دولوز لە بارەی پەیوەندی خۆیی و فێلیكس گواتارییەوە.
ئەبوبەكرجاف

ئازیز كونیچی ئونۆ
ئێوە داوام لێدەكەن كە چۆن فیلێكس گواتاری و من یەكترمان بێنی و چاومان بە یەك كەوت، چۆن پێكەوە كارمان كرد. من دەتوانم تەنیا ڕاو سەرنجی خۆمتان بدەمێ، ڕەنگە ڕای فیلێكس جیاواز بێت. بەلام ئەوەی كە لێی دڵنیام: فۆرمیول و شكڵ و چیرۆكێكی گشتی نەبوو بۆ پێكەوە كاركردنمان. لە پاش ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ئێمە یەكترمان نەدەناسی، هاوڕێیەكی هاوبەشی هەردوكمان پێی خۆشبوو، دەیویست ئێمە یەكتر بناسین. لە یەكەمین یەكتربینینماندا كەسمان هیچمان نەبوو بۆ یەكتر.

فیلیكس هەمیشە خاوەنی كۆمەڵێك ڕەهەندی زۆرو جیاواز بوو، خاوەنی كۆمەڵێك چالاكی زۆر، له بواری پزیشكی دەروونیدا، چالاكییە ساسییەكان، كاری گروپی. ئەو ئەستێرەی ناو گروپ بوو. ئێمە وا باشترە وەك دەریایەك بیبینین و بەراوردی بكەین: هەمیشە ئامادەو ساز لە دەركەوتندا، پرشنگدانەوەو بریقدانەوە و ڕۆشنایی لە هەموو كاتێكدا. دەیتوانی لە چالاكییەكەوە بۆ چالاكییەكی دیكە باز بدات. ئەو كەم دەخەوت، زۆر دەگەڕاو سەفەری زۆر دەكرد، هەرگیز نەدەوەستا، هەرگیز ماندوو نەبوو، نەدەپچڕا.

كۆمەڵێك خێرایی سەرسوڕهێنەرو نا سروشتی هەبوو. بەڵام من وەك تاشە بەردێك وابووم، وەك گردێكی نەجوڵاو: زۆر كەم دەجوڵام، بێتوانا لەوەی بتوانم دوو پرۆژە پێكەوەو لە یەككاتدا ئەنجام بدەم. ،ئیدیاكانی من كۆمەڵێك ئیدیای جێگیربوون، كۆمەڵێك جوڵەی دەگمەن كە زیاتر ناوەكی بوون. پێم خۆشە بە تەنیا بنوسم، حەز ناكەم زۆر قسە بكەم، حەزم لە قسەكردن نییە تەنیا لە كۆرس و دەسگوتارەكاندا نەبێت. ئەو كاتەی قسەكردن ملكەچە بۆ شتێكی دیكە. فێلیكس، تەنیا لە بینین و تەماشاكردنێكی نزیكەوە دەتزانی چەند تەنیایە. لە نێوان دوو چالاكیدا، لە ناو كۆمەڵێك خەڵكی زۆردا دەیتوانی لە تەنیاییدا نغرۆ ببێت، لە ناكاو ون دەبوو بۆ پیانۆ ژەنین، بۆ خوێندنەوە، بۆ نوسین.


من زۆر بە دەگمەن چاوم بە مرۆڤێك كەوتووە كە، هێندە داهێنەر بێت، كە بەرهەمهێنەری ئەو هەموو ئیدیایە بێت، ئەو هەرگیز نەدەوەستا لەوەی پاڵیان پیوە بنێت، بیان گۆڕێت، بیانگەڕێنێتەوە، فیگیورەكانیان بگۆڕێت. وەك چۆن زۆر بە تواناو زۆر لێهاتبوو كە گرنگیشیان پی نەدات و پشتگوێیان بخات ، یان لە بیریان بكات بۆ ئەوەی باشتر بە دەستیان بێنێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر بیانخولقێنێتەوەو سەرلە نوێ پەرش و بڵاویان بكاتەوە. ئیدیاكانی فیلێكس كۆمەڵێك دیزاین و ڕەسمكردن بوون، كۆمەڵێك نەخشە بوون. سەبارەت بەمن، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو، ئەوەی گرنگیم پێدەداو بە هەندم وەردەگرت "چەمكەكان" بوو. وای دەبینم چەمكەكان بوونێكی تایبەتیان هەیە، چەمكەكان جوڵاون و دەجوڵێن. كۆمەڵێك مەخلوق و خولقێنراو دروستكراوی نەبینراون.. بەڵام ئەوان پێویستیان بو خولقاندن و داهێنان و دروستكردنە.. فەلسەفە بۆ من هونەرێكی داهێنانە. بە هەمانشئوە هونەرو وێنەكردن. 

