ژنان لەكوێی پیشەسازیی سینەمادان
جیاوازی رەگەزی لەوپەڕیدایە
ژنان لەكوێی پیشەسازیی سینەمادان؟ ‌

پیشەسازیی هونەری سینەما بە تەنها بۆتە موڵكی پیاوان‌و ژمارەیەكی كەمی ژنان لەو بوارەدا هەلی بەشداریكردنیان بۆ رەخساوە، بەڵام ئێستا بۆچوونەكە ئەوەیە كە دەبێت ژنان لەبەردەم‌و لە پشت كامێرادا بوونی هەبێت‌و پێویستە هەلەكان هاوسەنگ بن‌و جیاكاری لەنێوان ژنان‌و پیاواندا نەمێنێت.

بەم دواییانە لە سەنتەری توێژینەوەی ژنان لە تەلەفزیۆن‌و سینەما لە زانكۆی سان دیێگۆی ئەمریكی، توێژینەوەیەكی توێژەر مارتا لۆزان بڵاوكراوەتەوەو باس لەوە دەكات، ژنان هەلی كەمتریان دەستكەوتووە بەراورد بە پیاوان لە هونەری سینەمادا، بەجۆرێك 85%ی فیلمەكان لەلایەن پیاوانەوە دەرهێنانیان بۆ دەكرێت، 80%ی نووسەرەكانیش هەر پیاوانن، كەمتر لە 33%ی بەرهەمهێنەرانیش لەساڵی 2014دا لە ژنان بوون.

لۆزان لە توێژینەوەكەیدا دەڵێت: "جیاكارییەكی روون‌و ئاشكرا هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ژناندا لەبواری كاركردندا، بەشێوەیەك لە فیلمە گەورەكاندا، كە بودجەی زەبەلاحیان هەیە گرێبەست لەگەڵ ژناندا ناكرێت. هیچ بیانویەكیش نابینم بۆ جیاكاری نێوان هەردوو رەگەز، بۆیە دەبێت هەل بە ژنان بدرێت‌و یەكسانی بەدیبهێنرێت".

لەچوارچێوەی توێژینەوەكەدا، لۆزان چەندین دیداری لەگەڵ كەسایەتییە هونەرییە پەیوەندیدارەكانی بەرهەمهێنانی فیلم كردووە لە هۆلیود تا بزانێت هۆكارەكانی پشت ئامادەنەبوونی باشتری ژنان لەو بوارەدا چییە.

هەر بەپێی توێژینەوەكە دەركەوتووە، كە لەساڵی 2015دا، 52%ی بیرۆكەی فیلمەكان‌و 35%ی نووسەرانی فیلمەكان ژن بوون، تەنها 26%ی ئەكتەرەكانیش ژن بوون.

كەسایەتییە دیارەكانی بواری سینەمای ئەمریكا هەڵوێستێكی ئاشكرایان هەیە بۆ پشتیوانیكردنی سیناریستە ژنەكان، كە ئەو بەشەی سینەما لەلایەن پیاوانەوە قۆرخكراوە. لەپێش هەموویانەوە میریل ستریپ (66 ساڵ) ئەستێرەی هۆلیود پشتیوانی لە ژنان‌و سیناریستەكانیان دەكات‌و پشتگیری خۆیشی بۆ دامەزراوەی ژنانی نیویۆرك لە سینەماو تەلەفزیۆندا راگەیاندووە، كە لە هەشت سیناریستی ژن پێكهاتووەو تەمەنیان لەسەروو 40 ساڵەوەیە.

یەكێكی تر لەو كەسانەی رەخنە لە پیشەسازی بواری سینەما دەگرێت، ئەكتەری بەناوبانگ جێنیفەر لۆرانس (25 ساڵ)ە، كە ساڵی 2012 خەڵاتی ئۆسكاری بەهۆی فیلمی (Silver Linings Playbook) بەدەستهێناوە، پەنجەی رەخنەو تۆمەت ئاراستەی بەشێك لە هەڵسوڕێنەرانی پیشەسازی سینەمای ئەمریكا دەگرێت بەوەی وەك هاووڵاتی پلە دوو تەماشای ژنان دەكەن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.
جێنیفەر لۆرانس داوا دەكات لێكۆڵینەوە لە زۆر دۆسێ بكرێت‌و تەئكیدیشی دەكاتەوە، كە هۆلیود بەشێوەیەكی عادیلانە مامەڵەی مرۆییانە ناكات جا لەڕووی مەعنەوییەوە بێت یان لەڕووی داراییەوە بێت. دەریشكەوتووە جیاوازییەكی بەرچاو هەیە لە كرێی هونەرمەندەكاندا.

لۆرانسی ئەكتەر لەنووسینێكیدا بەناونیشانی (بۆچی پارەیەكی كەمتر وەردەگرم) دەڵێت: "تەنها ژن نیم بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنم، بەڵكو كار لەكار ترازاوە". ئەو لەنووسینەكەیدا بەتایبەتی هێرشی كردۆتەسەر دروستكەرانی فیلمی (American Hustle) كە بەهۆیەوە خەڵاتی گۆڵدن گلوبی لەساڵی 2013دا بەدەستهێناو دەڵێت: "بەراورد بە هەردوو هاوڕێم لە فیلمەكەدا كە برادلی كوپەرو كریستیان بیل-ن، كرێم كەمتر وەرگرتووە".

پێشتریش هاككەرزێك توانیبوی بچێتە ناو زانیارییەكانی فایلی كۆمپانیای "سۆنی پیكچەر"ەوەو گشت زانیارییەكانیان بۆ هەموولایەك خستبوەڕوو، كە بەهۆی زانیارییەكانەوە دەركەوت جیاوازییەكی رادەبەدەر لەنێوان ئەستێرە پیاوو ژنەكانی هولیوددا هەیە، هەمان جیاوازیش بۆ ژنە دەرهێنەرو سیناریستەكان هەیە.


خاك-ئاژانسەكان



PM:01:37:13/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 1920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064