مێجه‌ر سۆن، جاسوسێكی روناكبیر!
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا

ئەگەرچی مێجەر سۆن  بەناوی غولام حسێن شیرازی لە وڵاتی ئێمە وەك جاسوسێك وێنا كراوە‌و باسی كراوە، بەڵام ئەو یەكێكە لە‌و رۆژهەڵاتناس‌و گەڕیدانەی كەخزمەتێكی گەورەی بەبوارەكانی ئەدەب‌و رۆژنامه‌نوسی و خوێندن‌و كەلتوری  كوردی كردووە.
ئیلی بانستەر  سۆن كە بەمێجەر سۆن ناسراوە لە رۆژی 16ی ئابی 1881 لە ئامێزی خێزانێكی دیارو دێرینی شاری كینگستۆنی بەریتانیا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە.ساڵی 1898 بەپلەی شەرەف زانكۆی كامبریجی تەواو كردووە.

سۆن  هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای فێربوونی زمانە رۆژهەڵاتییەكانی بووە‌و هەربۆیە ساڵی 1902 سەفەری ئێران دەكات‌و لەتاران وەك ژمێریار لەبانكی شاهنشاهی دادەمەزێ‌‌و دواتر ئەچێتە شاری شیراز‌و لەوێ‌ خۆی فێری فارسی ئەكات‌وچوارینەكانی خەیام لەفارسییەوە بۆ ئینگلیزی وەرئەگێڕێت.ساڵی 1905 ئەچێتە بوشەهر‌و لەوێ‌ لەسەر مەزهەبی جەعفەریی بووە بەئیسلام.

ساڵی 1906 وەك بەڕێوەبەری بانك لە كرماشان خزمەتی كردووە‌و لەوێ‌ زۆر بەباشی خۆی فێری زمانی كوردی كردووە‌و زانیاری لەسەر كورد كۆكردۆتەوە.ساڵی 1907 گەڕاوەتەوە بەریتانیادوای ئەوە گەشتە بەناوبانگەكەی لەئەستەنبوڵەوە بەناوی ( غوڵام حسێن شیرازی) دەست پێدەكات‌و هەموو پارچەكانی كوردستان بەسەر ئەكاتەوە‌و زانیاری ورد لەسەر مێژوو و جوگرافیا‌و دابونەریتی گەلی كورد كۆئەكاتەوە‌و هەموو ئەوانە لەدوو توێی كتێبە بەناوبانگەكەی (گەشتێكی شاراوە بۆ وڵاتی میسۆپۆتامیا‌و كوردستان) لەساڵی 1912 بڵاو كردۆتەوە.
مێجەر سۆن ساڵی 1916 لەگەڵ سوپای ئینگلیزدا ئەچێتە شاری بەسرەو لەوێ‌ رۆژنامەی بەسرە تایمز بەزمانەكانی ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و فارسی دەرئەكات.

ساڵی 1918 لەشاری بەغدارۆژنامەی تێگەیشتنی راستی بەهاوكاری شوكری فەزڵی دەركردووە‌و رۆژنامەكە 67 ژمارەی لێدەرچووە.
ساڵی 1920 مێجەر سۆن كە حاكمی سیاسی ئینگلیز بووە لەسلێمانی چاپخانەیەكی لەو شارە داناوە‌و  بەسەرپەرشتی خۆیان‌و بەهاوكاری هەندێ‌ رۆشنبیری شاری سلێمانی رۆژنامەی (پێشكەوتن) یان دەركردووە.

رۆژنامەكە بایەخی بەبوارەكانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و مێژوویی داوە‌و بەگشتی 118 ژمارەی لێدەرچووە.
سەرباری ئەوەی ئەم رۆژنامەیە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دەركراوە، بەڵام بایەخێكی زۆریشی بۆ گەلی كورد هەبووە، چونكە مێژووی روداوەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان‌و ناوچەكەی تۆمار كردووە‌و گرنگی بەزمان‌و ئەدەب‌و مێژووی كورد داوە‌و بۆتە بەردی بناغەی چەسپاندنی رۆژنامەگەری لەناوچەی سلێمانی‌و هەموو رۆژنامەكانی تر كە دوای پێشكەوتن دەرچوون سودیان لەئەزمون‌و شێوازو ناوەرۆكی ئەو رۆژنامەیە وەرگرتووە.

بێجگەلە لەراژەكانی لەبواری رۆژنامەگەری، مێجە سۆن بایەخیشی بە زمان‌و ئەدەب‌و فەرهەنگ‌و رێزمانی كوردی داوە‌و 15 كتێبی بەنرخی لەو بوارانەدا پێشكەش بە نامەخانەی كوردی كردووە.

راستە مێجەر سۆن وەك كەسایەتییەكی سیاسی‌و موخابەراتی بەریتانی خزمەتی بەسیاسەت‌و ستراتیجی وڵاتەكەی كردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ‌ ئەوەش نادیدە بگیرێ‌ كە ئەو پیاوە خزمەتێكی زۆری بە رەوتی چاپەمەنی‌و رۆژنامەنووسی‌وئەدەبی‌و خوێنەواری‌و رۆشنبیری كوردی كردووە.

مێجەر سۆن لە 24ی شوباتی 1923لەدوای گەڕانەوەی لەچارەسەری پزیشكی لەتونسەوە بۆ وڵاتەكەی لەناو دەریا‌و لەسەر پشتی پاپۆڕ كۆچی دوایی كرد.

PM:01:58:03/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 2326 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064