ئامادەكردنی :خەلیل عەبدولڵا
عەبدولكەریم ئەلیاس پۆڵس ئیبراهیم كە بەكەریمی عەلەكە ناسراوە، ساڵی 1867 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە.ئەو كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانیو كۆمەڵایەتی كوردستانەو بەخەمخۆرو فریادڕەسی هەژارانی شاری سلێمانی دادەنرێتو لەسەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانو قاتوقڕی سەفەر بەلكدا بەهانای هەژارانو نەدارانی ئەو شارەوە چووەو چەندان هاوڵاتی لەبرسێتی و مردن رزگار كردووە. بەوەش بەشانازییەوە ناوی لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژوودا تۆمار كراوە.
كەریمی عەلەكە پیاوێكی مەسیحی بووەو بەرەچەڵەك خەڵكی گوندی هەرمۆتەی نزیك شاری كۆیەن.
ئەلیاس پۆلسی باوكی كە بازرگانێكی گەورە بووەو كاری بازرگانی لەنێوان شارەكانی سنەو سلێمانیو كۆیەو بەغدادا كردووە، بەهۆی فراوانبوونی كارەكەیەوە بەباشی زانیوە كە خۆیو هاوسەرەكەی بێنە شاری سلێمانیو ئیدی لەوێوە كۆچیان كردووە لەگەڕەكی گۆیژە نیشتەجێ بوونو مناڵیان بووەو مندڵەكانیان لەم شارە گەورە بوون.
كەریمی عەلەكە یەكێك لەو مناڵانە بووەو كەسێكی زرنگو وریا بووەو خوێندنی تەواو كردووەو بێ لە زمانی دایك زمانەكانی كوردیو عەرەبیو فارسیو توركیو ئینگلیزی بەباشی زانیوە.عەلەكە هەمان رێچكەی كاری باوكی گرتۆتە بەرو بووە بەبازرگانو بازرگانێكی سەركەوتوو بووەو كاری بازرگانی لەنێوان سلێمانیو سنەو بەغداو شام كردووە.
عەلەكە كەسێكی دەستو دڵ باشو خێرخواز بووەو بەحاتەمی تەی سلێمانی ناسراوە. لەسەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانو نەهامەتی سەفەربەلكدا فریای هەژارانو لێقەوماوانی سلێمانی كەوتووەو دەیان خێزانی لەمردن رزگار كردووە، بەوەش مێژوویەكی پڕ لەشانازیو سەروەری بۆ خۆیو بنەماڵەكەی تۆمار كردووە.
هەربۆیەش وەك كەسایەتییەكی بەدیمەنی كۆمەڵایەتی لەهەموو لایەك رێزلێگیراو بووەو لەسەردەمی عوسمانییەكاندا پلەی دادوەری هەبووە لەدادگای سزای سلێمانی بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییو بازرگانییەكان.
ئەم كەسایەتییە گەورەیە جێگەی رێزو متمانەی مەلیكی كوردستان شێخ مەحموودی نەمر بووەو هەر بۆیەش كە لە 10ی تشرینی یەكەمی 1922 كابینەی حكومەتی پێكهێناوە، كەریمی عەلەكەی كردووە بەوەزیری دارایی.لەو رێگەیەوە عەلەكە خزمەتێكی زۆری بەحكومەتو خەڵك كردووە.
دوای تێكچوونی حكومەتەكەی شێخ مەحمود، كەریمی عەلەكە بەماڵەوە دەچێتە شاری كەركوكو لەویش خزمەتێكی زۆر بەخەلًَك ئەكات.
پاشان ئەچێتە شاری بەغداو لەوێ نیشتەجێ ئەبێو تا دوا رۆژەكانی ژیانی لەو شارە ئەمێنیتەوە.بەداخەوە ئەم كەسایەتییە نیشتمانیو كۆمەڵایەتییە گەورەیە، لە رۆژی 25ی كانوونی دووەمی 1948 لەشاری بەغدا ماڵئاوایی كردو لەگۆڕستانی كاسۆلیكی بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی كەریمی عەلەكەی كەسایەتیی نیشتمانیو كۆمەڵایەتیو فریادڕەسی هەژاران.