ئەستێرە پرشنگدارەكەی سلێمانی
كەریمی عەلەكە
ئەستێرە پرشنگدارەكەی سلێمانی 
نوسینی :جمیل عیسا 

پێشەكی :
   هەندێ‌ دەوڵەتان تووشی پلەی كوشندە دەبن‌و جارێك تیائەچن و نامێنن، كەچی هەندێ‌ قەومی تر بەرێو شوێنیكی حەكیمانە حاڵی خۆیان رێك وپێك ئەكەن و ئەكەونە خۆشی ژیانەوە.

ئەو دوو نموونەیە شتێكی وا گرنكە نەك هەر لە سەر پیاوی گەورەی دەوڵەت وەیان پەرلەمانتارەكان، لەدوایشدا پێویست بێ‌ كە تێبینی ئەمە بكەن، بەڵكو وەباڵی ئەگەڕێتەوە سەر هەر تاكێكی میللەت، واتە ژن و پیاو هەموویان دەبێ‌ پێوەی خەریك بن. پێویستە لە سەر هەموو كەس پیاوو ژن‌و هەرزەكارو بەساڵاچووەكان‌و لادێی و شارستانی كەوا بەدەست و عەقڵ لە كاردا بن لەم شتانە وردببنەوەو بیری لێ‌ بكەنەوە.

وەنەبێ‌ بەرزبونەوەی نەتەوەیەك وەیان بەناخی زەویداچوونی، هێزگرتنی دەوڵەتێك وەیان تەنك بوونی  هەر بەسایەی بەكاربوونی پیاوانی ئیدارەو یان بێ‌ كارەیییانەوە بێتەوە كایەوە.كەوا بەپیاو چاك و یان بە پیاو خراپ و بە ئازاو یان بە زاڵم بژمێردرێن، بەڵكو هەر تاكێك لە تاكەكانی میللەت بڕەندەیەكی (مەقەستێكی)نەتەوەكەن و وێنەیەكی گیانداری تەواوی میللەتەكەیانن لە كۆگای میللەتەكەیان خوڵقاون و لەوانن.

میللەت هەر چۆنێك بێت پیاوانی ئیدارەشی ئاوەها دەبێت. لە كۆنەوە بێژراوە ((هەر قەومە تووشی ئەو پیاوە ئیدریانە ئەبێ‌ كە پێی لایقە)) كەچی زۆرجێ‌ داخە هێشتا ئەم شتە ڕاستە بەتەواوی وەها نەزانراوە ،بۆ ئاشكراكردنی ئەم ڕاستیە داپۆشراوە تكا ئەكەم لێم ببورن تا ئەم پرسە مێژوویی و فەلسەفیە ڕون دەكەینەوە.

كێ‌ مێژووی میللەتان ئەخولقێنیت و كێ‌ بنیاتی دەوڵەتان دائەنێت لە زەینی ئادەمیزاددا،حەوساوەیەتی گەورە گەورە ئەخاتەوە ؟ ئایا ئەمانە چەند كەسانێكی ئازای بەجەرگن ئەچنە كایەوەو پێكی ئەهێنن یاخود بە تێكۆشانی هەموو كەسێكی میللەت و هێزی گیانی هەموو نەتەوەكە پێك دەهێنرێت؟

(كارلایل) ئەدیبێكی بەناوبانگی ئینگلیزەو بڕوای بە قسەی پێشینان هەیەو لە سەر سەلماندنی رۆیشتووە، بەڵام تۆلستۆی  گەورە ئەدیبی روس لای قسەی دووەمین ئەگرێ‌.

كارلایل لە كتێبی ئازایانە و ئازایەتی لە مێژوودا بەناوی ئازایەتی و پێگەیاندنی ئازایانەوە بابەتە مەزهەبێكی داهێناوە ،بەپێی بۆچوونی (كارلایل) میللەت كۆمەڵە گڵەسورێكی دامردووی ئەوتۆیە گیانداریتی تیا نابینرێت، ئەگەر نەكەوێتە دەست یەكێكی بەهونەرو زانا هەتا قیامەت بەبێ‌ بزووتن و بەبێ‌ شكل ئەمینێتەوە ،بەڵام ئەگەر یەكێكی گەورەی پڕ هونەر (فن) و پیاوێكی ئازای وەك ((محمد و سزار و ناپلیۆن و پەترۆسی گەورە و سوقرات))یان لە ناو هەڵكەوت و ئەو كومەڵەی هێنایە كار ئەتوانن هەموو شكلێكی پێ‌ بدەن.




