شەجەریان
د.سابیر بۆكانی

لەشەوی شەجەریانیدا: كە دەف دەدوا و پەنجە ئەفسانەی دەنەخشاند.. كە مۆزیك و سەمای ژەنیار تێكەڵاوی یەكتر ببوون..كە ئاوازی ڕەسەن، بەبێ ڕەتوش و ئارایشت لەو ئامێرە سادانەوە دەكەوتەوە.. كە دەنگی دوو دەروونی پاك؛ ویژدانیان دەخرۆشاندو جۆشیان دەدا.. لەو نێوەدا هەموو جەستە بوو بەگوێ و تەنها سۆز و میهری دەبیست.. تەنها لەوێ نێر و مێ ڕێك وەكو یەك بوون.. هۆشیار لەسەرخۆش مەستتر بوو..


نەخۆش لەساغان ساغتر بوو.. هەشتا ساڵان، لەگەنج گەنجتر.. كەس ناشیرین كەس جوان نەبوو.. ئەوەی بیسەر بوو پاشا بوو گەداش، كەڕ بوو.. ئەو كاتە بوو دەوڵەمەندی لەدڵدا بوو نەك لەگیرفان.. ئەو كاتە بوو تەنها لەكەڕیی دەترساین.. دەستمایەمان تەنها گوێ بوو.. كەمئەندام و ساغئەندام و گوڵئەندام؛ بەبیستن جیادەكرانەوە.. تێرو برسی كەس ئاگای لەویتر نەبوو.. كەسێك نەبوو بڵێ پۆست و بڵێ پایە، بڵێ سامان و سەرمایە.. بڕوانامەو بەهرەو عەقڵ، بنەماڵەو ئەسڵ و فەسڵ: تێكڕا خامۆش و زەردەڵ بوون.. ئەو كاتە بوو چش لەكێشەو نەهامەتی و لەجەنگ دەكرا.. چش لەزوویی و لەدرەنگی و سبەی دەكرا.. چش لەغەم و چش لەكەم و  چش لەئەو و لەئەم دەكرا.. ئای لەباڵادەستی سۆزو لەبێدەسەڵاتی عەقڵ.. ئەو كاتە بوو سۆز سەردار بوو عەقڵ كۆیلە.. كەی عەقڵ و سۆز، هاوڕێ و هەمنشینی یەك بوون؟..



لەو كاتەدا و لەو كۆشكەدا؛ سۆز ئامادەو عەقڵ بزر.. عەقڵ خەوتوو سۆز بەئاگا.. سۆز خانەخوێ، عەقڵ بێ لانەی ماڵوێران، بێ سۆراغی سەرهەڵگرتووی گوندو شاران.. لەشەوی شەجەریانیدا عەقڵ لەقەیرانێكدابوو، بەژانەوە دەتلایەوە. كەی ڕووی دەهات بێتەدەرو، كەی پێی دەكرا باش و خراپ هەڵسەنگێنێ، كەی دەپەرژا كوردو ناكورد لەیەكتر جیا بكاتەوە.. ئای چەند گەمژەن ئەو كەسانەی لەدوو چركەشەوی وادا، بیر لەمانا دەكەنەوەو لەنەژادو لەنەتەوەی دەنگ، پرسیار دەكەن.. 



لەئاكامی شەڕەكانی سۆزو عەقڵا؛ مرۆڤ بەسۆزە نەك عاقڵ.. مەستە نەك بیر بكاتەوە.. شێتەو هیچ لێك ناداتەوە.. ئێمەی مرۆڤ بەسۆزەوە گەرموگوڕو خاوەن هەستین.. بەعەقڵەوە دڵڕەقێكی ساردوسڕی مۆن و پەستین.. بەسۆزەوە مرۆڤەكان دەناسین و هاوبەشیانین.. دەنگ و ئاوازو مۆزیك: ڕق لەدڵێكدا ناهێڵن پڕ لەڕق بێت.. هەر ئەوانن ستەمكار دەهێننە گریان.. بەكوێر دەڵێن ئاسوودەیی هەر لەڕوناكیدا نییە.. شنەی ژیان ئالێرەوە هەڵدەكات و غەمی بینین تاسەر نییە.. كەی دەنگ و ئاوازو مۆزیك لەدەرگای عەقڵیان داوە؟.. كەنگێ پێویستیان بەڤیزەی تێگەشیتن و حاڵی بوونە؟.. ئەوان بەزمانی گوڵ و بەرائەت و شەماڵ دەدوێن.. هەر ئەوانن لەپەنجەرەی ویژدانەوە دێنە ژوورێ.. ئەوان لەوڵاتی دەروونێكدا هاوڵاتین، ژیاندۆستەو دوژمن بەمەرگ.. ئەوان خەڵكی ئەو وڵاتەن، مرۆڤەكان لەناویدا هەموو دۆستن، ئازادن و بەجوان مەستن.. ئاشنان بەگشت جوگرافیایەك، هەموو سنورێك دەشكێنن.. مۆزیك دەنگی ئەوانەیە دەروون پاكن لەهەر كۆێ بن.. مۆزیك هەناسەی ژیان و ڕەنگی مێژووی بەختەوەری هەموومانە.. مۆزیك سیمای مرۆڤایەتی ئینسانە..



لەشەوی شەجەریانیدا ئەو شەوەی كورتترین شەوی تەمەن بوو، كێ دەیزانێ شەو سەرەتایە یان كۆتا؟! كێ دەیزانی خۆی لەكوێیەو كات لەكوێیە؟! ئەو ساتانەی كە دەروون ئاسوودە دەبێت: لەڕۆژژمێری زەمەندا، ساڵ و مانگ دەكوژێنەوە.. هەفتەو ڕۆژ بەئاستەم دیارن.. دەقەو سەعات دەڵێن هات و دەڵێن ڕۆیی.. ئای لەتەمەن چەندە كورتەو چەند بەخێرایی دەگوزەرێ!!!




د.سابیر بۆكانی
PM:04:25:23/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 729 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064