ئەحمەد موختار بەگی جاف
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
كەسایەتییەكی نیشتمانیو كۆمەڵایەتیو شاعیرو چیرۆكنوسێكی گەورەو پایەبەرزی كوردستانە لەرێی بەرهەمە ئەدەبیەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بەبوارەكانی ئەدەبیو كەلتوری كوردستان كردووە.
ئەحمەد بەگی عوسمان پاشای محمەد پاشای كەیخوسرەو بەگی جاف كە بە ئەحمەد موختار بەگی جاف ناسراوە لەساڵی 1898 لەئامێزی خێزانێكی ناوداری هەڵەبجە هاتۆتە دنیاوە، باوكی كەسایەتیەكی مەزنو سەرداری هۆزی گەورەی جاف بووە، عادیلە خانمی دایكیشی بەهەمان شێوە ژنێكی هەڵكەوتوو بووە.
ئەحمەد موختار لەشاری هەڵەبجە خراوەتە بەرخوێندنو قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لەوێ خوێندووە.لەرێی مامۆستای تایبەتەوە زمانو ئەدەبی عەرەبیو فارسیو توركیو ئینگلیزی خوێندووە.ئەحمەد موختار كەسایەتییەكی دیاری كۆمەڵایەتیو ئیداریش بووەو لەساڵانی 1919 تا1924 قائیمقامی شاری هەڵەبجە بووەو خزمەتی باشی پێشكەش بەخەڵكو ناوچەكەی كردووە.
ساڵی 1924بەئەندامی ئەنجومەنی تەئسیسی عیراق وەك نوێنەری عەشیرەتی جاف هەڵبژێردراوەو دواتریش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووەو لەرێی خەباتی پەرلەمانییەوە بەرگری لەمافەكانی گەلی كورد كردووە.
ئەحمەد موختار شاعیرێكی گەورەیە، هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بەشیعر داوەو لەژێر كاریگەری شیعرەكانی تاهیر بەگی برایو حافزو سەعدی شیرازیدا بووە.
خاوەنی چەندین شیعری بەرزی نیشتمانیو نەتەوەییە، بەشیعرەكانی بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە.بێ لەبواری نیشتمانی، ئەحمەد موختار چەند دەقێكی شیعری جوانی بۆ عیشقو خۆشەویستی نوسیوە.ئەحمەد موختار هەموو شیعرەكانی لەدوو توێی دیوانێكدا چاپ كراوەو خاوەنی دیوانی خۆیەتی.
بێ لەشیعر، ئەحمەد موختار جاف چیرۆكیشی نوسیوەو لەو بوارەدا بەپێشەنگو رچەشكێن دائەنرێو خاوەنی چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان)ەو لەكۆتایی بیستەكانی سەدەی رابردوودا نوسیویەتیو ساڵی 1970 د.ئیحسان فوئاد پێشەكی بۆ نوسیوەو چاپی كردووە.
بەداخەوە ئەم ئەدیبو كەسایەتییە گەورەیەی كورد لە5ی شوباتی 1935 لەلایەن دەستێكی چەپەڵو غەدارەوە تیرۆر كراو لەگۆڕستانی عەبابەیلێی نزیك هەڵەبجە بەخاك سپێردرا.درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی ئەحمەد موختار بەگی جاف شاعیرو چیرۆكنووسو ئیداریو پەرلەمانتار.
لەخەو هەستن میللەتی كورد درەنگە خەو زەرەرتانه
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵو هونەرتانە
دەسا تێكۆشن ئەی قەومی نەجیبی بێكەسی مەزڵوم
بەكورتی بیبڕن ئەو رێگە دوورەی وا لەبەرتانە
ئهم بابهته 4467
جار خوێنراوهتهوه