جەنگیزخان بەسەدان هەزار لە خێلەكانی ئاسیای كۆكردەوە‌و چین و روسیاو هیندستان و ئێرانی پێ‌ داگیركردن. ((پیتەری)) قەشەی ڕاست بۆوە  لە كیشوەری ئەوروپادا هەموو كاسۆلیكەكانی  هێنایە خرۆش تا بچن قودس لە چنگ موسلمانەكان ڕزگاربكەن. مارتن لوسەر چاكسازی لە ئاین بەجێ‌ هێنا ، كەچی نیرۆن و گالیگولا رۆمایان وێرانكرد.
خوولاسە بە ڕای (كارلایل) ئەوانەی مێژووی میللەتان و مێژووی ئادەمیزاد لە نەبوونەوە دروست دەكەن ئەوە بابەتانەكەو گیانیان بەهێزەو زیرەكی و ئازایەتیان لێ‌ ئەوەشێتەوە. هەر وەكو ((رامسەس و رومولوس و لوسەر و بسمارك ئەمانە هەموویان كەڵە مێردن.

بەڵام ڕای (تۆلستو)ی پێچەوانەیەو دەڵێ‌ : گیانی بەخشندە و ئەوانەی بەرەنگاری و قوعات ئەبن و شتی تیا بەرهەم ئەهێنن و ڕەنگ و بۆی پێ‌ ئەدەن، پیاوی تاك تاكی وەكو ناپلیۆن نمونەی ئەونین بەڵكو كۆگای میللەت خۆیەتی.

میللەت وەك كای پرش و بڵاوبووەوەی سەر زەوی وایە، بەڵام پیاوانی ئازاو گەورە وەك لە ئاسمان بەربووببنەوە وەهان دەبنە بروسكەو كایەكە هەڵدەگیرسێنن ،گیان ئەخەنە قەومەكەوە و ئەیانهێننە بزووتن .(1)  

بەلێ‌ (كریم عەلەكە ) ئەم جۆرە پیاوە گەورەو ئازایەیە لە بروسكە ئەچێ‌، بەڵام میللەتیش كۆمەڵە خۆڵێكی دامردووكای كۆنە نییە،چونكە ئەو برووسكەیە لە خودی میللەتەكە دەرچووە.
كەواتە خەڵكی سلێمانیش خەڵكێكی زیندوو ئازاو چاونەترسن، خەڵكێكی دیارو بەهرەمەندو داهێنەرن، ئەگەر لە خودی میللەتەكەدا تۆوی ئازایی و بیری مەردایەتی ببێ‌ بروسكە پەیدا ئەكا، ئازاكانی ناو میللەت دەرئەكەون، خۆ ئەگەر میللەت وەكو هەڵمێكی ساردەوەبوو وابێ‌ هیچ هێزێكیش تیا نابێ‌ كە بروسكە بكا.

مایەی شانازیە بۆ خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستان كەڵە پیاوێكی بروسكە ئاسا لە ناو میللەتێكی هوشیارو ئازا هەڵقوڵبێت و هەڵكەوێت و گەرمی  بەخەڵك ببەخشێت.

لە هەرمۆتەوە بۆ سلێمانی :

كریم عەلەكە ((عبدالكریم كوری ئەلیاس كوری پۆڵس كوری ئیبراهیم )) لە ساڵی (1868یان 1876لەدایك بووەو لە 25/1/1948 كۆچی دوایی كردووە (2)  
بەڵام ((سوارە هەورامی )) دەلێت لە ساڵی (1868)لە دایك بووە(3)

---------------------------------------------
(1)گریكوریو پیتروف –لە وڵاتی گولەزی نیەقی سپیا – گورینی سالم قەفتان .چاپخانەی (سلمان الاعڤمی) بەغدا .(1970)،لاپەڕە (22,24)
(2)بەری نوئیل یوسف . سوید 
(3) سوارە هەورامی – لە یادی چل هەمین ساڵگەری كۆچی ڕەنگین -18

هەرمۆتە یان گوندی (ئەرمۆتە) دەكەوێتە دامێنی چیای سەركەشی باواجی و خورئاوای شاری كۆیە بەدووری (3)كم لە چەقی شارەوە . بەڵام ئێستابووە بەگەڕەكێك لە شاری كۆیە .
شوێنی جوگرافی وایكردووە ببێت بە پشتێنەیەكی گرنگی شاری كۆیە لە بەر سازگاری ئاووهەواو هەڵكەوتەی سروشتی و ئاوی زۆر و ڕەزو باخی دڵڕەفێن وەكو درختی زەیتون و مێو و هەنارو هەنجیرو دارچنارو داری بی و ... هتد. 

وە سود لە زەیتون و ڕوونی زەیتون وەردەگیرێت، هەروەها بەچاندنی دانەوێلە و سەوزەو تووتن بەناوبانگە...

