ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
بورهان حاجی محەمەد عەبدولڕەحمان كە نازناوی جاهید بووە، شاعیرێكی دیارو ناسراوی كوردستانەو بەشیعرەكانی خزمەتێكی زۆری بەئەدەبو روناكبیری كوردی كردووە.
جاهید ساڵی 1918 لەئامێزی بنەماڵەی ناوداری دۆغرەمەچیی هۆزی جافی مورادی لەگەڕەكی سەرای قەڵای هەولێر لەدایك بووە.
بنەماڵەی دۆغرەمەچی بنەماڵەیەكی دێرینو ناسراوی شاری هەولێرنو چەندین كەسایەتیی سیاسیو روناكبیریو ئیداریو كۆمەڵایەتیان تێدا هەڵكەوتووەو خزمەتێكی زۆریان بەشاری هەولێر كردووە. وشەی (دۆغرەمەچی)یش بەمانای دارتاشیو دروستكردنی نەخشو نیگاری سەر كەلوپەلی تەختە دێت.
بەحوكمی ئەوەی جاهید لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیرو ئەدەبدۆستدا گەورە بوو، هەر زوو خولیای دنیای ئەدەب بەگشتیو شیعر بەتایبەتی بوو.لەتەمەنی 14 ساڵییەوە شیعری نوسیوەو لەژێر كاریگەری شیعرەكانی شاعیرانی وەك جەبار ئاغای كانی مامیو نامق كەمالو هیجری دەدەدا بووە.
ئەم شاعیرە بەزمانەكانی كوردیو عەرەبیو توركمانی شیعری هۆنیوەتەوەو سێ دیوانی بەناوی چوارینەكانی جاهیدەوە بەزمانی كوردی چاپكراوە.جاهید وەك فەرمانبەری میریش خزمەتی كردووەو كارمەندی كتێبخانەی گشتی عنكاوە بووە.بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیە 25 ساڵ لەمەوبەرو لە 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1991 بەیەكجاری ماڵئاوایی لەژیان كرد، بەڵام هەر بەنەمری ئەمێنێتەوەو شیعرەكانی یادگاری جوانو زیندوون.درود بۆ گیانی پاكی بورهان جاهیدی شاعیرو روناكبیر.
حەیفە ئەم گیانە بڕژێ بێ سەمەر
خۆم موبتەلا كەم بەدەردو كەسەر
مردن جارێكە بابەمەردی بێ
سەرشۆڕ نەبم لای دۆستو برادەر
ئهم بابهته 2531
جار خوێنراوهتهوه