لە هەر كاتێكدا لە هەر كۆرێكدا باسی گرانی و قات و قوتی ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەكەم لە نێوان ساڵانی 1916ز تا 1918ز دا هاتبێتە پێشەوە، یەكسەر رەفتاری پیاوانە و بەخشندەیی (كەریمی عەلەكە) یان یاد هێناوەتەوە و زۆر بەرێزەوە ناوبراوە.
دەبا كورتە باسێك دەربارەی مێژووی ئەو پیاوە بخەینە بەرچاو:
باوكی عبدالكریم كە ناوی (الیاس بولص أبراهیم) ە لە ساڵی 1815ز لە گوندی (هەرمۆتە) كە سەر بە قەزای كۆیەیە هاتووەتە دنیاوە، ناوبراو خەریكی (جاو) كرین فروشتن بووە، بۆ پەرەسەندنی كاسبی و بازرگانی هاتووەتە شاری سلێمانی وە كاری بازرگانی لەگەڵ (سنە، بانە، و هەمەدانی وڵاتی ایران) وە هەروەها لەگەڵ بەغداد ئەنجامداوە.
عبدالكریم لە ساڵی 1867ز لە سلێمانی لە دایك بووە كە كورە گەورەكەی ألیاس بوو، وە هەمان رێو شوێنی باوكی گرتووە لە بواری بازرگانیدا وە توانیویەتی سەركەوتووانە ئەو كارە ئەنجام بدات كە محل و خانی هەبووە لە خانە سوتاوەكە و بووە بە یەكێك لە هەرە دەوڵەمەندەكانی شارەكە. ناوی ڕاستەقینەی (عبدالكریم ألیاس)ە لەبەر خۆشەویستی ئەلیاسەكەیان پێوتووە و لەبەر گرانی ووشەكە بووە بە (عەلەكە) و لە ئەنجامیشدا بوو بە (لقب)ی خێزانەكەیان، كە یەكێكن لە خێزانە مەسیحیە خانەدانە كۆنە ناسراوەكانی شاری سلێمانی.
عبد الكریم كە هەندێك بە (خواجە كریم) ناویان دەبرد، خوێندەوارییەكی باشی هەبوو، وێرای زمانی كلدانی و عەرەبی و كوردی، زمانی توركی و فارسیشی دەزانی، پیاوێكی لە خواترس و ڕەوشت بەرز و هەتا بڵێیت ئاقڵ و زیرەك و دوور بین بووە، لەبەر ئەوە خەڵكی زۆر بەرێزەوە سەیریان كردووە، لە زۆربەی ناكۆكی نێوان بازرگانەكان یان خێزانەكانی شاری سلێمانی ڕوو كراوەتە ئەو پیاوەو و ئەویش چارەسەری كێشەكەیانی بۆ كردوون، یەكێك بووە لە پیاو ماقوڵانی سەردەمی خۆی و دانیشتوویەكی ناسراوی دیوەخانی بابانەكان و شێخانی ئەو كاتە و لە ماڵی خۆشیاندا گەلێك جار كۆریان گەرم دەكرد.
كە دەوڵەتی عوسمانی بەشداری جەنگی جیهانی یەكەم بوو لە ساڵی 1914 دا وە ئێمەش ژێردەستەی بووین، وڵات شێوا، گەنج ئەبرا بۆ جەنگ، سوپای عوسمانی هەرچی ئازوقە و مەر و ماڵات هەبوو لە شارەكە دەستی بەسەردا گرت و ناردی بۆ سوپا و جەنگەكەی، هەر لەو ساڵەدا وشكەساڵی دەستی پێكرد و هەردوو هۆكاری سەرەوە بوونە هۆی بەرپابوونی بێكاری و برسییەتییەكی زۆر ترسناك كە مردنی سەدان كەسی لێكەوتەوە.