 هەرمۆتە و كۆیە دووناوی پەیوست و تەواوكەری یەكترن، ئەم گوندە هەموو مەسیحی نشینە، بەڵام بەهۆی ڕەنجبەری و شوان و گاوانی هەندێك ماڵە موسڵمانی تێدا نیشتەجێ‌ بووە. جگە لەوەش خزمایەتی و تێكەڵاوی لە نێوان مەسیحیەكانی هەرمۆتە و كۆیە هەیە و لە گەڵ خەڵكی كۆیە بە یەكتر بەستراوەتەوە (5)
هەرمۆتە خاوەن مێژوویەكی كۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین و لە گەڵ بڵاوبونەوەی ئاینی مەسیحی ئەم گوندە باوەڕی بە ئاینی مەسیحی هێناوە و تەنانەت ناوچەیەی كۆیە و هیران و نازەنین و بێتواتە و دۆڵی مەرگەو هەموو ناوچەكانی تری كوردستانیش لە پاڵ،ئاینی زەردەشتی و جوو  ئاینی مەسیحی هەبووە، لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی گەورەترین بەرگری لەو گوندە كە ئەو كات شارێكی گەورە بووە كراوە .(6)  

 ناوی گوندی هەرموۆتە وەیان (ئەرمۆتە)چەند لێكدانەوەیەكی هەیە :
1-ئەرمۆتە لە دوو ووشە پێكهاتووە ((ئەرعا))بە واتای زەوی یان خاك وە ((موتا)) واتە مردن بەواتای خاكی مردن – مردوان. هۆكارەكەشی بۆ قەتل و عام ،وەیان نەخۆشی دەگەڕێتەوە.
2-لەبەر ئەوەی وشەی ((ئەرمۆتە))بەمانای هەنار دێت و هەرمۆتەش ڕەزو باخی هەناری زۆرە، ڕەنگە ئەمەشیان لای بەشێكی زۆری خەڵكەكە پەسەند بێت.

3-ئەرموتە: بەپێی لێَكدانەوەی زمانەوانی وەیان عەونی شاعیر (7)  هەر وەكو بۆی باس كردم، بەم شێوەیە ((ئار)بەواتای پیرۆز – مقدس دێت . هەروەكو (ئاریان –ئەرادن –ئارماوە –ئەرگۆش – ئارارات – ئەرز رۆم – ئەربیل )) ...هتد. وە بڕگەی دووەمی ناوی ئەو شوێنەیە وەیان ئەو مەبەستەمان پێ‌ دەدات.

-بەرنامەی ڕێگا –تەلەفزیۆنی زاگرۆس بڕگەی یەكەمی بەناوی ((خاك)) وە بڕگەی دووەمی بەناوی ((مەتا-مەتی )) بەواتای زەوی مەتی دێت.

بەهەرحاڵ پیاوە مەزنەكەی ئێمە و بنەماڵەكەیان لەم گوندەوە هاتووتە دونیاو كۆچیان كردووە بۆ شاری سلێمانی لە ساڵی (1860).

وە باپیرە گەورەی بەندە (كریم اسحاق توما قەساب )) دەیگوت مەسیحیەكانی سلێمانی و سنە خزمی خۆمانن و لەبنەماڵەی ئێمەن كاتی خۆی بۆ كاروكاسبی و بارزگانی ڕوویان كردە سلێمانی و ئێران (8) .
------------------------------------------- 
(4)بڕوانە كوردستانی نوێ‌ ژمارە (2244)لە 6/9/2000 نوسینی جمیل عیسا لاپەڕە (9).
(5)حنا ئەنتوان توما / نووسەرو رۆژنامەنووسی لەدایكبووی (1924) و لە (2007)كۆچی كردووە.
(6)كوردستان و ئاینی ئیسلام – مەلا رەئوف سلیم حەوێزی .لاپەڕە (83-88)
(7)عەونی شاعیر لەدایك بووی شاری كۆیەو هەر لە كۆیەش كۆچی دوایی كردووە . چاوپێكەوتن لە هاوینی (1970).
(8)بەرنامەی ڕێگا –تەلەفزیۆنی زاگرۆس

لە سلێمانی :

یەكەم : گەڕەگی گوێژە 
  شاری سلێمانی لە ساڵی (1784)لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستكراوە لە دوای گواستنەوەی پایتەختی میرنیشینی بابان و بنیات نانی گەڕەكی (گوێژە)، یەك لەو ماڵە مەسیحیانەی كەلەو گەڕەكەدا نیشتەجێ‌ بوون بنەماڵەی ((پوڵس))ە كە كورٍی (ئیبراهیم)ە، پێش هاتنی بۆ ئەو شارە دانیشتووی گوندی (ئەرمۆتە)ی نزیك شاری كۆیە بووە، پوڵس دوو كوڕی بەم ناوانە هەبووە (ئەلیاس ، بەتروس ).

