فیلمی درامای كۆمیدی "ترومان"، كە لەدەرهێنانی سیسك گای دەرهێنەری بەناوبانگی ئیسپانییە، كۆمەڵێك خەڵاتی ئاهەنگی 30یەمینی "گۆیا"ی بردەوە لەنێویاندا هەردوو خەڵاتی باشترین فیلمو باشترین دەرهێنەر.
"گۆیا" بەدێرینترین خەڵاتەكانی بواری سینەمای ئیسپانیا دادەنرێت. لە خولی ئەمساڵیدا، فیلمی كۆمیدی "ترومان" بۆ شەش خەڵات كاندیدكرابوو، توانی پێنج خەڵاتیان بەدەستبهێنێت كە بریتیبوون لە؛ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەكتەر بۆ ریكاردۆ دارین ئەكتەری سەرەكیی فیلمەكە، باشترین ئەكتەری لاوەكی بۆ خافیێر كامارا، باشترین سیناریۆ بۆ سیسك گایو تۆماس ئاراگای. لەدوای راگەیاندنی ناوەكانیش، گای بەئەكتەرە براوەكانی ناو فیلمەكەی وت: "لەگەڵ ئێوە، من باشترین دەرهێنەرم".
ئەكتەری سەرەكی
لە فیلمەكەدا، ریكاردۆ دارین رۆڵی جولیان دەبینێت، كە بەپێی سیناریۆكە ئەكتەرێكی ئەرجەنتینییەو لە مەدرید دەژی. لەمیانی فیلمەكەدا تووشی شێرپەنجە بووەو لەقۆناغەكانی كۆتایی نەخۆشییەكەدایە، بەڵام لەو ساتانەدا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو تۆماس (كامارا)ی هاوڕێی منداڵی سەردانی دەكاتو چوار رۆژ لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، جولیانیش دەیەوێت خاوەنێكی نوێ بۆ سەگەكەی "ترومان" بدۆزێتەوە.
لەبارەی رۆڵەكەیەوە، ریكاردۆ دارین دەڵێت: "كارێكی نایاب بوو". ئەوەش یەكەمجارە خەڵاتێكی "گۆیا" بەدەستدەهێنێت وەك باشترین ئەكتەر، كە پێشتر سێ جار كاندید كرابوو.
خەڵاتەكانی تر
هەر لە "گۆیا"دا، نتالیا دی مۆلینا خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەری پێبەخشرا لەپای بەشداریكردنی لە فیلمی "تیچۆ ئەی كۆمیدا".
لەو فیلمەدا مۆلینا رۆڵی دایكێكی بێوەژنی بێ ئیش دەبینێت، كە هەوڵدەدات پێداویستییەكانی كوڕە تەمەن 8 ساڵەكەی دابین بكات.
هەروەها فیلمی "مۆستانگ" خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی بردەوە، كە لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەری "فەرەنسی-توركی" دەنیز گامزە ئەرگوینەو باس لە سەركێشی پێنج خوشك دەكات، كە لە شارۆچكەیەكی توركیادا دەژینو لەبڕیاری خانەوادەكەیان یاخی دەبن، كە دەیانەوێت بە زۆر بەشویان بدەن.
خاك
ئهم بابهته 3250
جار خوێنراوهتهوه