تۆفیق وەهبی بەگ
ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا

تۆفیق وەهبی كەسایەتییەكی گەورەی كوردە‌و وەك نوسەرو مێژوونوس‌و زمانناس خزمەتی بەكاروانی مێژوو ‌و ئەدەب‌و كەلتووری كوردی كردووە.

وەهبی لە 1ی كانونی دووەمی 1891 لەشاری سلێمانی لەباوەشی خێزانێكی خوێندەواردا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە.قۆناغەكانی خوێندنی سەربازی لەسلێمانی‌و بەغدا‌و ئەستەنبوڵ تەواو كرد‌و وەك ئەفسەر لە سوپای عوسمانیدا خزمەتی كرد.

دوای جەنگی یەكەمی جیهان گەڕایەوە كوردستان‌و عیراق وەك ئەفسەرێكی گەورە لەدامەزراندن‌و پەروەردەكردنی ئەفسەرانی سوپای نوێی عیراق رۆڵی دیاری هەبوو.

دواتر وەك پارێزگاری سلێمانی‌و وەزیری ئابووری‌و بەرگری‌و مەعاریف لە حكومەتەكانی سەردەمی پاشایەتی خزمەتی كرد.
لەسەرەتای ساڵی 1958 بووە ئەندامی ئەنجومەنی ئەعیان.لەدوای شۆڕشی 14ی گەلاوێژی 1958 عیراقی بەجێهێشت‌و لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گیرسایەوە‌و تا دوا رۆژەكانی ژیانی لەوێ‌ مایەوە.

تۆفیق وەهبی وەك نوسەرو مێژوونوس‌و زمانناسێكی كورد لەسەرەتای بیستەكان تا هەشتاكانی سەدەی رابردوو خزمەتێكی گەورەی بەگەلەكەی كرد.

لەو چوارچێوەیەدا خاوەنی چەندین كتێبی بەنرخە كەبەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی نوسیونی. لەدیارترین كتێبەكانی ئەمانەن( دەستوری زمانی كوردی، خوێندنی باو، فەرهەنگی كوردی-ئینگلیزی كە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەدمۆنز دای نابوو).
تۆفیق وەهبی لەسەرەتای حەفتاكانەوە ئەندامی فەخری كۆڕی زانیاری كورد بووە‌و لە گۆڤارەكەی كۆڕدا چەندین لێكۆڵینەوەی بەنرخی بڵاو كردۆتەوە.

ئەم كەسایەتیە گەورەیەی كورد لە 5ی كانونی دووەمی 1984 لەلەندەن كۆچی دوایی كرد‌و لەسەر راسپاردەی خۆی لەرێورەسمێكی شكۆداردا بەئامادەبونی جەنابی مام جەلال لەشاخی پیرەمەگرون بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی تۆفیق وەهبی بەگی نوسەر‌و مێژوونوس‌و وەزیر‌و ئەفسەر.
PM:01:53:02/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
زیاتر ...
Created by kurdsky.com
Copyright © 2015 khaktv.net. all rights reserved
[email protected]
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی خاك - ته‌له‌فزیۆنی خاك
0533201064       0533204134
   بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064     ..............    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     .................    بۆ پەیوەندی كردن بە سایتی خاك 07715343046 ... 07715343048 ([email protected])     ..............    بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ته‌له‌فزیۆنی خاك 3204134 .. 3201064