 ئەلیاس كە ناسرابوو بە(عەلەكە) ئەو نازناوەی لەوەوە وەرگرتووە كە وشەی ئەلیاس بە گران دەهاتە سەر زمانی خەڵكەكەی دەورو پشتی و ناچار پێیان دەوت ((عەلەكە)) 
بنەماڵەكەشی زیاتر بەوە ناوبانگی دەركردو ناوبراو كاری بازرگانی كردووە، چوار كوڕ و دوو كچی لە دوا بەجێماوە ((عبدالكریم ، عبدالرحیم، رزوقی، فرنی، بەربارە، خانم)) عەلەكەی ناودار كاری بارزگانی لە نێوان عێراق و ئێران و شامدا دەكردە ،بەزۆری بازرگانی سابوونی حەلەب و گەنم و كللەی رێوی(10)

دووەم : بازرگانی 
عبدالكریم ئلیاس لە ساڵی (1867)لەدایك بووە گەورەترین براكانی بووە (رزقەاللە، عبدالرحیم فرنیس).

باوكی كریم عەلەكە بازرگانێكی گەورەبوو (دانەوێلەو لۆكە) ...هتد
لەدوای باوكی هەمان پیشەی گرتۆتە دەست، بازرگانی لە گەڵ ئێراندا كردووە‌و براكانی ناردۆتە ئەوێ‌ و هەماهەنگی لە گەڵ بازرگانەكان و بازاری بەلای خۆی ڕابكێشێ‌ و ببێتە دەوڵەمەندترین دەوڵەمەندەكانی شارەكە. وە زمانێكی بازرگانی و عەقڵێكی بازرگانی باشی هەبووە بۆ ڕاكێشانی بازرگانەكان بەلای خۆیەوە (11) 
-------------------------------------------------------------------------- 
(9)بڕوانە كوردستانی نوێ‌ ژمارە (2244) سەرچاوەی پێشو .
(10) شەجەرەی بنەماڵەی دێرینەكانی سلێمانی لە نێوان (1784-1914)،عبدالخالق سابر –چاپی دووەم /2010 ،لاپەڕە (1469) .
(11) كلدانیەكی سلێمانی لە حاتەمی سەخیتربووە –نووسینی جەلال چەرمەگا 10ی ئۆكتۆبەری (2011)

سێیەم : خێرخواز 
لە ساڵی قات و قریدا (1916-1917)كە جەنگی جیهانی یەكەم لەو پەڕی گەرمیدا بوو لە لایەكەوە وشكە ساڵی لە پاڵ شەڕەكاندا بوو وە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسیەتی و بێ‌ كاری بە شێوەیەكی زۆر ترسناك،  بەڵێ‌  زۆر كەس لە برسانا مردن، وە سروشتی بووە كەوا لاشەی مرۆڤە مردووەكان لە شەقام و كوچە و كۆڵانەكان كەوتبون ، بەشێوەیەك لاشەكان  دەمانەوە تاوەكو خێرخوازەكان بیاننێژن..!!  ئەمە گەورەترین و ترسناكترین شت بوو .
بەڵێ‌ بەم بارە سەختەوە لەو كاتەدا پیاوێكی مەسیحی ،كە لە پیاوە هەڵكەوتووەكانی سلێمانی بوو بۆ جیهانی سەلماند كەوا ئەو لە حاتەمەتی تەی سەخیترە بەكردەوە  نەك بە قسە ،ئەمە لە كاتێكدا دەیان كەس لە بازرگانە چاوچنۆكەكان ئەم بارە نا ئاساییەیان قۆستبووە بە بەرزكردنەوەی نرخی ئاردو دانەوێلە،كە وای لێهاتوبوو نرخی یەك هوقە ئاردیان بە سێ‌ لیرەی رەشادی دەفرۆشت ،بەم شێوەیە پارەو پوول و سەرمایەكی زۆریان كۆكردەوە ،بڵام لە هەمان كاتدا ناو ناوبانگ و كەس و كارەكانیان لە دەستدا ..!!


