شێخی بەردەقارەمان
عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی

مەلیكی كوردستان شێخ مەحموودی بەرزنجی 1886-9/10/1956 رۆڵەیەكی نموونەیی و سەركردەیەكی دانسقە و لەخۆبوردو بوو، ئەم قارەمانە بەجەرگە لە بێشكەی دارەوە تا بێشكەی خاك لە پێناوی سەرفرازی نەتەوەكەیدا سرەوتی نەبوو، لە سەرەتادا لەژێر كاریگەرێتی سۆزی ئایینی و نیشتمانیدا بەرەو باشووری عیراق كشاو لە بەرەبەیانی رۆژی 12 ی نیسانی ساڵی 1915 دا لەگەڵ لەشكری عوسمانی و چەكدارانی عەرەبدا پەلاماری سەربازگەی (چوعەیبە)ی داو شەڕێكی نەبەردانەی لەگەڵ ئینگلیزەكاندا كرد، لەكاتێكیشدا گەڕایەوە سلێمانی هەواڵی وەرگرت كە سوپای قەیسەری رووسی گەیشتۆتە سنووری باشووری كوردستان و پێشتریش (بانە و سەقز و بۆكان و میاندواوی) گرتبوو.
شێخی نەمر بەمەبەستی بەرگری وڵات لە هێرشی ئەم سوپا دڕندەیە لەشكرێكی پێكەوەنا و لە ناوچەی (بانە و مەریوان) لەشكری قەیسەری تێكشكان و سوپاكەی گەڕانەوە دواوە. لەم كاتەدا قوماندانی تورك (حیلمی بەگ و عەبباسی بەتلیسی) چەند كردەوەیەكی ناپەسەندیان بەرانبەر بە هۆزە كوردەكان كرد بەتایبەتی هۆزی جاف و ژمارەكیان لێكوشتن، دیارە ئەم كارە چەپەڵە كوردەكانی سارد كردەوە و بوو بە مایەی نیگەرانی شێخی نەمر، جارێكی تر سوپای قەیسەر بە فەرماندەی مارشاڵ(بۆدینی) و ژەنەراڵ (براتۆڤ) هێرشیان هێنایەوە سەر ناوچەكە و لە بەهاری 1916 دا و لە رێگەی (كرماشان)ەوە نزیك بە ناوچەی (خانەقین) بوونەوە، فەرماندەی رووس ئەو ساردییەی نێوان كوردەكان و سوپای توركیانی قۆستەوە و دوو نامەی یەك لەدوای یەكیان بەهۆی(عەبدوڵڵا خانی گولانی) یەوە بۆ شێخی نەمر نارد و لە دووتۆی نامەكانمدا باسی خراپەكاری و تاوانی توركەكان دەكەن و دۆستایەتیان لە كوردان دەوێ.

نامەی یەكەم:
لە مارشاڵ (براتۆڤ)ەوە بۆ سەرۆكی هێزی كوردان شێخ مەحموودی بەرێز:
شەركردنتان لەگەڵماندا و یارمەتیدانتان بۆ تورك كە دوژمنی هەر دوو لامانە بەزیانی خۆتان كۆتایی دێت، ئێمە چاومان نەبڕیوەتە وڵاتی ئێوە و ئامانجمان دەركردنی توركە ستەمكارەكانە لە هەموو زەوی رۆژهەڵاتدا، یارمەتی نەدانتان بۆ تورك كردەوەیەكی چاكە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆییتان، ئێمەش ئامادەین یارمەتیتان بدەین هەر وەكوو چەند ساڵێك لەمەوبەر هەستی خۆمان بەرانبەر رووداوی دڵتەزێنی موسڵ دەربرێ، ئێستاش لەلایەن سەرۆكایەتی فەرمانده‌یی لەشكرەوە شمشێرێكتان بەدیاری بۆ دەنێرم، بە وەرگرتنی هیوامان بە دۆستایەتیتان پتەوتر دەبێت.
مارشاڵ براتۆڤ

