عەبدوڵا پەشێو شاعیرێكی بەناوبانگی كوردە. لە سالی١٩٤٦ لە ھەولێر لە دایك بووە. لە ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی كورد لە بەغداد بەشداری كردووە. لە ١٩٧٣ رۆیشت بۆ یەكێتی سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٧٩ ماستەری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانكۆی Maurice Thorez لە مۆسكۆ وەرگرت و ساڵی ١٩٨٤دوكتۆرای ئەدەبییاتی ھێنا كە تێزەكەی لەسەر شاعیر و نووسەری كورد پیرەمێرد بووە ساڵەكانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانكۆی ئەلفاتیح لە لیبیا مامۆستا بوو. پەشێو لە١٩٩٥ەوە دانیشتووی فینلاندە.
پەشێو یەكەم ھۆنراوەی لە ١٩٦٣ و یەكەم كۆمەڵە شیعری لە ١٩٦٧ بڵاو كردوەتەوە.
فرمێسك و زام (١٩٦٥-١٩٦٧)، چاپی یەكەم لە كەركووك ١٩٦٧.
بتی شكاو (١٩٦٧-١٩٦٨)، چاپی یەكەم كەركووك ١٩٦٨.
شەونامەی شاعیرێكی تینوو (١٩٦٨-١٩٧٢)، چاپی یەكەم بەغدا ١٩٧٢
دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێكی قەدەغە (١٩٦٩-١٩٧٣)، چاپی یەكەم بەرلین ١٩٩٧.
شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم (١٩٧٣-١٩٧٩)، چاپی یەكەم بەغدا ١٩٨٠.
برووسكە چاندن (١٩٨٠-١٩٨٨)، چاپی یەكەم سوید ٢٠٠٠.
بەرەو زەردەپەڕ (١٩٨٩-٢٠٠١)، چاپی یەكەم سوید ٢٠٠١.
پرێسكەی عاشقێكی زگماك، چاپی یەكەم كوردستان ٢٠٠٦.
دیوانی براكوژی، چاپی یەكەم ھەولێر ١٩٩٤.
پەشێو ھەروەھا بەرھەمەكانی چەندین نوسەر و شاعیری گەورەی جیھان وەك Walt Whitman و Alexandr Pushkin وەرگێڕاوەتەوە بۆ كوردی.
"نامەیەكی كراوە" ناونیشانی كۆمەڵێك هەڵوێستی "عەبدوڵڵا پەشێو"ە لە بابەت شیعرەوە كە لە قالبی نامەیەكدا بۆ برادەرێكی نووسیوە. هێند دەربڕینی برووسكاوێژی تێدایە پێم حەیف بوو تۆی شەیدای پەشێویش نەیبیستی...
نامەیەكی كراوە
هاوڕێم!
دیوانە شیعرەكەتم بە دەست گەیشت. خوێندنەوەی چەشنە بێگارێك بوو. تا من جارێك ئەوم تەواو كرد، ئەو هەزار جار منی تەواو كرد.
هاوڕێم گوێم لێ بگرە، هەر لەگەڵ تۆم نیە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
شیعری "تازە"ی كوردی لەسەر دەستی خواستراوی ئێوە خەریكە دەدۆڕێ. لە ریشەی خۆی پچڕاوە، نامەیەكە ئەدرێسەكەی ناخوێندرێتەوە، ناگاتە دەست خاوەنی خۆی. ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن شیعر، تەنكە ئاوێكی لێڵە، ئێوەش بۆقئاسا هەم لێی دەخۆنەوە، هەم تێیدا دەڕشێنەوە!
شیعر ـ یا قینێكی زۆر ئەستوورە، یا خۆشەویستییەكی زۆر تەنك: بە شیعری ئێوە نە ئاگری قینم كڵپە دەستێنێ، نە ئەستێرەی خۆشەویستی دادەڕژێنە ژوورەكەم.
هاوڕێم، هەر لەگەڵ تۆم نیە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
بە من بێ حوجرەیەكتان بۆ دەكەمەوە. هەمووتان داوێمە بەر خوێندن، بۆ ئەوەی لە بەیانیەوە تا ئێوارێ شیعری بەردەشانی و جزیری و خانی و حاجی و نالی و مەحوی و مەولەوی و گۆران و پیرەمێرد و هەردیتان بۆ بخوێنرێتەوە. ئێوارانیش، كۆمەڵێك هەقایەتخوان و لاوكبێژ و حەیرانبێژ و زوڕناژەن و دۆڵەنگێوتان بەگژەوە دەنێم تا تاریك و روونی بەیانیان لە بنگوێتان بخوێنن و "میزاجی كوردەواریتان" ببووژێتەوە.
هاوڕێم، هەر لەگەڵ تۆم نیە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
شیعر ـ كۆترێكی ماڵییە. حەز لە خوێندنی ناو حەوشە و بەر پەنجەرەی ماڵان دەكا: باڵی مەكەن.
شیعر ـ ئەسپێكی شێیە، هاوڕێی دێرینمانە: چوار پەلی لە مس مەگرن.
شیعر ـ مناڵێكی سادیستە، باوكی خۆی یا ئازار دەدا یا دەیكوژێ. ئەگەر زۆر دەربەستی تەمەنی درێژن، باشترە وەجاخكوێر بن.
شیعر ـ خەنجەرە، ئەوەی نایوەشێنێ، با هەڵینەكێشێ!
ئیمزا ـ برات عەبدوڵڵا پەشێو
تەمووزی 1978 ـ پۆتسدا
نمونەی یەكێك لە شیعرەكانی
سەربازی وون
كه وهفدێ دهچێته شوێنێ بۆ سهر گۆڕی
تاجهگوڵینهیهك دێنێ
ئەگەر سبەی وەفدێك بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسێ:
((كوانێ گۆڕی سەربازی ون؟))
دەڵێم:
((گەورەم!
لە كەناری هەر جۆگەیێ،
لەسەر سەكۆی هەر مزگەوتێ،
لە بەردەرگەی
هەر ماڵێ، هەر كڵێسەیێ، هەر ئەشكەوتێ،
لەسەر گابەردی هەر شاخێ،
لەژێر درەختی هەر باخێ،
لەم وڵاتە:
لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ،
مەترسە! كەمێك سەر داخە و
تاجەگوڵینەكەت دانێ!
ئامادەكردنی: سۆزان عومەر
ئهم بابهته 822
جار خوێنراوهتهوه