خاك ماڵە چۆڵەكەی پیرەمێرد بەسەردەكاتەوە
سۆزان عومەر
پیرەمێردی نەمر لە وەسێتنامەیەكدا، لەبارەی موڵكەكانی دەڵێت "ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، قەلەندەرخانەكە تێكمەدەن، ڕۆژنامەكەش لەدەست مەدەن، مزگەوتی هەمزە ئاغاش فەرامۆش مەكەن چونكە یادگاری باپیرمە، شیعر و نووسینەكانم كۆبكرێتەوە و مەیفەوتێنن سودی لێدەبینرێت، لەگردی مامەیارەش بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر بیرتان كردم جار جار سەرێكم لێبدەن.!".
ئەوەی رێی بكەوێتە ماڵەكەی پیرەمێرد، كە دەكەوێتە گەرەكی سابونكەران و تەنیشت گۆرەپانی پاسەكانی ڕزگاری، چاوەكانی پڕ دەبێت لە فرمێسك و قوڕگی پڕدەبێت لە گریان چونكە لە ماڵێكی چۆڵ وهۆڵ زیاتر هیچ تر نابینیت.
ئەم خانووە، تا چەند ساڵێك پێش ئێستا ڕوخابوو، ببوو بە كەلاوە، بەڵام دواتر لە لایەن سەرمایەدارێكی سلێمانیەوە بە چاودێری شوێنەوار نۆژەنكرایەوە... بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو ماڵەی كە پیرەمێرد شاكارەكانی تێدا دەنووسی ئێستا، چۆڵەو تەنانت كەل و پەلەكانیشی تێدا نەپارێزراوە...
پیرەمێرد كە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەكاری لە توركیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێكی ھێنابوو دوو كوڕی بە ناوەكانی (نەژاد و وەداد)ی ھەبوو. لەو كاتەدا بنەماڵەكەی لە سلێمانیەوە دەست ئەكەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشكەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە وە داوای گەڕانەوەیان لێكردوە كە بگەڕێتەوە بۆ كوردستان. بەھۆی شۆڕشی كورد لە توركیا و تێكچوونی بار و بەھۆی ئەوەی كە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی كۆمەڵەی كورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣. پیرەمێرد ژن و منداڵەكانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
لەو كاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێك بڵاودەكاتەوە:
پیرەمێردجەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا كە بیست و سێ ساڵە لە وەتەن دووركەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی كانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەكەتەكەمان، بە قدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵین، بەناوی ھەموو ھاوڵاتییەكەوە بەخێرھاتنی دەكەین.
بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا، لە شارەكەی خۆیدا ونە، گۆرەكەی لە سەیوانەو ماڵەكەی لە گەرەكی سابوونكەرانەو چاپخانكەشی لە مۆزەخانەی ئتنۆگرافی سلێمانی پارێزراوە...كە دەبوو چاپخانەكەی و كەل و پەلەكانی لە هەمان ماڵدا بپارێزرایەوە وەك مۆزەخانەیەكی رۆژانە خەڵك سەردانی بكردایە..
مستەفا ساڵح كەریم خاوەنی كتێبێكە لە سەر پیرەمێرد، دەربارەی ئەم خانووە دەڵێت:" پیرەمێرد1925تا 1950 لەوێدا ژیاوە،چاپ خانەكەی و وەئەو كەلوپەلانەی كەماوە ئێستا لە مۆزەخانەی ئەتنۆگرافی كە دەكەوێتە شەقامی نالی نزیك ئەسحابە سپی لەوێ هەڵگیراون".
لەدایكبوونی و سەرەتای ژیانی
پیرەمێرد، ناوی (تۆفیق مەحمود ھەمزە)یە، ئەم شاعیر و رۆژنامەنووسە مەزنە، لە ساڵی ١٨٦٧ی زاینی بەرامبەر بە ١٢٨٨ی كۆچی، لەشاری سلێمانی چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە،
رۆژی ١٥/٦/١٩٥٠ رۆژنامەی ژیان ژمارە (١٠١٥) دەرچووە، كە واچاكە پێیبوترێت (ژمارەی ماڵئاوایی)، چونكە ئیتر لەو رۆژە بەدواوە، لەباریی لەشی پیرەمێرد بەرەو خراپی چوو، بۆیە لەو سێ رۆژەی كۆتایی ژیانیدا چی بەبیرداھات بەناوی (وەسیەتنامە)وە نووسییەوە.
بەو پێیەی پیرەمێرد تا دوارۆژی ژیانی بە رۆژنامەگەرییەوە خەریك بوو، تا لە ١٩/٦/ ١٩٥٠لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووەو لەسەر خواستی خۆی لەگردی مامەیارە نێژراوە، كە جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆز بوو
وەسیەتنامەكەی پیرەمێرد
ئەمجارە ئەمرم، لەمردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێكی درێژم رابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورەو پادشاھانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بەنیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم و خوێندنێكی بەرزم ھێنایەوە، بەسەربەرزیی دەزانم كە لەڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێكی زۆرم دیوە. لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەكێ (زانستی) و یەكێ (ژین)، ئێستا كە ئیتر لەوانەیە كەڵكی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بەبار بەسەر خەڵكەوە، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی كە ماڵی كەسم خواردبێ، موحتاجی كەس بووبێتم، ھیچم پاشەكەوت نەكردووە، ھیچیشم لەدوا بەجێنەماوە، چاوم لەدوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم، ھەرچەندە یەكانە ھیوام ئەوە بوو كە ببینم قەوم و میللەتەكەم پلەیەك لەمە بەرزتر و خوێندەوارترو پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵا ئەوەشدا بەختیارم، چونكە بۆم دەركەوت كە قەوم و میللەتەكەم لەپێشكەوتنان و ھەمووجۆرە توانا و قابیلیەتێكیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، كوڕ و كچ تاخوێندەوار نەبن بێسودە، ھەموو شت بەعیلم و فەنەوەیە وەكو وتومە:
لای من بەخوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە/ ھەر میللەتێ كە فەنی نەبێ دەردی كارییە/ ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەك من ئارەزوو ئەكەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی كفنەكەم.
ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن ماددە مەكەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن، تائەتوانن خزمەتی راست و بێ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەكەتان بكەن و دەستی داماوان بگرن و لەدین لامەدەن، خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن و رەوشتتان پاك و خاوێن بێ. ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێكمەدەن، ئەو یەك دوو كەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێنازیان مەكەن حەقیان بەسەرمەوەیە. رۆژنامەكەش لەدەستمەدەن، چاپخانەكە ئیش پێبكەن، چونكە لەلایەكەوە ناكوژێتەوەو خزمەتی پێئەكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەو جیھەتەی من یارمەتیم داون، بەڵكو بەھۆی ئیشكردنی چاپخانەكەوە ئەو یارمەتییەیان لێنەبڕێت. ئامۆژگاریم ئەوەیە كە شیعر و نووسینەكانم كۆكرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێئەكرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە (لەگردی یارە) بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان كردم جارجارە سەرم لێدەن، فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو كەسانەیە كە بەتەنگمەوەن.
ئهم بابهته 7105
جار خوێنراوهتهوه