نامەی دووەم:
لە مارشاڵ(براتۆڤ)ەوە بۆ سەرۆكی هێزی كوردان شێخ مەحموودی
بەرێز:
كاتێك جەنگمان دژ بە توركیا دەستپێكرد، هیوامان وابوو كە سەركردایەتی كوردان یارمەتیمان بدەن، بەڵام جێی نیگەرانییە زوڵمی توركان دژ بە گەل و وڵاتەكەتان لەبیر چوویەوە، تاكو ئێستایش هەر بەر بەرەكانیمان لەگەڵ دەكەن و یارمەتی تورك دەدەن. بیستمان ژمارەیەك لە سەرۆكە كوردەكان لەلایەن دەسەڵاتدارێتی توركەوە نراون بە نیشانەی تفەنگەوە، ئێمە وا چاوەڕێمان دەكرد تۆڵەیان لێبكەنەوە و وڵاتەكەتان رزگار بكەن، ئێستا هاتووین رزگارتان دەكەین نەك داگیرتان بكەین، وڵاتی خۆتان بۆخۆتان و دەشمانەوێ پەیمانی دۆستایەتیتان لەگەڵدا ببەستین، ئەگەر لەسەر ئەم رێگەیە بڕۆن هیواتان نایەتەدی و دوور نییە لەلایەن ژێركەوتووەكان یان سەركەوتووەكان تۆڵەتان لێبكرێتەوە.
مارشاڵ براتۆڤ

سەرچاوە:
-1یاداشتەكانی شێخ لەتیفی حەفید،چاپی یەكەم، 1995ل28
-2دكتۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد، رۆشنبیری نوێ ژ 125 ساڵی 1990

شێخی نەمر وەڵامی 
مارشاڵ براتۆڤ دەداتەوە
كاتێك مارشاڵ(براتۆڤ)ی فەرماندەی سوپای قەیسەری رووس دوو نامەی كاریگەری بۆ قارەمانی كوردستان (شێخ مەحمودی بەرزنجی)نارد سەبارەت بە تاوان و ستەمی توركان و داواكردنی دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ هێزی كوردان، هەرلەو كاتەدا و راستتر لە بەهاری 1916 دا شێخی نەمر نامەیەكی مێژوویی وەڵامی داوەتەوە.
بەرێز قوماندانی قەیسەری رووس مارشاڵ براتۆڤ
نامەكەت بەهۆی (عەبدوڵڵا خانی گوڵانی)یەوە گەیشت. سوپاسی نییەتی باشتان بەرانبەر گەلی كورد و بنەماڵەمان دەكەم، باوەڕپێكراوی ئێمە هەندێ تێبینی دەمی دەگەیەنێتە سەركردایەتی فەرماندەی بەرێزتان، دڵتەنگم بەرانبەر بەو هەموو جیاوازییەی لە پەیمان و نییەتان دا هەیە لەلایەك و ئەو كارانەی كە سەربازەكانتان بەرانبەر بە دانیشتوانی گوند و شارۆچكەكان و دیل و بریندار و ئازاردراوەكان دەیكەن، لەلایەكی تر كارەكانتان دژی مرۆڤە، لەگەڵ نییەتی چاكتان كە لە نامەكانتانداهاتووە یەك ناگرنەوە، ئەم رەفتارانەتان بۆ سومعەتی عەسكەریتان و ئەو دەستی یارمەتییەی بۆی تێدەكۆشن خراپە، تكایە داوا لە سەربازەكانتان بكەن ئەم جۆرە كردارانە لەگەڵ دانیشتوان و دیل و بریندارەكاندا نەكەن، بۆ ئەوەی لێتان نزیك بینەوە و گەلی كوردیش قەناعەت پێبكەین لەگەڵتاندا بن، بەم شێوەیە نەخشەكە سەردەگرێت و دەتوانێت تورك لە وڵاتەكەماندا دەربكەین و برایەتی زیاتر لەنێوان گەلی كورد و رووسدا دژی دوژمنی هەر دوولا  پتەوتر بكەین، ئێمە دۆستایەتیمان لێتان دەوێ و دان بە مافماندا لە ناو سنووری سروشتی دیاریكراومان دابنێن. ناشمانەوێ سەر بۆهیچ دەوڵەتێك دابنەوێنین، ئەگەر بۆ دۆستایەتی و یارمەتی و باوەڕكردن بە مافی كورد نەبێت.
دڵسۆزت شێخ مەحموود
فەرماندەی هێزە كوردییەكان