بەڵام كەریمی عەلەكە بە پێچەوانەوەی ئەوانەوە هەڵسا بە :
بەكڕینی بڕێكی زۆر لە بەروبوم و دانەویڵە و گلی دایەوە لە ناو گەنجینەكانی خۆی و پاسەوانی  توندو تۆڵی لە سەر گەنجینە و عەمبارەكاندا دانا.
وە بەم شێوەیەی خوارەوە وەكو ئەركێكی مرۆڤایەتی هەڵسا بە :
1-نرخەكانی دابەزاند  بۆ نیوەی بۆ ئەو كەسانەی كە توانای كڕینیان هەیە.
2-بۆ هەژاران و موحتاجەكان بەخۆڕایی ،بەلێ‌ بەخۆڕایی و بێ‌ بەرامبەر.
3-دامەزراندنی ئاشێك كە شەوو رۆژ كاری دەكرد لە پێناو خزمەتكردنی هەژاراندا.
4-دامەزراندنی نانەواخانەیەك و نانی بەخۆرایی بە سەر خەڵكدا دەبەخشیەوە هەر لە بەیانیەوە تاوەكو ئێوارە .
5-هەموو ئێوارانێك خواردن و شیوی لێنانی زۆری دروست دەكرد لە شۆربەی برنج و گۆشت بۆ هەژارو موحتاجەكان،وەیان هەر هەژارێك بۆی هەبوو دوای نان خواردن بەشی خێزانەكەشی بباتە  ماڵەوە .
6-بە بەردەوامی گەنم و جۆ و دانەوێڵە و برنجی بەنرخێكی گران دەكڕی و بەخۆڕایی دابەشی دەكردەوە ،وە بەم كارەی بازرگانەكانی تری شار پێ‌ ی سەرسام بوو بوون بەم كردەوانەی و ئەم سەخاوەتە گەورەیە و ئەو ڕەوشتە بەرزەیەوە .
بەم شێوەیە هەزاران كەسی لە مردنی مسۆگەر رزگاركرد ،بەڵی چاكەی یەكەم و دوایی بۆ ئەم پیاوە خێرخوازە دەگەڕێتەوە لە ڕزگاركردنی برسیەكان و هەژارانی ڕۆڵەكانی شارە خۆشەویستەكەی و خەڵكی سلێمانی و دەوربەریدا.
----------------------------------------------------- 
(12)هەمان سەرچاوەی پێشوو .

چوارەم پێكەوە ژیان :
ئاشكرایە كەوا خوالێخشبوو (كریم عەلەكە)مەسیحی بووە ،ئەمە لەوە سەرچاوی گرتووە كەوا لە گوندی ڕەسەنەكەی خۆی و لە شارە دێرینەكەی حاجی قادر ئەم پێكەوە ژیان و گیانی لێبوردەیی بەردەوام بووە ‌و هەیە .

كایتن های لە كتێبەكەیەدا نووسیویەتی (بەراستی جمیل ئاغای حەوێزی پیاوێكی بەوەجە شانازی بە كوردبوونی دەكات ،ئەمینترین و ڕاستگۆترین كەسە لەوانەی ناسیومن ،پیاوێكە دەمارگری نیە ،ئەو جووانەی لە گەڕەگی (هەواو)كە جمیل ئاغای تێدا دەژیا ئەویان بە پارێزگاری خۆیان دەزانی ،هەروەها ئەو مەسیحانەی لە سەر زەوییەكانی ئەودا كاریان دەكرد هەمان هەستیان هەیە (13) .

ئەم هەستە بەرزەش لە ناو بنەماڵەی عەلەكە ڕەنگی داوەتەوە ،بۆیە بەبێ‌ جیاوازی لە ناو شاری سلێمانیش خۆشەویستی و پێكەوە ژیان و ئاشتی و خێرخوازی و رێزگرتنی یەكتری بە شێوەیەكی باش و جوانترو گەشتر لە سەر دەستی كەڵەپیاوی سەردەمی خۆی و بۆ ئێستاش ،لەسەردەستی كریم عەلەكە بەدەی دەكرێت و ڕەنگدانەوەی هەیە ،بۆ ئەو مەبەستە هەڵساوە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و یارمەتی بۆ مزگەوتەكانی شاری سلێمانی.

ئەو خاوەنی كارێزێكی ئاوەبوو ،بەڵام ئەو كارێزە ئاوەی پێشكەش بە خزمەتكردنی مزگەوتەكانی شاری سلێمانی كردووەو فەرمانیداوە بە ڕاكێشانی جۆگە و گەیاندنی ئاو بۆ 


مزگەوتەكان كە ئەمانەن:
1-مزگەوتی شێخ ئەمین 2-تەكیەی ڕووتە 3-مزگەوتی حەمزە ئاغا 4-تەكیەی شێخ محمد بەرزنجی 5- ژمارەیەك مزگەوتی تر .
هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەو دروستكردنی دەستشۆرو تەوالێت بۆ مزگەوتەكان ..!!
فەرمانیدا بە ناشتنی هەموو مردووەكان لە سەر حیسابی تایبەتی خۆی.
خودی خۆی سەردانی ماڵە هەژارەكانی دەكردو هاوكاری دەكردن.
كڕینی جل و بەرگی زستانە بۆ خوێندكارە هەژارەكان .
لە رۆژانی ئاساییدا هەموو خەڵكی دەعوەت دەكردو خواردنی بۆ دروست دەكردن.
------------------------------------------
 (13)گۆڤاری ئەكادیمای كوردی ژمارە (28)،و. د.شەماڵ حەوێزی لاپەڕە (172)هەولێر 2014
(14)كوردستانی نوێ ژمارە (5995)لە 25/1/2013 ،نوسینی عبدولی حمە باقی ل3
هەروەها :كوردستانی نوێ‌ ژمارە (5995)لە 5/2/2013 ،ن،لەتیف فاتح فەرەج ل13
هەروەها : جلال چەرمەرگا ،نوسەرو رۆژنامەونوس – سویسرا

