌كه‌ی‌و وتی: «مام جه‌لال؛ رۆڵی زۆر كاریگه‌ری هه‌بوو له‌هێنانه‌كایه‌و گه‌شه‌پێدان‌و به‌رقه‌راربوونی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌توركیا، بۆیه‌ رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تائێستاشی له‌گه‌ڵدابێت له‌ناوچه‌كه‌دا زۆر گرنگ بووه‌ بۆ كورد، به‌تایبه‌ت ناساندنی كورد به‌جیهان‌و به‌رگریی له‌كوردانی هه‌موو ناوچه‌كان وه‌ك یه‌ك، راشیگه‌یاند: سه‌رۆك مام جه‌لال؛ كه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراقیش بوو، به‌شه‌ره‌فه‌وه‌ ناسنامه‌ی كوردبوونی خۆی فه‌رامۆش نه‌كرد، وه‌ك چۆن بۆ كورد كاریده‌كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی عیراقیش تێده‌كۆشاو كاریده‌كرد، بۆیه‌ من لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ «نموونه‌ی وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال نابێته‌وه‌».

ئه‌گه‌ر تووشی كێشه‌ بووبم له‌نووسینه‌كانمدا، له‌سه‌ر كورد بووه‌
چاندار؛ زیاتر دواو وتی: له‌نووسینه‌كانمدا ئه‌گه‌ر تووشی كێشه‌یه‌ك بووبم له‌توركیا، ئه‌وا له‌سه‌ر كورد بووه‌، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی شانازیمه‌. هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌قسه‌یه‌كی خۆی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی دووپاتكردۆته‌وه‌: «ده‌سه‌ڵاتێك له‌توركیا بۆ كورد خراپ بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ توركیش خراپ ده‌بێت».

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، چاندار؛ ئه‌وه‌ی به‌مایه‌ی شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌ دایه‌قه‌ڵه‌م، كه‌ له‌شارێكی گه‌وره‌ی وه‌ك سلێمانیدا كاره‌كانی رێزیان لێ ده‌گیرێت‌و وتیشی: سلێمانی له‌ده‌روونی مرۆڤدا ئومێد بۆ داهاتوو دروستده‌كات.

له‌باره‌ی تێڕوانینی بۆ دۆخی سوریاو رێككه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆوه‌، چاندار؛ ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌موو ناوچه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی سوریاوه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی مه‌ترسیدار هه‌نگاوده‌نێت، بۆیه‌ سایكس پیكۆش ته‌نها به‌ناو ماوه‌ته‌وه‌و له‌ناوچووه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ك خۆی نه‌مێنێته‌وه‌و كورد ده‌توانن رۆڵێكی گرنگ له‌ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌دا بگێڕن‌و وتیشی: «متمانه‌پێكراوترین نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست‌ویه‌كدا، كورد ده‌بێت».
چه‌پكه‌گوڵی رێزو وه‌فای
 سه‌رۆك مام جه‌لال
له‌كۆتایی رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د چه‌پكه‌گوڵی رێزو وه‌فای سه‌رۆك مام جه‌لال-ی پێشكه‌ش به‌ جه‌نگیز چاندار كرد.
شایانی باسه‌، له‌سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، دوای ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، وتاری كوردستانی نوێ لەلایەن سەرنووسەرەوە خوێنرایه‌وه‌، كه‌ تێیداهاتبوو: رێزلێنان له‌ جه‌نگیز چاندار‌و له‌ كتێبه‌كه‌ی (شه‌مه‌ندۆفێری میزۆپۆتامیا)، بۆنه‌ی پێكه‌وه‌بوونی ئه‌مڕۆمانه‌.
كتێبـی (شه‌مه‌ندۆفێری میزۆپۆتامیا) گه‌شتێكی پانوپۆڕه‌ به‌قوڵایی به‌سه‌رهاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، گه‌شتی رۆژنامه‌نووسێكی به‌ئه‌زموونه‌ به‌ناو ململانێكانی (میزۆپۆتامیا)‌و خه‌باتی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بۆ دیموكراسی‌و ئاشتی‌و ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌. كتێبه‌كه‌ وه‌ك شایه‌تێكی وردبین، تۆماری خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی كوردو كۆششه‌ نه‌پساوه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌پێناوی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ له‌باكوورو په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌و هاوسه‌نگ له‌نێوان كوردستان‌و توركیا ده‌گێڕێته‌وه‌.


خاك- گۆران عوسمان قەرەداغی

PM:01:54:11/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 843 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064