پێش ئەوەی گرانییەكە دەست پێبكات خواجە كریم برنج و دەغڵ و دانێكی زۆری كری و خستییە عەمبار قایمی كرد وە كاتی تەنگانە قۆڵی لێهەلمالی و هاتە پێشەوە وەك فریشتەیەك بۆ رزگاركردنی لێقەوماوان بە فڕۆشتنی دەغل و دان بە پارەیەكی كەم بۆ ئەوانەی كە توانای كرینیان بوایە، وە بە خۆڕایش بۆ فەقیر و هەژار و دەست كورتەكان، جگە لەوەش بە شەو لە ئاشەكەی خۆی (ئاشی گاوران) كە تا ئێستا ئاسەوارەكانی ماوە ----- تەنیشت دواناوەندی بازرگانی كەریمی عەلەكەدایە لەسەر شەقامی كەریمی عەلەكە ---- گەنمی ئەنارد بۆ هارین و بەرۆژ ئەكرایە نان و دابەش و ئەكرا بەسەر هەژاراندا جگە لەمە بە مەنجەڵی گەورە ڕۆژانە شۆربای برنج و گۆشت لێئەنرا لە بەردەمی ماڵەكەیان و دابەش ئەكرا بە سەرە بە سەر فەقیر و هەژاراندا، هەندێك لەوی ئەیانخوارد هەندێك ئەیانبردەوە بۆ ماڵ و منداڵەكانیان، جگە لەوەش بە نهێنی پارەو نان یان ئاردی ئەنارد بۆ ئەو پیاوانەی كە ڕویان نەدەهات بێنە بەردەم ماڵەكەی.
عبدالكریم هەر بەوە نەوەستا بەڵكو كە بیستی مزگەوتەكانی ئەو دەوروبەرە ئاویان كەمە خۆبەخشانە بڕیاریدا لە كارێزی (حاجی عەباس) كە بە موڵكایەتی هی خۆیەتی ئاو بە (گونج) ڕابكێشێت بۆ ئەو مزگەوتانەی ئەو دەوروبەرە، وەك مزگەوتی (حاجی شێخ ئەمین، تەكیە ڕووتە، هەمزە ئاغا، شێخ محمدی بەرزنجی) جگە لە چاككردنی ئاودەستەكانیان.
هەروەها ئەمری دا بە كفن كردن و ناشتنی ئەو مردووانەی كە كەسیان نییە یان خاوەنەكانیان بێدەرامەتن.
هەر لە كردەوە چاكەكانیشی جلی زستانەی ئەدایە قوتابییە هەژارەكان و خۆشی بەشەو ئەگەڕا بەسەر ماڵە نەخۆشەكاندا و دەرمانی بۆ دەكرین، مووچەی مانگانەی بڕیبووەوە بۆ هەندی قوتابی كە لە زانكۆكانی ئەستەمبول ئەیانخوێند وە كە لە دەرئەنجامدا زۆربەیان بوون بە پزیشك و محامی و شاعیر.
لەگەڵ شێخ محمودی نەمردا زۆر نێوانیان خۆشبوو، خواستی یەكترییان دەویست، شێخ پڕ بە دڵ خۆشی دەویست و ڕێزی ئەگرت. كە پشێوی كەوتە شارەوە شێخ لەشار دەرئەكری و ئینگلیزەكان ماڵی شێخ محمود هەراج دەكەن گورج كەریمی عەلەكە هەڵدەستێت بە كرینی كەلوپەلەكان و حەشاریان ئەدا دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی پارچە پارچە ئەیانداتەوە.
لە بەرواری 10/10/1922 دا حكومەتی شێخ محمود دامەزرا عبد الكریم كرایە وەزیری دارایی حكومەتەكە زۆر دڵسۆرزانە و چالاكەنە ئەركەكانی ئەنجام ئەدا و بێ كەمتەرخەمی و سستی.
