ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
یەكێتیی نوسەرانی یەكێكە لەو رێكخراوە پیشەییانەی رۆڵێكی دیارو درەوشاوەی لەخزمەتكردنی كاروانی ئەدەبیو روناكبیری كوردیدا هەبووە.
ئەم رێكخراوە هەمیشە لەبەرەی گەلو نیشتماندا بووەو هەردەم داكۆكی لەمافە رەواكانی گەلی كوردستان كردووە.
پاش هەوڵو هیمەتی دەستەی دامەزرێنەری ئەم رێكخراوە(د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، د.نەسرین فەخری، د.كاوس قەفتان، د.ئیحسان فوئاد، د.مارف خەزنەدار، جەمال بابان، خالید دلێر، محمەدی مەلا كەریم، حسێن عارف، كاكە مەم بۆتانی، نوری عەلی ئەمین)، لەرۆژی 10ی شوباتی 1970 رێكخراوەكە مۆڵەتی رەسمی كاركردنی وەزارەتی ناوخۆی عیراق وەرگرتو هاتە مەیدانی كارو خزمەتی ئەدەبیو رۆشنبیرییەوە.
ئەگەرچی ئەم رێكخراوە رێكخراوێكی پیشەیی شار بوو، بەڵام رێكخراوێكی تێكۆشەرو بەهەڵوێست بووەو هەردەم لەگەڵ هێڵی شۆڕشو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا بووەو لەوپێناوەشدا قوربانی زۆری داوەو چەندین قەڵەمی بەهەڵوێستی ئەو رێكخراوە تووشی گرتنو راونان بوونو بەشێك لەو قەڵەمانە لەكۆڕی خەباتی شارو شاخدا گیانی خۆی بەئازادی كوردستان بەخشی.
رژێمی بەعس وەك رێكخراوێكی یاخی سەیری یەكێتیی نوسەرانی كوردی ئەكرد، هەبۆیەش لەساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوەو كردی بەبەشێك لە رێكخراوی( ئەدیبانو نوسەرانی عیراق).
بەوەش ئەو یەكێتییە هەڵوەشایەوە، بەڵام نوسەرانی خاوەنی هەڵوێست هەر لەبەرەی گەل مانەوەو قەڵەكانیان لە خزمەتی شۆڕشو پێشمەرگە بوو، بەناوی نهێنی لەبڵاوكراوەكانی یەكێتیی نوسەرانی كوردستان لەشاخ بەرهەمەكانیان بڵاو ئەكردەوە.
لەدوای راپەرینی ئازادی، جارێكی تر یەكێتی نوسەرانی كورد دامەزرایەوەو هاتەوە مەیدانی تێكۆشانی ئەدەبیو روناكبیریو تائێستا بەردەوامە.
یەكێتیی نوسەرانی كورد لە مێژووی پڕ شكۆی 46 ساڵی تەمەنیدا خزمەتێكی زۆری كردووەو خاوەنی خەرمانێك دەستكەوتی ئەدەبیو روناكبیرییە.
لەیادی دامەزراندنی ئەم رێكخراوەدا سڵاوی رێزو وەفا بۆ قەڵەمە ئازاكانیو رۆحی پاكو بێگەردی ئەوانەی ماڵئاواییان كردووە.
ئهم بابهته 1745
جار خوێنراوهتهوه