 فەلسەفە چەمك دەخولقێنێت، چەمك دادەهێنێت، كۆمەڵێك گشتاندن و گشتگیریی نین، وەك چۆن كۆمەڵێك حەقیقەتیش نین. زیاتر نەزمی دانسقەو دەگمەنن، نەزمی تازەیی و گرنگیین. چەمكەكان دانەبڕاو جیانەكراوەن لە كاریگەریی و پاشماوەو جێكەوت، جیاكراوەو جیابووەوە نین لە ڕاستییەكان.، واتە كۆمەڵێك كاریگەریی و ڕاستی و دەسەڵاتی بەهێز كە، بەسەر ژیانمانەوەن، وە هەروەها كۆمەڵێك دەرككردن و پەیبردن و ڕێوشوێن، واتە شێوازێكی نوێی بینین و وەرگرتن و پەیبردن و دەرككردن، كە ئێمە لە ڕێگەیانەوە هەناسە دەدەین و لە ڕێگەیانەوە نیگا دەكەین.. لە نێوان نەخشەكانی فێلیكس و چەمكەكانی مندا بە یەكداچوونێك هەبوو. پێمان خۆش بوو پێكەوو كار بكەین.

بەڵام نەمان دەزانی چۆن. زۆر دەمانخوێندەوە، لە ئیتنۆلۆژیا، لە ئابووری، لە زمانەوانی، ئەمانە كۆمەڵێك ماددەو ماتریال بوون، من كاریگەربووم بەوەی فێلیكس دەیهاوێشت،گرنگی پێدراو لە لایەن كۆمەڵێك ترپەی فەلسەفییەوە كە، من هەوڵی ئەنجامدانیم دەدا. بەو خێراییە. بۆ كتێبی ئەنتی-ئۆدیپ، ئێمە دەمان زانی كە دەمانەوێت چی بڵێین : پێشكەشكردن بەرچاوخستنێكی نوێی "نەست و نائاگایی" وەك ماكینەیەك، وەك، كارگەیەك، چەمكاندنێكی نوێی وڕێنەكردن ، پەراوێز بوو لەە دونیای مێژووییدا، لە ناو دونیای سیاسیی و كۆمەڵایەتیدا.

بەڵام چۆن ئەنجامێ بدەین؟ ئێمە له ڕێگەی نامەی درێژەوە دەستمان پێكرد، كۆمەڵێك نامەی ناڕێكخراوو پەرشو بڵاو، نامەی ناتەواو. پاشان دانیشتن و كۆبوونەوە پێكەوە دوو بە دوو، ڕۆژانێكی زۆر، هەفتە گەلێكی زۆر. تۆ لەمە تێدەگەیت؟، ئەم كارە زۆرماندووكەرە، ئێمە هەمیشە پێدەكەنین، هەركەسەو لای خۆیەوە، پنتێك یان پنتێكی دیكەمان فراوان دەكردو گەشەمان پێ دەدا، بە كۆمەڵێك ئاراستەی جیاواز، نوسینەكانمان تێكەڵ دەكرد، ئێمە وشەمان دەخولقاند هەركاتێك پێویستیمان پێی هەبوایە. كتێب هەندێك جار ناوكۆیی توندو بەهێز لە خۆی دەگرێت بە شێوەیەك خۆی ڕوون دەكاتەوە نە لە ڕێگری ئەمەوەو نە لە ڕێگەی ئەوەوە دێت.

ئەوەی جیاوازی نێوانمان بوو زیاتر خزمەتی پێدەكردین. هەرگیزو بە هیچ شێوەیەك ئێمە یەك ڕیتممان نەبوو..فیلیكس گازەندەی دەكردم بۆ ئەوەی بە خێرایی و كتوپڕ پەرچە نەنوێنم بەرانبەر ئەو نامانەی بۆی دەناردم.ئەمەش ئەو شتە بوو كە لەو كاتەدا نەمبوو.من درەنگتر توانیم بە كاری بێنم و خزمەتم پێبكات، مانگێگ یان دوو مانگی پاشتر. ئەو كاتەی فێلیكس لە دەرەوە بوو، لە شوێنێكی دیكە بوو.