ئەبێ ئەوەش لە یادنەكەین كە عبدالكریم رێبازێكی پیاوانە و مەردانەی خاك پەرستی هەبوو، كاتێك كە ئینگلیزەكان دەستیان كردن بە بۆردوكانی سلێمانی بە تەیارەكانیان و شێخی نەمریش نەفی كرا بۆ هیندستان و زۆربەی زۆرینەی خەڵك شاریان چۆڵ كرد تەنها ماڵی ئەمان و ماڵ حاجی أبراهیم ئاغا نەبێت لە گەرەكی گۆیژە ماڵیان بە جێنەهێشت، وە كاتێك ئینگلیزەكان هاتنە ناو شار و كەوتنە گەڕان و چاویان بە عبدالكریم كەوت سەریان سوڕما و لێیان پرسی بۆچ لێرە ماوی؟ لە وەڵامدا ووتی: من نەوەی ئەم خاكەم پاشەڕۆژیشم هەر لێرەدا ئەبێت ئیتر چۆن بەجێی ئەهێلم، هەر بۆ مەبەستی بۆردومانی سلێمانی لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بە نوێنەرایەتی پێنج ئەندام وە عبدالكریم علكە یەكێك بوو لەو ئەندامانە بۆ ئەوەی بچن بۆ كەركوك بۆ لای بەرپرسانی ئینگلیز و لەوێشەوە بۆ بەغداد بۆ لای مندوبی سامی بەریتانی بۆ ڕاگرتنی بوردومانەكە، وە لە ئەنجامدا هەوڵەكانیان سەری گرت و ئینگلیز و بۆردومانەكەی ڕاگرت.
كەریمی عەلەكە لە دواساڵانی ژیانیدا چووە شاری بەغداد و لەوێ نیشتەجێبوو و بەڵام هەمیشە شاری سلێمانی بە خاك و خەڵكەكەیەوە لە دڵیدا دەژیان و خەڵكی سلێمانیش ئەویان لەیاد نەكردووە و لە یادیشی ناكەن.
لە ڕۆژی 25/1/1948 دا دڵی مەزنی لە لێدان كەوت و لە گۆڕستانی كاسولیك بە خاك سپێردرا لە بەغداد.
جێگەی خۆیەتی وتەی هەندێك بەرێز بخەینە بەرچاوتان كە لە نزیكەوە كەریمی عەلەكەیان ناسیوە:
مامۆستا (شێخ محمدی خاڵ) دەڵێت: پیاوێكی بەخشندە و دڵ دەرون ساف بوو، كردەوەكانی پیاوانە و ژیرانە بوو، نان بدە بوو، لە یارمەتی هەژاراندا درێغی نەدەكرد، ڕێزی گشت كەسێكی دەگرت، بۆیە خەڵكیشت زۆر رێزیان لێ دەگرت.
مامۆستا (أحمد خواجە) دەڵێت پیاوێكی پیاوانە و دەستە پیاو بوو هەمیشە ڕوو خۆش و دەم بە پێكەنین و سنگ فراوان و دڵ پاك بوو، گەرچی بەخێرایی دە ئاخاوت بەڵام هەرگیز زیادەڕۆیی نە دەكرد، مرۆڤ حەزی دەكرد هەمیشە لە گەڵیدا گفتوگۆ بكات.
كەریمی عەلەكە كە خەڵكی لە مردن رزگار ئەكرد، یان كارێزی ئەبەخشی بە مزگەتەكان هەرگیز بیری لەوە نەكردووە كە ئەوان ئیسلامن و ئەو مەسیحییە، كە شێخی نەمریش ئەوی كرد بە وەزیری دارایی هەرگیز جیاوازی ئاینی بە بیردا نەدەهات، هەروەها ئێمەی مەسیحیەكانی سلێمانی مایەی شانازیمانە كە هەرگیز جیاوازی ئاین كاری تێنەكردووین كە ببێتە هۆی ناكۆكی و دوژمنایەكی، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەمیشە وەك برا بەتەبایی و یەكسانی پێكەوە ژیاوین، كە ئەمە ڕوویەكی ڕۆشنی شارەكەمان پیشان ئەدا كە شایستەی ئەوەیە ڕەچاوبكرێت.
لە ڕاستیدا لە هەموو خۆشی و نەهامەتییەكاندا بەشدار بووین بێ جیاوازی وە لە زۆربەی بوارەكاندا ڕۆَلێكی دڵسۆزانەو و بەرچاومان هەبووە بۆ خزمەتی شارەكەمان و لە هەموو پلەكانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان هاوبەش بووین، بێبەش نەبووین لە قوربانیدانی رۆِلەكانمان لە پێناو خاك و نیشتماندا.
وتاری مەسیحیەكانی شاری سلێمانی
ئهم بابهته 1859
جار خوێنراوهتهوه