پێنجەم : لە ڕووی سیاسەت و ئیدارە دا 

 لەگەڵ دروستبوونی شاری سلێمانی چەندین شۆرش لە ناوەوەو دەرەوەی سلێمانی روویداوە ،بەڵام هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە تا ساڵی (1851)كە سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی بابانەكان بووە ،ئارام بووە ،وە لە سەردەمی عوسمانییەكانیدا سلێمانی لە گەڵ شەڕدا نەبووە چونكە شێخ محمود هەوڵی داوە هەمیشە شارەكە ئارام بێت(15) 
دیارە هەردەم دەوڵەتە داگیركەكانی كوردستان لە هەوڵی نانەوەی ئاژاوەو پشێوی دابوون هەر لە دەوڵەتی عوسمانی و ئینگلیزەكان و هەوڵی ئەویانداوە خێرو سامانی وڵاتەكە بدزن و بەتاڵانی ببەن ،جا مەبەستەكانیان نانەوەی ئاژاوەی ،ئاینی ،نەتەوەیی ،مەزهەبی  بووە بۆ ئەوەی زیاتر دەسەڵات بە سەر خەڵكەكەیدا بسەپێنن.

بۆ ئەو مەبەستە پیاوانی شاری سلێمانی لە لایەن مێجەر سون داواكراوە یەكێك لەمانە كریم عەلەكە بووە وەكو ئەشرافی شارەكە (16) 
لە 10ی تشرینی یەكەی ساڵی (1922)لە پایتەختی كوردستان شاری سلێمانی شێخ(محمود)حكومەتەكەی ڕاگەیاند كە یەكێك لە وەزیرەكانی كریم بووە بە وەزیری دارایی (17) 
 لەسەردەمی عوسمانیەكان ئەندامی (مەحكمەی جەزای سلێمانی )بووە بە پلەی ((قازی)) بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی بارزگانی و بازرگانە.


شەشەم : نیشتمانپەروەری  تا سەر ئێسقان:
لەكاتی بۆردومانكردنی شاری سلێمانی لەلایەن فرۆكەكانی ئینگلیزەوە ،زیاتر لە 90%ی خەڵكی شارەكە كۆچیان كردو هەموو ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ‌ هێشت ،بەڵام كەریم عەلەكە  لە گەڕەكی گوێژە مایەوەو ماڵەكەی چۆڵ نەكرد ،چونكە زۆری پێ‌ ناخۆشبوو كەوا ئەوە خەڵكە دەربەدەربێ‌ و شارەكە چۆڵ بكرێت ،خۆی و خێزانەكەی لە شارەكە و لە گەڕەكەی خۆی مانەوە لە پاڵ ئەویش حاجی برایم ئاغا  لەگەڕەكی (گوێژە)مانەوە.

كاتێك سوپای ئینگلیز چوونە ناو شار ،فەرماندەی لەشكرەكە ڕوویكردە ماڵەكەی كریم عەلەكەو سەری سورما چۆن كە چۆن لەوێ‌ ماون پرسیاری لێكرد :-
سەرم سورما ماوە چۆن شارەكەت بەجێ‌ نەهێشت؟
وەڵامی دایەوە وتی : من كوڕی ئەم شارەم ،زۆر عەیبە لە خۆشیدا لە شار بمینێمەوە و لەكاتی ناخۆشیدا بەجێ‌ بهێلم .
--------------------------------------------
(15)كوردستانی نوێ‌ (5927) چوارشەممە 14/11/2012( سلێمانی-22)ل3.
(16) بڕوانە (ئەحمەد خواجە / چیم دی . چاپی دووەم 2013 ل 60
(17)هەمان سەرچاوەی پێشوو ل88.
بۆ زانیاری زیاتر هەروەها :جوڵاونەوەكانی شێخ محمود (محمد هاوار ،شێخ محمودی قارەمان و دەوڵەتەكەی خواری كوردستان . بەرگی دووەم . لەندن 1991.

وەهەروەها : هۆزان سلیمان الدوسكی . جمهوریە كوردستان ،بیروت .لبنان 2006ل35.

فەرماندەكە سەری سورما لە جەسووری نیشتیمانپەروەری ئەم پیاوە .. هەر بۆیە زۆر رێزی لێگرت.