وەڵامی مارشاڵ براتۆڤ
لە فەرماندەی سوپای قەیسەری رووسەوە بۆ سەركردەی تێكۆشەری كوردان شێخ مەحموودی بەرێز:
نامەی نووسراو دەمیتان گەیشت، سوپاسی هەستی نارەزایی دەربڕینتان بەرانبەر نامەی دووەممان دەكەم كە دەربارەی كردەوەكانی سوپامان و ئەو تۆمەتانەی بۆ سومعەی عەسكەریمان خراپن وتوتن. گرنگ ئەوەیه‌ ئەو كوشتارانەی كە تورك دژ بە سەروو، فەلە و ئەرمەنەكان كردیان بیرتان بخەمەوە، هەروەها لە هەموو ناوچەكانی تری دیاربەكر و بەتلیس و وان و باشقەڵا وعەزیزییە و قارس و ئەردەهان و هەموو ئەو ناوچانەی لە توركیادان و دانیشتوانی كورد و ئەرمەنن، لە كوشتن و تاڵانكردن و سوتاندنی پیاو و ژن و منداڵ و ئاوارەكردنی پاشماوەكەیشی لە پەككەوتە و پیر و منداڵ. كوشتنی حاجی شێخ سەعیدی باوكت لەبیر چۆتەوە، تۆ بەرگری لەوان دەكەی كە رۆڵەكانی گەلەكەت و باوكت و كوڕانی نیشتمانەكەتیان كوشتووە و سوپا ئازادیخوازەكەمان تاوانبار دەكەیت. ئێمە دان بە هەڵەی خۆماندا لە هەندێ شوێندا دەنێین، لاتان شارراوە نییە زروفی ئاژاوە و جەنگ بووە هۆی لەناوچوونی زۆر لە بێگوناهان، پێشت رادەگەیه‌نم سوپاكەمان ژمارەیەك ئەرمەنی راكردووی لە دەست تورك تێدایە، بەهۆی ئەوەی تووشی ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر هاتوون و گوێیان لە هاورای منداڵ و كورەكانیانە كە چۆن كراون بە سەرەنێزەی توركە ستەمكارەكانەوە و سەربڕاون، هەموو رۆژێك ئەو دیمەنە ترسناكە بەبەردەمیاندا دەڕوات و تازە دەبێتەوە، ئێمە دەبینین كۆمەكی بە دوژمنەكانتان و دوژمنایەتی ئەوان دەكەن، ئەوانیش مەجبورن تۆڵەی خۆیان بەهۆی ئەو كردارە ناڕوایانەی عوسمانییەكانەوە بەرانبەریان كردوون بسێننەوە، من گرنگی بەم رووە دەدەم و پێشیان ڕادەگەیەنم كە ئەم كردارەیان بە پێچەوانەی یاسای عەسكەری و سومعەیانەوەیە، هیوای خێرتان بۆ دەخوازین، لە كۆتاییدا تكام وایە پەیوەندی بە بزووتنەوەی 1909 ەوە بكەن پێش ئەوەی كودەتاكە ساز بدەن. 

مارشاڵ براتۆڤ
سەرچاوە:
یاداشتەكانی شێخ لەتیفی حەفید، چاپی یكەم، 1995

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌: کتێبی به‌ڵگه‌ی زیندوو، کۆمه‌ڵێ بابه‌تی زیندوو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌ب و مێژوو، 2010
PM:03:48:25/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1409 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064