لە دانیشتن و چاوپێكەوتنەكەماند، هەرگیز پێكەوە قسەمان نەدەكرد: یەكێكمان قسەی دەكردو ئەوی دیكەمان گوێی دەگرت. من هەرگیز وازم لە فێلیكس نەدەهێنا، بەڵام فێلیكس شوێنم دەكەوت تەنانەت ئەو كاتەشی كە زیاترم نەدەتوانی،، وردە وردەو لە سەرخۆ چەمكێك بوونێكی سەربەخۆو ئۆتۆنۆمی وەردەگرت.، ئێمە بەردەوام دەبووین لە تێگەیشتنی چەمكێك بە شێوازی جیاواز.( بۆ نمونە ئێمە هەرگیز یەك تێگەیشتنمان بۆ جەستە بێ ئۆرگانەكان نەبووcorps sans organes). هەرگیز وەك یەكیی و چوون یەكی لە كارەكانی هەردووكماندا نەبووە، بەڵكو فرەیی و هەمەجۆری، كەڵەكەبوونێك پارچەپارچەبوون، ڕیزۆمێك.

دەتوانم بڵێم چی لە پشتەوەو ئەسڵی تێمێك یان تێگەیەكدا هەبوو: لای من، بۆ من فێلیكس پرشنگدانەورویەكی ڕاستەقینەی هەبوو، منیش جۆرێك لە سەیوان و چەترێك ، لە زەویدا وەرم دەگرتەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێكی دیكە پێكەوەی بلكێنمەوە.، بەڵام فێلیكس وەریدەگرتەوە.. هتد.

بەمشێوەیە ئێمە گەشمان كردو دەچوینە پێشەوە. بۆ كتێبی هەزار ڕووتەخت، ئەمەشیان دیسانەوە جیاواز بوو، پێكهاتەی ئەم كتێبە زیاتر ئاڵۆزە، زیاتر جیاوازە، لەو بوارانەی لێكۆڵینەوەیان لە بارەیانەوە كراوە. بەڵام ئێمە كۆمەڵە نەریتێكمان دەسكەوتبوو كە چۆن یەكێكمان دەتوانێت بێت و ئەوی دیكەمان چۆن دەتوانێت بڕوات. گفتوگۆو قسەوباسەكانمان زیاترو زیاتر بڕین و خستنەسەری لە خۆ دەگرت و زیاتر بوو. ئێمە توانیمان شێوازی جیاوازو زۆریی سەداو دەنگدانەوەی زیاترمان هەبێت، نەك تەنیا لە نێوان خۆماندا، بەڵكو لەو مەیدانانەشدا كە، ئێمە پێیدا تێدەپەڕین. باشترین چركەساتەكانی ئەم كتێبە، ئەو كاتەی ئەنجامان دەدا، ئەمە بوو : مۆزیك بووماكینەی جەنگ، كۆچەرییەكان، بوون بە ئاژەل.

لەوێدا لە ژێر ترپەو پاڵنەری فێلیكسدا هەستم بەو هەرێم و قەڵەمڕەوی نادیارو نەناسراو دەكرد كە، چەمكە نامۆو بێگانەكان تێیدا دەژین. ئەو كتێبیك بوو بەختەوەری كردم، بۆ من هەرگیز ناتوانم جێی بهێڵم، ونی بكەم، بێ هیچ غرورێك. من قسە لە بارەی خۆمەوە دەكەم، بۆ خۆم قسە دەكەم، نەك بۆ خوێنەر. دواتر، فێلیكس و من، ئاڕەزوی ئەوەمان هەبوو هەركەس لە ئێمە لە لای خۆیەوە كار بكات بۆ پشودان و هەناسەوەرگرتنەوە. بەڵام من بڕوام بە شتێك بوو، ئێمە كاری نوێمان دەبێت. بەڵێ بەمشێوەیە بوو ئازیز ئونۆ، ئومێدەوارم وەڵامی بەشێك لە پرسیارەكانتم دابێتەوە. 
ئێوە باش بن.
(, Gilles Deleuze, Deux Régimes de Fous, Editions de Minuit, 2003 P.218-220
PM:02:47:11/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 655 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064