هەر كە هێزی ئینگلیز چوونە ناو شارەكە هەڵسان بە تاڵان و بردو دزینی زۆربەی ماڵە دەوڵەمەندەكان لەوانە ماڵی (شێخ محمود حەفید) ،خوالێخۆشبوو كریم عەلەكە هەڵسا بەكڕینی هەموو كەل و پەلەكان لە سەربازە ئینگلیزەكان و دواتریش گەڕاندیەوە بۆ خانەوادەكانیان بەبێ‌ بەرامبەر!
لە ساڵی (1913) كونسڵی روسیا سەردانی سلێمانی كرد ،وە سەردانی كەنسیەی كردو داوای لە قەشەكرد كەوا چاوی بە گەورەترین كەسایەتی شارەكە بكەوێت.
قەشە وەڵامی دەداتەوە : هیچ كەسێك نیە جگە لە كریم عەلەكە.
كونسڵ بەدوای نارد بۆ ئەوەی سەردانی كەنیسە بكات و چاوی پێ‌ بكەوێت ،بەڵام خوالێخشبوو ڕەتیكردەوە بچێت بۆ كەنیسە و چاوی بە كونسڵ بكەوێت..!!
ئەو كات كونسڵی روسیا گۆتی : باشە من سەردانی دەكەم !!
كریم عەلەكە وەڵامی دایەوە نامەوێت سەردانم بكات ،بۆچی دەیەوێت چاوی پێم بكەوێت من كەسایەتیەكی نیشتیمانپەروەرم و حكومەتی خۆم هەیە و موتەسریفمان هەیە لە لیوای سلێمانی ،نامەوێ‌ چاوپێكەوتنی لە گەڵ بكەم ،دیارە پێویستی بە شتێك هەیە ،بۆچی چاوی  بە موتەسەریف ناكەوێ‌ ،پیاوی موتەسەریف ئەو نوێنەرایەتی حكومەت و خەڵك دەكات.
هیچ شتێكم نییە گفتوگۆی لە گەڵ بكەم نە كونسڵی روسیا و نە لەگەڵ هیچ كونسڵێكی بێگانەدا.!!
چاوی بە كونسڵی نەكەوت ,كاتێك دەسەڵاتدارانی خۆجێی ئەم هەواڵەیان بیست سوپاسیانكرد لە بەر جەسووری و ئازایەتی و نیشتیمانپەروەریدا..!!

لە ساڵی (1922) بەریتانیا فەرمانیدا ئەگەر شێخ (محمود) لە سلێمانی دەرنەچێت هەڵدەستێ‌ بە بۆردومانكردنی شارەكە بەهۆی فرۆكەكانیەوە ،وەفدێك دروست دەكرێت بۆ بەرهەڵستی بە سەرۆكایەتی( كەریم عەلەكە) و دەچنە كەركوك‌و لەوێشەوە بۆ بەغدا،وە لە بەغدا قسەكەری وەفدەكە دەبێت چونكە زمانی عەرەبی ،كلدانی ،كوردی ،فارسی ,توركی ،ئینگلیزی بەباشی دەزانی .. 
چاویان بە مەندوب سامی كەوت و مەترسیەكانی ئەم كردەوەیان بۆ ڕوونكردەوە ،وە هەروەها چاوی بە شا فەیسەڵی یەكەم كەوت و داوای لێكرد واز لە دابڕانی شارەكانی سەر بە لیوای سلێمانی بێنن.

----------------------------------------------------- 
(18)كلدانیەكی سلێمانی / نووسینی جلال چەرمەگا 10ی ئۆكتوبەری 2011
WWW.KALDAY.NET




حەوتەم : ماڵئاوایی 

لە ساڵی (1923)كریم عەلەكە و خێزانەكەی بۆ شاری كەركوك كۆچ دەكەن و هەر لەوێش یارمەتی خەڵكێكی زۆر دەدات . دواتریش لە گەڵ خێزانەكەیدا ڕوو دەكەنە شاری بەغدا و لەوێ نیشتەجێ‌ دەبن.

لە 25/1/1948 كەریم عەلەكەی نیشتیمانپەروەری مەزن دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت و بۆ هەتا هەتایی ماڵئاوایی لە كەس و كارو خەڵكی شاری سلێمانی و كوردستان دەكات و لە گۆرستانی كاسولیكی لەشاری  بەغدا بە خاك دەسپێردرێ .
ئێستاش شەقامێك و خوێندنگایەكی بەناو كراوە لە شاری سلێمانی.

-هەزاران سلاو لە گیانی پاكی ئەم كەڵە پیاوە .
-هەزاران سڵاو لە شاری سلێمانی مەزن .
-هەزاران سڵاو لەو خێرومەندە نیشتمانپەروەرو جەسورو ئازاو سنگ فراوان و خۆشەویست بۆ خاك و نیشتیمانەكەی .
-هەزاران سڵاوبۆ ئەوانەی كە نووكی پێنووسەكانیان دەخەنە گەڕ لە سەر ئەم كەڵە پیاوە گەورەیە دەنووسن.


ئەنجام 

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە بۆمان دەردەكەوێت كەوا كەریم عەلەكە:
1-مەسیحییەكی كلدانی خەڵكی گوندی هەرمۆتەی سەربە شاری كۆیە بووە كۆچیان كردووە بۆ شاری سلێمانی .
2-پیشەی بنەماڵەكە بازرگانی بووە ،بەڵام كەریم عەلەكە بڕەوی پێداوە و گەشەی پێكردووە لە نێوان عێراق و ئێران و شامدا.
3-پیاوێك بووە تا سەرئێسقان خاوەن هەڵوێست و نیشتمانپەروەر بووە .
4-پیاوێكی خێرومەندو خێرخواز بووە لە كاتی برسیتی و قات و قڕی سەفەر،خەڵكی هەژارو ڕەشو ڕووتی ڕزگاكردووە .
5-كەڵە پیاوێك لە سەر بنەمای ئاشتی و پێكەوە ژیان و لێبوردەیی و هەڵگرتنی پەیامی مەسیحی بووە ،بۆیە بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی هەموو ئاین و نەتەوە و مەزهەبەكانی كردووە.

سود لەم سەرچاوانە وەگیراوە 

1-گۆڤاری سلێمانی ژمارە (12211)ساڵی 2001.
2-حەپسەخانی نەقیب /درەخشان شێخ جلال خەفید (1999) ل15
3- تحفە سلێمانی : هجری دەوە كركوك ،1935 بغداد ل43
4-گۆڤاری سلێمانی : ژمارە (20) ساڵی 2002
5-فریشتەیەكی سەرزەمین – تەها احمد صالح – دار النشر الكردیە – بغداد -1977
6-گۆڤاری سلێمانی ژمارە (9) شوباتی 1969 لا51-53 نووسینی غریب زێوەر
7-رۆژنامەی العراق ژمارە (3339) لە 14/1/1987
8-جریدەی التاخی /اعلام الكرد / ژمارە         نوسینی جمال بابان 19/8/1978
9-شەجەرەی بنەماڵە دێرینەكانی سلێمانی . عبدالخالد صابر . چاپخانەی گریس گلوری بیروت (2010) ل1469
10-كوردستانی نوێ‌ ژمارە (2244)لە 6/9/2000 نوسینی جمیل عیسا
11-كوردستانی نوێ‌ ژمارەی (5986)لە 5/2/2013 نوسینی عبدولی حەمە باقی 
12-كوردستانی نوێ‌ ژمارە (5995) لە 5/2/2013 نوسینی لەتیف فاتح فەرەج 
14-السلیمانیە –ویكبیدیا / الموسوعە الحرە 
15-رەفیق حلمی – یاداشت – 1957
16-دبلیو .ر.هی . سنتان فی كوردستان (1973) ترجمە فواد جمیل 
17-ئەحمەد خواجە – چم دی – لە ساڵی 1970
18-جریدە الاتحاد .كریم علكە ،العدد (295)فی 28/11/1991 ص4
19-كلدانی فی السلیمانیە – الجریدە الكترونیە نوروز – مركز الاعلام 8/5/2008
20-حاتم تەی الكلدانی كریم علكە المنشور فی موقع عنكاوە بتاریخ 24/1/2008
21-مێژووی هەرمۆتە .د.هاوژین صلیوە . چاپخانەی زانا 2012 سلێمانی .
22-بدری نوئیل یوسف .مقال .السوید
23-لە یادی چل هەمین ساڵگەری كۆچی دوایی . سوارە هەورامی .ڕەنگین /18
24-Kurds Turks and Arabs.G.J.Edmonds.landon.1957.p.80
25-سود وەرگرتن لە بەرێز خالد جمال ئەلبێر . بەرێوەبەری گشتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی 18/2/1991
26-محمد رسول هاوار – شێخ محمود قارەمان . دەوڵەتەكەی خوارووی كوردستان .بەرگی دووەمی .لەندن .1991
27-هوزان سلیمان الدوسكی .جمهوریە كوردستان . الدار العربیە الموسوعات گ1 2006 بیروت لبنان ص35.
28-ولیام ایغلت الابس : جمهوریە مهاباد 1946 الكردیە .منشورات الجمیل .بیروت 2012 ترجمە و تع
لیق جرجیس فتح اللە ص25 
29-هەرمۆتە لە مێژوودا . دەستنووسی . جمیل عیسا 2009


PM:02:11:09/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3137 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064